(ئیبراهیم) چۆن ژنەكەی كوشت؟

(ئیبراهیم) چۆن ژنەكەی كوشت؟
رووداوو بەسەرهاتەكانی ژیان هێندە زۆر و جیاوازن مرۆڤ بە بیستنی هەندێكیان تووشی سەرسام و شۆك دەبێت، هەندێ جار مرۆڤەكان كاری وا نابەجێ دەكەن كە دوورە لە هەموو یاسا و ریسا و بەهایەكی مرۆڤایەتی، هەر بۆیە دەكەونە بەر نەفرەتی خاو و خەڵك، وەك ئەم رووداوەی كە ماوەیەك پێش ئێستا لە یەكێك لە گوندەكانی دەوروبەری شاری هەولێر روویداوە، دەبا بزانین ئەو پیاوە چۆن و لەبەرچی ئەو تاوانەی كردووە؟
دە ساڵ پێش ئێستا(ئامینە و ئەحمەد) هەروەكو زۆر لە كوڕ و كچانی گوند لە ئاهەنگێكی قەشەنگی گەورەی كوردەواری ژیانی هاوسەرگیری پێك دەهێنن و دەچنە نێو ئەم ژیانە نوێیەوە، سەرەتا ژیانێكی خۆش و بەختەوەر دەگوزەرێنن، (ئەحمەد) كوڕێكی كاسبە و لە گوندەكەی خۆی خەریكی كاری كشتوكاڵی بوو، واتە بەهێز و بازووی خۆی نانی خێزانەكەی پەیدادەكرد و هەردەم هەوڵی دەدا كە خۆش گوزەرانی بۆ خێزانەكەی دابین بكات، بۆیە شەو رۆژی دەخستە سەریەك ، بەڵام پاش دوو ساڵ لە ژیانێكی هاوسەرگیری هێمن(ئامینە) پەیوەندی لەگەڵ پیاوێكی دیكە پەیدا دەكات ، رۆژێك و دووان خەڵكی گوند بەو پەیوەندییە دەزانن بەڵام(ئەحمەد) لێی بێ ئاگادەبێت، بۆیە خەڵكەكە بەهەر جۆرێك بێت هەواڵی ژنەكەی بە پیاوێكی دیكەی پێ رادەگەیەنن، سەرەتا(ئەحمەد) نایەوێت راستەوخۆ بڕیارێك بدات دواتر لێی پەشیمان ببێتەوە، لە دڵی خۆیدا دەڵێت: باشتر وایە من لە دوورەوە چاودێری ژنەكەم بكەم و بزانم تا چەند قسەی ئەم خەڵكە راستە، بەڵام هەر كە دایك و باوكی(ئەحمەد) بەو شتە دەزانن ماوە نادەنە(ئەحمەد) بۆ چاودێری كردن و وردبوونەوە لە رووداوەكە بەڵكە راستەوخۆ پاڵەپەستۆی دەخەنە سەر بۆ ئەوەی ئەم ژنە تەڵاق بدات، دەڵێن خوای گەورە تۆی زۆر خۆشویستووە، تا ئێستا منداڵی لەم ژنە نەداوە پێت، هەر بۆیە (ئەحمەد) دوو شایەد لەگەڵ خۆی دەبات و دەچنە لای مەلای گوند، هەروەكو چۆن لە دەرەوەی دادگا مارەی بڕیبوو بەمجۆرەش لە دەرەوەی دادگا تەڵاقی دەدات، هەر چەندە ماڵی باوكی(ئامینە) دەیانەوێت راستی تەڵاقدانە كە بزانن بەڵام(ئەحمەد) راستیەكە دەشێوێنێ و لێیان دەشارێتەوە و بێ كێشە و گرفت كۆتایی بەم مەسەلەیە دەهێنێ لێرەوە ژیانێكی نوێ بۆ هەردوولا دەست پێدەكاتەوە، (ئەحمەد) ژنێكی دیكە دەهێنێت و(ئامینە)ش مێردی دووەمی دەكات، شوو بەو پیاوە دەكات كە پێشتر پەیوەندی لەگەڵ هەبوو، رۆژگار دێت و دەڕوات(ئامینە) دەبێتە دایكی سێ منداڵ بەڵام بەداخەوە هیچ كات وانەوپەند لە هەڵەی پێشووی وەرناگرێت، كە بووە، هۆی ناو زڕاندن و ئابڕوچوونی لە نێو خەڵكی گوند ، و ئەو هیچ كات وەك ئافرەتێكی مێردار و خاوەن منداڵ بیر ناكاتەوە بەڵكو بیركردنەوەی زیاتر بە كچێكی هەرزەكاری چاو لە دەردەچێت و ئەو خوو رەوشت و هەڵسووكەوتەی كە پێش شووكردنی یەكەمی هەیبوو هەر دەیمێنێ ، دوای سێ منداڵیش هەر واز لەم كارە نابەجێیەی ناهێنێت ئەمجارەیان پەیوەندی لەگەڵ ناسیاوێكی مێردەكەی دادەمەزرێنێ كە نیشتەجێی شارە و خێزاندارە و باوكی حەوت منداڵە، پیاوەكە بە بەردەوامی هامۆشۆی ماڵیان دەكات.
