كێ پارە و زێڕەكانی ماڵی حەمیدی د

كێ پارە و زێڕەكانی ماڵی حەمیدی د
دەوروبەری كاتژكێر(9)ی بەیانی بوو، كە(حەمید) لە خەو هەڵسا و چووە لای دەستشۆرەكەوە، ئاوێك بەدەموچاوی دابكات، كە زەنگی مۆبایلەكەی لێیدا، دەمووچاو ششتنەكەی دواخست بۆ ئەوەی وەڵامی مۆبایلەكە بداتەوە، كە هەڵیگرت تەماشایەكی شاشەكەی كرد و زانی كە(ئاكام)ی بەڵێندەرە دوای چاك و چۆنی بەڵێندەرەكە داوای ئەو بڕە پارەیەی كرد كە بەهۆی جێبەجێكردنی كارە تازەكەیانەوە دەبوو بۆی ببات، ئەویش بەڵێنی پێدا كە پێش نیوەڕۆ خۆی پارەكەی بۆ دەبات و خودا حافیزیان لەیەك كرد، دوای داخستنی مۆبایلەكەی چووەلای دەستشۆرەكە و دەمووچاوی شت و پاشان لە ژوورەكەی خۆی جلوبەرگی خۆی گۆڕی و بەرەو دەرگای كانتۆریەكە رۆیشت كە ئەو بڕە پارەیە دەربێنێ كە دەچوو بۆ بەڵێندەرەكەی بیبات، دەرگای كانتۆڕەكەی كردەوە و چاوی زەق بۆوە، ئەوە بۆچی ئەو جلوبەرگانە وەها تێكدراون و دەستی بۆ ژێر جلەكان درێژكرد و سندوقی بچووكەكەی دەرهێنا و كردییەوە بینی نە پارەكان ماون نە زێڕی ژنەكەشی، یەكسەر شپرزە بوو، تاقەكانی تری كانتۆرەكە گەڕا،جلەكنی هەموو پشكنی، بە كورتی هەر چوار دەرگای كانتۆرەكە گەڕا بەڵام نە پاڕە نە زێڕەكە نەدیترانەوە، ئیتر بە تەواوەتی شڵەژا، دەمی وشك بوو، رەنگ و رووی لەبەر نەما، سەرو دڵی توند بوو... ئاخر سێ دەفتەر دۆلار و شەست مسقاڵ زێڕ كەم نییە، چاوی سپی بووە تا ئەو پارە و زێڕەی دەستكەوتووە، نەیدەزانی چی بكات، یەكسەر بانگی(ئاواز)ی ژنی كرد، چەند جارێك بە دەنكێگی بەرزەوە بانگی كرد(ئاواز) لە مەتبەخەكە بوو خەریكی ئامادەكردین بەرچایی بوو، بە پەلە پرۆزێ چووە ژوورەكەی(حەمید) و گوتی: چییە پیاوەكە وا شڵەژاوی، ئەو هات و هاوارەت لە چییە بەم بەیانییە..؟(حەمید) هەر ئەوەندەی پێكرا بڵێ: كچێ هاتوهاواری چی نە پارەكە و نە زێڕی ماڵەوە دیار نەماون و دزراون، ئەوەندە بەس بوو كە(ئاواز) لەخۆی بدات، بڵێ(وەی كوێر بم وەڵڵا دزراوە چەندی بەدوان قسەیان كرد و مەسەلەكەیان هەڵگێڕ و وەرگێڕكرد، چەندی شوێنی دیكەی ماڵەكە گەڕان لەیەك دەرەنجام ، لەیەك ئاكام زیاتر چیرت نەبوو، ئەویش ونبوونی پارە و زێڕەكان بوو.
