رۆبێرتۆ چیلۆ: شانۆكارانی كورد لەئەڵمانیا زیاتر خزمەتی هونــەری ئەڵمانیا دەكەن

رۆبێرتۆ چیلۆ: شانۆكارانی كورد لەئەڵمانیا زیاتر خزمەتی هونــەری ئەڵمانیا دەكەن
رۆبێرتۆ چیلۆ یەكێكە لەدەرهێنەرە بەتواناكانی ئەڵمانیا، هەفتەی ڕابردوو لەدهۆك و هەولێر سێ نمایشی شانۆیی جیهانییان پێشكەش كرد لەگەڵ سیەتەر، هەر هەرچەندە لەئیتاڵیا لەدایكبووە و لەئەڵمانیا گەورە بووە، بەڵام دەڵێ من شانۆی خۆم پێشكەش دەكەم.
رۆبێرتۆ چیلۆ پێیوایە شانۆ ئەركی ئەوەیە كە خەیاڵی بینەر بجوڵێنێ، واتە جوانی و خەیاڵی ئەو بەكاربهێنرێ، چونكە گەورەترین و گرنگترین نووسەر لەنێو بینەرانی شانۆدا دانیشتوون، لەهاتنمان بۆ كوردستان دەمانەوێ ئەوە بسەلمێنین كە ناكرێ تەنیا لەسەر یەك بابەت كار بكرێ بۆیە ئێمە بەسێ شانۆی زۆر جیاواز هاتووین و دەمانەوێ بڵێین شانۆ خۆی لەخۆیدا هونەرێكی سەربەخۆیە و دەق تەنیا بەشێكە لەشانۆ و دەبێ لەگەڵ دەقدا مۆسیقا و دیكۆر و ئەكتەر و دەرهێنەریش لەبەرچاو بگیرێت، جگە لەكوردستان ئەم شانۆگەریانەمان لەچەند وڵاتێكی عەرەبیش نمایش كردووە و بۆ ئەوە بووە كە شانۆی ئەوروپی دووبارە بكەینەوە، ئەوەی تێبینیمان كردووە كە شانۆكاری عێراقی كاتێك كار لەسەر دەقێكی برێخت دەكات زۆر كۆمونیستیانە و زیاتر لەخۆی دەچێتە نێو كارەكەوە، بەڵام پێموایە پێویست ناكات لەڕێڕەوی ڕاستەقینەی كارەكە لابدەی، بەڵكو دەبێ لەسەر ڕێڕەوی خۆی كار بكەی و ئێمه سەلماندومانە كە ئەنجامدانی ئەم كارە مەحاڵ نییە و تەنانەت دەكرێ شانۆیەكی زۆر گەورە تەنیا بەشەش كورسی ئەنجام بدرێت.
چیلۆ چەندین جارە سەردانی كوردستان دەكات، بەڵام ئەمجارەیان بۆئەنجامدانی چەند نمایشێكی شانۆیی هاتووە، ئەو دەڵێ: ئەگەر بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، ئەوا دەبینین شانۆ هەر لەئەوروپا‌ سەریهەڵداوه، بەڵام زۆر گرنگە كە پێویستە شتەكە وەكو خۆی بهێنیتە سەر تەختەی شانۆ، بۆ نموونە ئەو هاملیتەی لەئەفریقیا نمایش دەكرێ ڕەنگە زۆر لەدەقەكەی شكسپیر جوانتر بێت، بۆیە پێویستە هەر كەسێك بەخەیاڵی خۆی و ئەو بەهرە و توانایەی كە هەیەتی كار بكات لەجیاتی ئەوەی بچێت دەقەكە بەشێوەیەكی ئەوروپی یان دەقاودەق وەكو خۆی نیشانی جەماوەری بدات، ڕۆبێرتۆ چیلۆ شانازی بەهونەرمەندانی كوردەوە دەكات و دەڵێ: من سەربەرزم بەوەی كە یەكێك لەئەندامانی گرووپەكەم كوردە بەناوی فەرهاد و ماوەی 15 ساڵە بەیەكەوە كار دەكەین و لەچەندین نمایشی زۆر گەورەدا زۆر سەركەوتووانە بەشدار بووە لەگەڵمان و ئەوەشمان نیشانداوە كە ئەكتەرێكی كوردە لەنمایشێكی شانۆیی ئەڵمانیدا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت، بەر لەناسینی فەرهاد شارەزایی زۆرمان دەربارەی كورد نەبوو، هەرچەندە من خۆیشم چەندین جار سەردانی كوردستانم كردووە تەنانەت جارێكیان لەسنوور ڕێگایان پێنەدام بێمە ناو خاكی كوردستان بۆیە ناچار بووم بگەڕێمەوە، لەو سەردانانەدا زۆر لەكۆلێژ و پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كوردستانم بەسەركردۆتەوە و شانۆكارانی هەولێر و دهۆك و سلێمانیم داوەت كردووە بۆ ئەڵمانیا، سەبارەت بەشارەزابوونم لەكەلتور و هونەری كوردی ناتوانم بڵێم شارەزام، چونكە مرۆڤ ئەو كاتە شارەزای كەلتوری نەتەوەیەكی دیكە دەبێت كە لەناویاندا بژیت و بۆماوەیەكی زۆریش، ئەو سەردانانەی من بۆ كوردستان بووە هۆكارێك كە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن و ئاشنابوون بەهونەری كوردی و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا سەبارەت بەهونەر و كەلتوری ئەڵمانی و كوردی دروست بێت و لەئەنجامدا توانیم ئەو گرووپە شانۆییە بهێنم بۆ كوردستان.
