بەبێ رەزامەندی یەكتر لـێكجیابو

بەبێ رەزامەندی یەكتر لـێكجیابو
هەردووكیان لەبەردەم دادگادا
دوای هەشت نۆ دانیشتن و چوار مانگ دادبینی كردن، دوایین دانیشتن لەلایەن دادگاوە دیاریكراو ئاگاداری هەموو لایەنەكانی داواكەش كرایەوە كە لە رۆژی دیاریكراودا ئامادەبن، ئەوەبوو(سارە و نەوزاد) و دایك و باوكی نەوزاد و هەندێك لە خزم و كەسانی هەردوولاش ئامادەی رۆژی دادبینییەكە بوون، بۆ ئەوەی گوێ لە بڕیای دادگا بگرن.
لە كاتی دیاریكراودا كە بانگ كران(سارە و نەوزاد) پێكەوە چوونە ژوورەوە بۆ گوێبیست بوون لە بڕیاری كۆتایی دادگا.. ئەوەبوو دادوەرەكە دانیشتنەكەی دەستپێكرد و هەندێ رێككاری پێویست هەبوو وەریگرت و دوا قسەی لە هەردوولا وەرگرت و ئینجا بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرێتی هەر یەك لە (سارە و نەوزاد) كە پێنچ ساڵان پێكەوە وەك ژن و مێرد ژیانی هاوسەرێتییان بەسەر بردووە، پاش دەرچوونی بڕیاری دادگا(سارە) بە چاوی بە فرمێسك و گریانەوە هاتە دەرەوە و (نەوزاد)یش بەوپەڕی دڵتەنگی و خەمبارییەوە هۆڵی دادگای بەجێهێشت.
پارێزەری(نەوزاد) كە ناوی(ش.ع) بوو، بە هەردوولای گوت: ئێمە بڕیارەكە تەمییز دەكەینەوە دڵنیام لە بەرژەوەندی ئێمەش بڕیار دەردەچێ خەمتان نەبێت، ئێمەش بۆ زانینی هۆی لێكجیابوونەوەی ئەو ژن و مێردەی كە بەبێ رەزامەندی خۆیان لێكجیاكرانەوە پرسیارمان لە پارێزەر(ش.ع) كرد و پرسیمان:
وەك دەبینین ئەم دوو ژن و مێردە گەنجە بە بڕیاری دادگا لێكجیاكرانەوە و گرێبەستەكەیان هەڵوەشێندرایەوە، ئەمە لە كاتێكدا ژن و مێرد هەردووكیشیان بە بڕیارەكەی دادگا ناڕازین، وەك دەبینین ژنەكە دەشگریێ پیاوەكەش ئەوپەڕی خەمباری پێوە دیارە ، واتە ئەمانە یەكتریان دەوێ و بەیەك رازین، كەچی دادگا لێكی جیاكردنەوە دەكرێ بزانین كێشەی ئەم دوو ژن و مێردە چییە و دادگا بۆ ئەو بڕیارەی دەركردووە؟
- لە وەڵامدا پارێزەر(ش.ع) گوتی: راستییەكەی ئەم ژن و مێردە یەكتریان زۆر خۆشدەوێت و نزیكەی پێنچ ساڵیشە، ژیانێكی ئەوپەڕی تەبایی بەیەكەوە بەسەر دەبەن، ئەگەرچی تا ئێستاش منداڵیان نییە، بەڕاستیش هەردووكیان گەنجن و تەمەنیان : ژنە(24)ساڵە و پیاوەكەش(26) ساڵ. واتە جارێ ماوەی زۆریان لە پێشەوە بۆ منداڵ بوون ئەوە كێشەیان نییە، بەڵام كێشەكەیان باپیر و پورەكەیانە، خوشكی باوكیان، ئەم ژن و مێردە كە كچە پوور و كوڕە خاڵی یەكترین، كێشەكەیان باپیرە