سكاڵاكردن
(حەمید و ئاواز) بە شپرزەییەوە، بەپەلە خۆیان گەیاندە بنكەی پۆلیس و سكاڵایان تۆماركرد كە دزیان لێكراوە ، كێ كردوویەتی، كەی كراوە؟ دوو پرسیاری سەرەكی بوون دەبوو بزاندرێ.. یەكەم پرسیاری ئەفسەری لێكۆڵینەوە دوای ئەوەی كۆنووسی كردەوە و گوتەی هەردووكیانی وەك داخواز وەرگرت، لە(حەمید) ئەوەبوو سكاڵاو گومانت لە كێیە؟ بەڵام(حەمید) لەم پرسیارە زۆری هەست بە شەرمەزاری و تەریقبوونەوە كرد، بۆیە داوای لە ئەفسەرەكە كرد كە بەتەنیا لێكۆڵینەوە و پرسیاری لێبكات، با خێزانەكەی بچێتە دەرەوە، ئەوەبوو(ئاواز) چووە دەرەوە و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی ئەفسەرەكەی دایەوە و گوتی: راستییەكەی هیچ دەرگا و پەنجەرەیەكی ماڵەكەمان نەشكاوە، لە چەند كەسێكیش بتڕازێ گومانم لە كەسی تر نییە، چونكە تا دوێنێ نیوەڕۆش كە لە ماڵ هاتمە دەرەوە هەر لە ماڵ لە ناو كانتۆرەكە لە ناو سندووقەكە بوو، خێزانم و منداڵەكانم لە ماڵ نەبوو، هیچ خزم و میوان و برادەرێكیشم، یا كەسێكی بێگانە نەهاتۆتە ماڵمان، بۆیە گومانێكی زۆر بەهێزم لەو سێ كەسە هەیە كە دوێنێ تا درەنگی شەو لە یانە میوانیان بووم و داوەتیان كردبووم، هەر چەندە لەوانەشە گومانەكەم راست نەبێت ئەوسا ئەگەر راست نەبووم شەرمەزای دنیا و قیامەتیان دەبم و لە ئاستیاندا گوناهبار دەبم، بەڵام چەندی سەر دێنم و سەر دەبەم ناتوانم جگە لەو سێ كەسە ناویان(هادی و ئەنوەر و كەرخی)یە، گومان لە هیچ كەسێكی تر بكەم، چونكە پێش هەفتەیەك چەند جارێك هاتنە ماڵمان و مامەڵە و مامەڵەكاریمان پێكەوە هەبووە و لە پێشیشیان دوو سێ جاران پارەم لە ناو ئەو سندوقە داناوە كە تیایدا دزراوە، بێجگە لەوەش ئەوە هی كەسێكی ناو ماڵیشمان نییە، چونكە منداڵەكانم گەورەكەیان تەمەنی (13) ساڵانە و شتی وا قەت ناكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڕاستی هیچ بەڵگەیەكم لە دەست نییە و لە دژیان كە بیسەلمێنێ ئەوان دزیویانە، تەنیا گومانم لێیان هەیە، بەڵام گومانێكی بەهێز.
لەبەردەم لێكۆڵینەوەدا
(م.م) ئەفسەرێكی بە توانا و بە ئەزموون بوون لە دەیان تاوانی لەو شێوەیەدا لێكۆڵینەوەی كردووە و بەسەرەنجامیشی گەیاندوونە، ئەو لەمەڕ ئەو كێشەیەو چۆنییەتی ئاشكراكردنی دزەكان بەمشێوەیە باسەكەی بۆ گێڕاینەوە و گوتی: كە سكاڵاكەمان تۆماركرد و گوفتاری خاوەنی ماڵەكەمان وەرگرت، تیمێكمان رێكخست بۆ ئەوەی پشكنینی شوێنی رووداو بكەین و پەنجە مۆرەكان لەسەر دەرگا و شوێنە گومانلێكراوەكان هەڵگرین، كە دیتمان هیچ شتێك نەشكاوە و ساغن گومانمان بۆ كەسێك كە شارەزای ماڵەكەیە زۆرتر چوو، دیارە دەبێ ئەو دزە شوێنی پارەكەش بزانێن ئەگینا ناچار دەبوو دەرگایەك یا پەنجەرەیەك بشكێنێ، هەر چۆنێك بێت ئێمە دوو رۆژان خەریكی لێكۆڵینەوە بووین و چاودێرییەكی باشی ئەو كەسانەشمان كرد كە(حەمید) گومانی لێهەبوون، ئێواران دەچوونە یانەیەكی شەوان دەیانخواردەوە و لەوێوە چاودێریمان دەكردن بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن.
