ستیڤانی فەقیه: ئێستا سەردەمی گۆرانیی سینگلە
لەدیمانەیەكی تایبەت بە گوڵان هونەرمەند ستیڤانی فەقیه دووپاتیدەكاتەوە ئەو هەمیشە لە ڕێگەی ڕاستی هونەر بەردەوام دەبێت و سڵاوێكی بێپایانیش ئاراستەی گەلی كورد دەكات و هیواخوازە ڕۆژێك بەدیداری ئەو گەلە شاد ببێت.
بەیرووت : فابیان عۆن
* بەشداریكردنت لەبەرنامەی ستۆدیۆی هونەر چیی پێ بەخشییت؟
- متمانەیەكی زیاتری پێ بەخشیم و لەوە فێربووم چۆن لەبەردەم كامێرا بوەستم و لەگەڵ گوێگراندا ڕاستەوخۆ گۆرانی بڵێم و شارەزاییەكی باشیشم پەیدا كرد و ئێستا دەزانم چی بۆ دەنگی من باشە و دەگونجێ، بەڵام ئەو پرسەش لە ڕاوێژكاریی كەسانی نزیكیش بەدەر نییە.
* ئەو بەرنامەیە تەنیا میدالیایەكی زێڕ و چەند ئامۆژگارییەكی پێ بەخشیت، تۆ لێی پەشیمان نیت؟
- بەپێچەوانەوە من شانازیی پێوە دەكەم و بەهەنگاوی یەكەمی ڕێگای هونەریمی دادەنێم، ئەو هەنگاوەی منی لەڕێگەی ڕاست دانا و ئەوەی ماویشە بەرپرسیارێتیی خۆمە كە بزانم چۆن خۆم وەپێش بخەم.
* ناكۆكییەكانت لەگەڵ سیمۆن ئەسمەر هۆكارەكەی چی بوو؟
- با هەموو لایەك لەوە دڵنیا بێت هیچ ناكۆكییەك لەنێوان من و سیمۆن ئەسمەردا نەبووە و ئێمە بەشێوەیەكی دۆستانە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نێوانمان ڕێككەوتین.
* گوتنی گۆرانیی تاك یاخود سینگل بڕیاری خۆت بوو یان بەڕێوەبەری كارەكانت؟
- كەس نكۆڵی لەوە ناكات كە ئێستا سەردەمی گۆرانیی سینگلە، بەبۆچوونی من ئەوە باشترین ڕێگایە بۆئەوەی بتوانین مافی تەواوی كارەكە بدەین و منیش زۆر متمانەم بە مستەفا فەقیهی بەڕێوەبەری كارەكانم هەیە كە هەمیشە ڕەچاوی بەرژەوەندییەكانم دەكات و هەمیشە لەڕیزی پێشەوەم دادەنێت.
* گۆرانیی یەكەمت لەبەرهەمهێنانی خۆت بوو لەبەرچی؟ ئایا كەسێك نەبوو متمانەی بەتوانای تۆوە هەبێت؟
- هۆكارەكە دیارە، كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان تەنیا ڕەچاوی بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان دەكەن بۆیە پێویست بوو یەكەمین كارم لەبەرهەمی خۆم بێت ئەگینا تا ئەمڕۆ لەماڵەوە دەبووم و دەبوایە چاوەڕوانی دەستپێشخەریی كۆمپانیایەك بكەم، ئەوەشیان ناكرێ و سوپاس بۆ خوا بەڕێوەبەرێكم دۆزییەوە كە متمانەی بەتوانامەوە هەبێت.
* گۆرانیی «غیرلی عمری» پێشكەشی كێی دەكەی؟
- پێشكەشی هەموو ئەو كەسانەی دەكەم كە یارمەتییان دام و گۆڕانكارییان لەژیانی مندا كرد و پاڵپشتم بوون.
* كام ڕەنگ لەدڵتەوە نزیكە؟
- ڕەنگێكی تایبەتم نییە، بەڵام زیاتر حەزم لەڕەنگی كلاسیكییە.
* كام هونەرمەند لای تۆ پلە یەكە و بەپێشەوای خۆتی دادەنێیت؟
- هونەرمەندی گەورە ماجیدە ئەلرومی.
* باسی ئەوەت كرد كە تۆ بەدوای گۆرانییەك دەگەڕێیت كە كۆڵەگەكانی سەركەوتنی تیادابێت، مەبەستت چییە؟
- من هەمیشە بەدوای ئەو شتانە دەگەڕێم كە ڕاستیی دەنگی من دیاردەخات بەتایبەتی ئەو گۆرانییەی مەقامی زەحمەتی تێدایە، چونكە توانای دەنگم دەردەخات.
* سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ گۆرانیبێژی گەورەو بەناوبانگ گۆرانیت گوت، بەڵام داوەتی فیستیڤاڵی موازین نەكرایت لەبەرچی؟
- ڕاستدەكەی لەگەڵ هونەرمەندی وەكو: ئەیمەن زەبیب و مەعین شرێف و فارس كەرەم و مولحیم زێن گۆرانیم گوت و ئەمەش متمانەمی بەخۆمەوە زیاتر كرد و بەرپرسیارێتیی سەرشانمی قورستر كرد، بەداخەوە دەرفەتی بەشداریكردنم لەفیستیڤاڵی موزاین پێنەدرا بەهیوام ساڵی دادێ بەشداریی تیادا بكەم.
* چ سیفەتێكت هەیە دەتەوێ بیگۆڕیت؟
- شەرم
* هیچ مەرجێكت بۆ ئەو كەسە هەیە كە دڵت بۆی لێبدات؟
- كە زەنگی دڵ لێیدا هیچ مەرجێك نامێنێت.
* چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسە دەكەیت كە غەدرت لێبكات؟
- بۆ خوای گەورەی جێیدەهێڵم، چونكه خوای گەورە پشتیوانی هەموو غەدر لێكراوانە.
* دەڵێن كە هاتیتە نێو دنیای هونەر دەبێ ناوێكی باش و گونجاو بۆ هونەری خۆت بدۆزیتەوە، تۆ ناوی خۆت گۆڕی؟
- (دوای زیاتر لەخولەكێك بێدەنگی) ستیڤانی ناوی ڕاستی منە، كاتێك لەبەرنامەی ستۆدیۆی هونەر بەشداریم كرد سیمۆن ئەسمەر داوای لێكردم بیگۆڕم، بەڵام دوای هەڵوەشانەوەی گرێبەستی نێوانمان ناوی خۆم گەڕاندەوە.
* بیر لەئەنجامدانی ئاهەنگ دەكەیتەوە لە هەولێر؟
- هیوادارم لەنزیكترین كاتدا بتوانم.
* چ پەیامێكت بۆ گەلی كورد هەیە؟
-سڵاوێكی گەرم لەدڵی لوبنانەوە بۆ گەلی كوردی ڕەسەن و هونەردۆست و خۆشەویست.
* پرۆژەی داهاتووت چییە؟
-كار بۆ ئامادەكردنی 2 گۆرانی و وێنەگرتنی ڤیدیۆ كلیپێك دەكەم جگە لەچەند ئاهەنگێك لەدوبەی و قەتەر.