"بەكرێگیراوی سپی" لە فیستیڤاڵی فیلمی كوریتیبای برازیل نمایشكرا

فیلمی دیكۆمێنتی "بەكرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی سینەماكاری كورد تەها كەریمی لە بەشی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "كوریتیبا"ی برازیل نمایشكرا.
بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی "بەكرێگیراوی سپی"، فیلمی دیكۆمێنتی "بەكرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی سینەماكاری بانەیی تەها كەریمی و لە دەرهێنانی ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای ئەزموونی و دیكۆمێنتی ئێران، لە دووەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "كوریتیبا"ی Curitiba برازیل لە دوو سانسی جیاوازدا سەرەتا كاتژمێر 5ی دوانیوەرۆی 31ی مای 2012 و لە سانسی دووەمیشدا كاتژمێر 8ی شەوی 4ی حوزەیرانی 2012 لە هۆڵی ژمارە یەكی سینەما ئۆلهەری شاری بەندەری كوریتیبای برازیل نمایشكرا.
ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی بەشی پێشبڕكێی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "كوریتیبا" بریتین لە: "ئانێدریا تۆناچی" Andrea Tonacci لە وڵاتی ئیتاڵیا، "ئێلیزا سۆلاس" Eloisa Solaas لە وڵاتی و "جۆیس لۆیس تووریس لێڤیا" Jose Luis Torres Leivaلە وڵاتی برازیل.
كۆمپانیای سینەمایی "ستاك فیلمی سنە" بە بەرپرسیاری سینەماكاری كورد سەتار چەمەنی گوڵ و خاتوو ڤیدا ساڵحی فیلمی دیكۆمێنتی "بەكرێگیراوی سپی" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەكاتەوە.
ئەمساڵ لە لایەن سینەماكارانی سەرتاسەری دنیاوە 3500 فیلم بۆ نووسینگەی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "كوریتیبا" رەوانەكرابوو، كە تەنیا 66 فیلم لە 15 وڵاتی جیهان بۆ نمایشكردن لە بەشە جۆراوجۆرەكانی ئەم فیستیڤاڵە وەرگیران كە فیلمی دیكۆمێنتی "بەكرێگیراوی سپی" یەكێكە لەم فیلمانە.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی فیلمەكانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێی، لەوانە: بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتی، بەشی پێشبڕكێی فیلمی برازیل، بەشی پێشبڕكێی روانینێ نوێ، بەشی پارانا و هەروەها چەندین دانیشتنی پسپۆڕانە سەبارەت بە هونەری سینەما، لەوانە: ڤۆركشۆپی فێركاری فیلمی دیكۆمێنتی بە بەشداری " ئیوالدۆ مۆكرزێل"Evaldo Mocarzel، كارگەی زمانی فیلم بە ئامادەبوونی "هێرنانی هێفنێر"Hernani Heffner و كارگەی سیناریۆ بە ئامادەبوونی "فیرناندۆ ماریس" Fernando Marés لە رۆژانی 29ی مای تا 4ی حوزەیرانی 2012 لە سینەما ئۆلهەری شاری بەندەری كوریتیبای برازیل بەڕێوەچوو.
فیلمی دیكۆمێنتی "بەكرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی تەها كەریمی لە یەكەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماكارە كوردە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕكێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" لە وڵاتی ئیمارات نمایشكرا و توانی پلەی دووەمی باشترین فیلمی دیكۆمێنتی بلًندی بەشی "خەلیج"ی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی كۆمەڵێك فیلمی بڵندی سینەمایی و دیكۆمێنتاری، كورتە فیلمەكانی چیرۆكی، ئەنیمەیشێن، ئەزموونی و دیكۆمێنتی لە دەرهێنەرەكانی وڵاتانانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی و دەرەوەی پێشبڕكێدا لە رۆژانی 10 تا 16ی ئەپریلی 2012 لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو.


بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فیلمی "بەكرێگیراوی سپی".
Top