رۆژی كوشتنی(ئامینە) و دۆستەكەی
ئەو رۆژە ئەو پیاوە لەگەڵ مێردەكەی(ئامینە) دێنەوە ماڵێ تا نزیك بانگی عەسر لەوێ دەمێننەوە مێردی(ئامینە) نیازی چوونە شاری دەبێت، پیاوە میوانەكەش پێی دەڵێت ، بۆ هەركوێیەك بچی دەتگەیەنم و ئەگەر حەزدەكەی ئیشی خۆت تەواو بكە دەتگەڕێنمەوەش، هەتا شاری دەبات بەڵام هەر زوو خۆی بە تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ گوند و دەچێتە لای( ئامینە) با لێرەوە(ئامینە) و دۆستەكەی بەجێ بهێڵین و بگەڕێینەوە لای و مێردەكەی(ئامینە) و بزانین ئەو پیاوە چۆن و بۆچی هەر زوو لە شار دەگەڕێتەوە، ئایا گومانی ئەوەی هەبووە كە ئەم پیاوە پەیوەندی لەگەڵ ژنەكەی هەیە؟ یان دراوسێكان ئەمەی پێی رادەگەیەنن و پەیوەندی پێوە دەكەن بە هەرحاڵ كە دەگەڕێتەوە ماڵ و دەچێتە ژوورەوە هەروودكیان واتە ژنەكەی و دۆستەكەی بە رووتی لە باوەشی یەكتردا دەبینێ كاتی ئەو دیمەنە بەمجۆرە دەبینێ چاوی تاریك دەبێت و دەست دەداتە چەكەكە و لوولەی ئاراستەیان دەكات هەر لەوێ هەردووكیان دەكوژێت و كۆتایی بە ژیانیان دەهێنێت، هەر بۆیە بە باشمان زانی زاری (ئیبراهیم) مێردی دووەمی (ئامینە) چۆنییەتی ئەم رووداوە بزانین، كە ئێستا دەستبەسەرە لە بەندیخانە و دانیشی بە تاوانەكەی ناوە و بە تۆمەتی كوشتنی دووكەس گیراوە دوور نییە ماددەی(406)ی یاسای سزاكانی عێراقی ساڵی 1969 بەسەردا بسەپێندرێ بە هەرحاڵ (ئیبراهیم) گوتی: بەداخەوە دوای ئەو هەموو خۆشەویستییەم بۆ خێزانەكەم و هاوسەری ژیانم و دایكی منداڵەكانم ئەو بەمجۆرە پاداشتی دامەوە ئافرەتێك كەوا نۆ ساڵە ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ من پێكهێناوە و لە رێزو خۆشەویستی پتر هیچی دیكەم بۆی نەبوو، كەچی ئەو خیانەتم لێ دەكات لەگەڵ كێش لەگەڵ نا پیاوێكی ناسیاوم من هەركاتێك ئەمەم دیتەوە بیر خەریكە مێشكم رادەوەستێ هەر بۆیەش كە دیمەنی خیانەتی ئەوم بینی چاوم تاریك بوو، دەستم برد بۆ چەكەكەم و چەند گوللەی تێدابوو هەمووم لە جەستەی ئەوان بەتاڵ كرد هەر كەسێكی دیكەش لە شوێنی من بووایە بە تەئكید هەر وای دەكرد، چونكە مرۆڤ كاتێك دیمەنێكی لەمجۆرە ببینێ چۆن دان بە خۆیدا دەگرێ؟ هەڵبەتە دڵی ئاو ناخواتەوە تا كوڵی دەروونی خۆی پێیان دانەڕێژێت ، ژنێك بێت و ماوەی نۆ ساڵ لەگەڵ من بێت خیانەتم لێ بكات، چۆن دەهێڵم، جارێكی دیكە هەوای ئەم دنیایە هەڵمژێت، چۆن كۆتایی بە ژیانی ناهێنم! من ئێستا دان بەتاوە نەكە دادەنێم و بەو سزایەش رازیم كە دادگا بەسەرم دا دەسەپێنێت ئەگەر سێدارەش بێت.
Top