لە شەوی سێیەمی چاودێرییەكەمان، لەسەر دابەشكردنی بڕە پارەیەك كە نەماندەزانی هی چییە بووە مشتومڕ و لێكدانیان، خەڵك لەوێ كەوتنە ناوبژیوانیان لێكیان كردنەوە و یەكێكیان رۆیشت، ئێمەش بەدواداچووین، دیتمان دەیەوێ بچێتە ئەو بنكە پۆلیسەی كە لە یانەكەوە نزیكەوە، زانیمان دەیەوێ شتێك ئاشكرا بكات، ئەوەبوو خۆمان گەیاندێ و وەك پۆلیس خۆمان پێناساند، ئەویش گوتی: دەمەوێ شكایەت لە دوو كەسی دز بكەم و بە گرتنیان بدەم، زانیمان مەسەلەكە بەچی دەگات، تیمێكمان ناردە یانەكە و چاوەڕوێی بڕیاری دەستگیركردن بوون، ئێمەش ئەو كەسەمان بردە.
بنكەكەمان و قسەمان لەگەڵ كرد و پاشان گوتی: من ناوم(كەرخی)یە و من و دوو هاوڕێی دیكە كە ناویان هادی و ئەنوەر)ن، هاوڕێ و هاوبەشی كەسێكین ناوی (حەمید)ە و پێرێ شەو بڕە پارەیەك و كۆمەڵێك زێڕی لێدزراوە و(هادی و ئەنوەر)یش دزییەكەیان كردووە، ئەمنیش نەمزانی ئەوانە بۆ ئامانجی خۆیان منیان بەكارهێناوە تا ئەمشەو زانیم و بەخۆیان ئاشكرایان كرد، كە لەسەر دابەشكردنی پارە و زێڕەكە لێیان بووە شەڕ(ئەنوەر) دەیگووت با پارەكە و زێڕەكە هەردووكیان پێكەوە، بەش بكەین، كەچی (ھادی) دەیگووت:
نەخێر من چوومە پارە و زێڕەكانم دەرهێناوە تەنیا زێڕەكەت دەدەمێ و ئەویتر بۆ خۆمەوە، لەسەر ئەوە ببووە شەڕیان و تاوانەكەیان بەخۆیان ئاشكرایان كرد، بەڵام بێ ئەوەی بەخۆم بزانم منیشیان خستبووە ناو تاوانەكەیان، بەمنیان گوت: ئێمە ئەمشە و (حەمید) داوەت دەكەین، تۆش داوەتمان بەو لەگەڵمان بە(حەمید) هاوڕێی و هاوبەشمانە وبەهۆی ئەوەوە قازانجمان كردووە، بۆیە حەزمان لێیە داوەتی بكەین ئینجا رۆژی پێشتر(حەمید)یان ئاگاداركردبۆوە، كە داوەتی دەكەن، بەڵام بێ ئەوەی نیازی خۆیان بەمن بڵێن، ئەمشەو كە لێیان بووە بەشەڕ زانیوومە و لەوەشەوە ئاشكرابووكە(هادی) دەیگووت: باشە(ئەنوەر) كێ بوو چووە ناو ماڵەكە من بووم یان تۆ؟ تۆ هەر ئەوەندەت كرد كە لە ناو ماڵەكە پاسەوانی بكەی و ئاگاداربیت نەوەك كەسێك بێت، هەر ئەوەندە بوو ئیشەكەت ئیتر بۆچی بە زێڕەكان ناڕازی(ئەنوەر) یش دەیگوت: من نەخشەكەم داناوە و من كارەكانم دابەشكردن و گوتم با(كەرخی) لێرە لەگەڵ(حەمید) دابنیشێ تا خەریكی دەكات و ئێمەش لە ماوەی نیو كاتژمێر كە رووخسەتیان لێوەردەگرێ كارە كە دەكەین، ئیدی لەمەو لێیان دەبێتە مشتومڕ و ئاشكرا دەبێت، منیش كەوتمە شەڕ لەگەڵیان، كە بۆچی شتێكی واتان كرد و منیشتان بەجێهێشت هەر چەندە هەڕەشەی كوشتنیشیان لێكردم كە ئەگەر هیچ قسەیەك لای هەر كەسێك بكەم.