و دایكی كچەكەیە كە باپیرەكەیان دەڵێ: بەم دواییە دەركەوتووە بۆمان كە گوایە (نەوزاد) شیری دایكی(سارە)ی دراوەتێ و دایكی(سارە)ش دەڵێ منیش ئەمەم بەبیردێتەوە زۆر دڵنیام لەمە، باپیرەیان دەڵێ: شاهێد هاتوونەتە لای من كە بینیوویانە(نەوزاد) شیری دایكی(سارە)ی دراوەتێ، جا ئەگەر ئەمە راست دەرچوو ئەو وەختە ئەم ژن و مێردە بۆ یەك ناشێن و دەبێ لێكجیا بكرێنەوە، ئەگەریش وانەبوو ئەوە بەیەك دەشێن و هیچ كێشەیەك لە ئارادا نامێنێ... دیارە كێشەكە تۆزێك ئاڵۆزبوو، بەڵام چونكە قسەكە لەسەر وتەی شاهێد بینا كراوە بۆیە، دادگا دواجار قەناعەتی بە قسەی شاهێدەكان هاتووە و بڕیاری خۆی داوە، بەجیاكردنەوەی هەردووكیان لە یەكتری، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە مافی تانە لێدانمان هەیە و یاساش ئەو مافەی بۆ هەردوولایەنی داوا دەستەبەر كردووە، بۆیە ئێمە، چونكە بە حوكمەكە، دادگا رازی نەبووین، تا لە بڕیارەكە دەدەین و قەناعەتیشم بەوە هەیە دادگای باڵاتر حوكمی ئەم دادگایە هەڵوەشێنێتەوە و لەبەرژەوەندی ئێمە بڕیار دەربكات..
هۆی راستەقینەی مەسەلەكە چییە؟
ئێمە مەسەلەكەمان تا رادەیەك پێ سەیر بوو، هێشتاش بە تەواوەتی بەناوەڕۆكی كێشەكە ئاشنا نەبووین بۆیە بە باشمان زانی لەگەڵ مێردەكە(نەوزاد) گفتوگۆ سەبارەت بە كێشەكەیان بكەین، ئەویش بەم شێوەیە بۆمان دواو و گوتی:
ئەو كێشەیە بەڕاستی باپیرم دروستی كردووە، ئەگینا ئێمە وا پێنچ ساڵە ژن و مێردی یەكترین، بۆ تا ئێستا هیچ لە ئارادا نەبوو، ماوەیەك دەبێ نێوان باوكم و باپیرەم خۆش نییە، باپیرەم زۆر حەز دەكات هەر خۆی تاكە دەسەڵاتدار و حاكم بێت و گەورەی هەمووان بێت، ئینجا خۆشت دەزانی مۆدیلی ئەو جۆرە دەسەڵاتدارێتییەی باپیر و تەنانەت باوكیش نەماوە، من و (سارە) پێش ئەوەی ژیانی هاوسەرێتی پێكبێنین یەكتریمان خۆش دەویست، باوكیشم زۆر حەزی دەكرد(سارە) بۆمن بخوازێت، چونكە دەیزانی كچێكی تا بڵێی باش و رەوشت بەرز و ئاكار و جوانە، هەروەها دەشیزانی كە ئێمە دڵمان بەیەكەوەیە، بەڵام باپیرەم دەیویست(سارە) بۆ كوڕە زایەكی دیكەی خۆی بێت، ئەوەی كە لەسەر رێگەی ئێمە دەوەستا دایكی(سارە)ش بوو، ئەویش حەزی دەكرد بە ئارەزووی باوكم نەبێت، چونكە خۆشی لە دایكم نەدەهات، هۆیەكەی چی بوو؟ نازانم بەڵام ئەوەندە دەزانم دایكم ئەو ناحەزییەی دایكی (سارە)ی بە هەند هەڵنەدەگرت و هەر بایەخیشی پێ نەدەدا، بەڵام نێوان باوكی من و باوكی(سارە) زۆر خۆش و گەرم و گوڕ بوو، باوكم كە دوو بە دوو، بێ ئەوەی جارێ كەس، تەنانەت منیش، بەمەسەلەكە بزانێ، لەگەڵ باوكی (سارە) قسەی كردبوو، باوكی(سارە) بەخۆشحاڵییەوە رازی ببون بۆیە لە نێوان باوكم و باوكی(سارە) مەسەلەكە بڕابۆوەـ كە داخوازیشمان كرد، باپیرەم ناڕەزایی بوو هەندێ بۆڵە بۆڵ و قسەی تووندی كرد، بەڵام سوودی نەبوو، كارەكە، بە ناڕەزایی بوونی دایكی(سارە) و باپیرەم سەری گرت و ئەوانیش دواجار هیچیان پێنەكرا، بۆیە بۆ مەسەلەی مارەكردنەكەش نەهات و ئامادەنەبوو، تەنانەت لەگەڵ باوكیشم قسەی نەما، پاشان پاش یەك دوو ساڵان تۆران و لەیەك زیز بوون، خزم و كەس كەوتە نێوانیان و ئاشتیانكردنەوە ئەوەبوو پێكهاتنەوە، بەڵام نزیكەی ساڵێك بەر لە ئەمڕۆ باپیرەم داوای كردبوو كە(كەژاڵ)ی خوشكم بدرێتە یەكێك لە برازاكانی ئەوەی كە پێشتر دەیویست(سارە)ی بدرێتێ، باوكم گوتی: ئەگەر(كەژاڵ) رازی بێ، منیش رازی دەبم و لاریم نییە باوكم پرسیاری لە(كەژاڵ)ی خوشكم كرد؟ ئەو گوتی: من دەرچووی كۆلێژم و ئەویش تەنیا سەرەتایی تەواوكردووە، پاشان چ كاروكاسبییەكی وەهای نییە شایەنی باس بێت و من ئەو زۆر لەیەك دوورین و حەزی پێناكەم.
باوكیشم بە باپیرەمی گوت: (كەژاڵ) حەز ناكات مێردی پێبكات و منیش بە زۆر بە مێردی نادەم، ئەو وەڵامە باپیرەم توڕە دەكات و سوێند دەخوات كە شتێك بكات تا باوكم ماوە خەفەتی پێبخوات، ئەوەبوو ئەو كێشەیەی نێوان من و(سارە)ی خوڵقاند، سەیر لەوەدایە دایكی(سارە) سوێند دەخوات دەڵێ: من شیرم داوە بە(نەوزاد) جاران ئەو شتەم لە بیركردبوو، بەڵام هێنایانەوە گۆڕێ بە بیرم هاتەوە، بۆیە رێگە نادەم چیتر ئەوانە ژن و مێردی یەكتر بن، شایەتەكانیش هاتوونە بابەتێكی(24) ساڵ پێش ئێستا وەك فلمێكی سینەمایی دەگێڕنەوە كە گوایە دایكی(سارە) شیری داومەتێ، نازانم ئەو ژنە كە خەسووشمە بە چ حەقێك قسەیەكی وا دەكات و سوێندیشی لەسەر دەخوارد كە تا ئێستا خۆی لێ بێدەنگ كردبوو، ئەی ئەو شایەتانە، ئەوانە چۆنە ئێستا بیرەوەری و یادەوەرییان وەها بەكاركەوتۆتەوە و پێشتریش خۆیان كڕكردبوو، بە هەرحاڵ لەسەر قسەی ئەمانە و دانپیانانی دایكی(سارە) دادگا بڕیاریدا بەجیاكردنەوەی من و(سارە) لەیەكتر... ئێمەش چاوەڕێ دەكەین هەتا دەرەنجامی تا نەگرتنمان دێتەوە ئەوسا ئەگەر لەبەرژەوەندی ئێمە نەبوو، قسەیەكی لێدەكەین، هەروا بێ دەنگ دانانیشین.
Top