ئاشكرابوونی دزییەكە
(م.م)ی ئەفسەری لێكۆڵینەوە بەردەوام دەبێ لەسەر باسكردنی وردەكارییەكانی گرتنی دەزكان و دەڵێ: كە(كەرخی) شتەكانی ئاشكراكرد، یەكسەر بەبێ تەل پەیوەندیم بە تیمەكەی ناو یانەكە كرد كە ئەو دوو كەسە كە ناویان(هادی و ئەنوەر) دەستگیربكەن دەیانهێشتە ناو بنكەی پۆلیس، ئێمەش دەستمان بە تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكە كردن كە ئەوانیان هێنا ئەگەرچی تۆزێك سەرخۆشیش بوون، بەڵام دەمودەست هەردووكیان بەویستی خۆیان دانیان نا بە تاوانەكە و ورەیان رووخا بەتایبەتی كە پێمان گوتن ، ئێوە بەسەر خۆشی لەسەر پارە و زێڕە دزراوەكە بۆتە شەڕتان ، ئێوە نەخشە و پیلانتان داناوە كە دزی لە هاوڕێیەكی خۆتان بكەن كە شەریكتانە و بەهۆی ئەوەوە بڕە پارەیەكی باشیشتان قازانج كردووە كە لە جیاتی چاكەدانەوە دزیشیتان لێكردووە، ئینجا بۆمان دەركەوت كە(كەرخی) یان بەكارهێناوە بۆ مەرامی خۆیان بێ ئەوەی ئەو بەخۆی بزانێت، لەسەر ئەوەی كە (كەرخی) هەر كە بە تاوانەكەی زانیوە یەكسەر هاتۆتە لای پۆلیس و ئاشكرای كردووە ئینجا پەڕاوی لێكۆڵینەوەمان بۆ هەردو تۆمەتبار(هادی و ئەنوەر) كردەوە و رەوانەی لای دادوەرمان كردو و ئەویش یەكسەر فەرمانی دەستگیركردنی دان و بڕیاریدا لێكۆڵینەوەی تەواو لە رووداوەكە بكرێت، پاشان دەستمان گرت بەسەر پارە و ژێرەكە كە ئاگاداری(حەمید) مان كردەوە كە دزەكان گیراون و پارە و زێڕەكەش دەستیان بەسەرداگیراوە بە خۆشیان خەركی بوو باڵ بگرێت، بەیانییەكە كە هاتە بنكە باوەڕی نەدەكرد و دەیگوت توخوا پارە و زێڕەكانمان وەرگیراونەتەوە ئێمەش بۆ ئەوەی بە تەواوەتی دڵنیابێت كە لە ناو نایلۆنێكی تایبەتیمان دانابوو، نیشانیماندا ، پاش ئەنجامدانی هەندێ رێككاری یاسایی پێویست بڕیاردرا ئەمانەتەكە بدرێتە خاوەنەكەی واتە بدرێتە(حەمید) ئینجا داوامان لێكرد كە بێت سكاڵای خۆی بنووسێ كەچی ئەو گوتی: لە راهی خودا لێیان خۆش دەبم و وازیان لێدێنم، بەڵام یاسا چییان لەگەڵدا دەكات كەیفی خۆیەتی و زۆریش مەمنونی(كەرخی)م كە ئەم دزییەیانی ئاشكرا كرد، ئەوەبوو دوای مانگ و نیوێك مانەوە لە بەندیخانە بە دەستەبەری كاتی ئازادكران تا رۆژی دادگایی كردنیان كە رۆژی دادگاییشان هات دادگا دوای هەڵسەنگاندنی هەموو بەڵگەكان بەتایبەتی دانپیانانی خۆیان بڕیاریدا دوو ساڵ زیندانی بكرێن.
Top