چیلۆ سەرسوڕمانی خۆی لەهەندێك شانۆكاری عێراقی و كورد نیشان دا لەوەی كە لەجیاتی ئەوەی پەرە بەهونەری خۆیان بدەن و زیاتر بیناسێنن. هەوڵ دەدەن بەهرە و تواناكانی خۆیان لەشانۆی میللەتانی تر نیشان بدەن و هونەری خۆیان پشتگوێ دەخەن، ئەو دەڵێ :بەر لەكوردستان سەردانی چەندین وڵاتی دیكەمان كردووە كه بەهەمان شێوەی كوردستان بەهۆی جەنگ و وێرانی نزیك بوونێكی زۆریان لەگەڵ شانۆی ئەوروپیدا نەبوو، بەڵام خاوەن تێكستی تایبەت بەخۆیان بوون و لەكوردستانیش هەمان شتمان بەدی كرد كە هونەرمەندانی كورد زیاتر هەوڵ دەدەن كاری نوێ و مۆدێرن ئەنجام بدەن، سەردانی وڵاتانی وەك ئێران و ئۆزبەكستان و تاجیكستانم كردووە، بەڵام پێموایە كە عێراق و كوردستان مێژووی شانۆیان لەو وڵاتانە كۆنترە، ئەوەی دەربارەی شانۆكاری كورد و عێراق تێبینیم كردووەو پێموایە گەورەترین كێشە ئەوەیە كە شانۆكارانی كورد لەئەڵمانیا یان لەهەر وڵاتێكی دیكە هەوڵی ئەوەیان نەداوە شانۆی كوردی بەرەو پێش ببەن، بەڵكو هاتوون شانۆی ئەڵمانی بەرەو پێش ببەن، ئەمەش كێشەیە كە هونەرمەند هەوڵ بدات شانۆی وڵاتێكی تر پێش بخات، پێویستە بەو شارەزایی و خوێندنە ئەكادیمیەی كە لەئەڵمانیا بەدەستی هێناوه شانۆی وڵات و نەتەوەی خۆی پێش بخات بەتایبەتی بۆ كورد كە ئەمە زۆر پێویست و گرنگه، چونكە ئەمە فشارێكی زۆر لەسەر ئەم جۆرە شانۆیانە دروست دەكات.
هۆڵ و هۆكارەكانی دیكەی نمایشی شانۆیی یەكێك بوو لەو بابەتانەی كە ڕۆبێرتۆ چیلۆ سەرنج و تێبینی خۆی دەربارەی هەبوو، هەر كە تەختەیەكی شانۆ دەبینم دەزانم لەچ ساڵێك درووستكراوە، بێگومان ئەم هۆڵە (هۆڵی گەل) لەپەنجاكانی سەدەی ڕابردوو واتە بەر لەسەدام حوسێن دروستكراوە، هۆڵەكە زۆر جوانە، بەڵام هەر بیبینی دەزانی كە پشتگوێ خراوە و خزمەتی ناكرێ و دڵنیاشم دوای تەواو بوونی هەر نمایشێك ئەو كەلوپەلانەی كە لەشانۆگەرییەكەدا بەكار دەهێنرێت لەپشتەوە فڕێ دەدرێت و كەس خۆی لێ ناكاتە خاوەن، لەوانەش شانۆكاران كە ئەوان خۆیان قەدری شانۆ لەهەر كەسێكی دیكە باشتر دەزانن، باوەڕ ناكەم لەهیچ شوێنێكی جیهان شانۆیەك بەو شێوەیە دروست بكرێ، لێرەوە بەپێویستی دەزانم ئەوە ڕوون بكەمەوە كە دەسەڵاتی كوردی هەست بەگرنگی شانۆ و كاریگەری شانۆ لەسەر كۆمەڵگە ناكات، شانۆی كوردی بەو شێوەیە دەمێنێتەوه، لێرەدا جێی خۆیەتی ئەو پرسیارە بكەن ئایا ئەو پارەیەی لەوەزارەتی ڕۆشنبیری تەرخان دەكرێت چۆن و بەچ شێوەیەك خەرج دەكرێت؟ لەو سەردانانەمدا تێبینی ئەوەم كردووە كە زۆر كەس شانۆیان داگیر كردووە كە هیچ پێوەندییان بەشانۆوە نییە و ئەوانەی بەجددی هەوڵ بۆ شانۆ دەدەن جێگایان نابێتەوە و لەسەر شەقامەكان كەوتوون.
چیلۆ داوا دەكات كە گەنجی كورد بێن بۆ بینینی نمایشەكانی شانۆ بۆئەوەی بزانن ئەوان چ داهێنانێكیان كردووە و گەنجانی كورد چۆن سوودیان لێدەبینن و دەتوانن لەداهاتوودا چ پێشكەش بكەن، هەر لەیەكەم سەردانیشیدا ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە پردێكی ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لەنێوان كورد و ئەڵمانیەكان هەبێت.
لەكۆتاییدا سەبارەت بەنمایشەكەیان لەكوردستان ڕۆبێرتۆ چیلۆ وتی: نمایشەكەی ئێمە زۆر بچووكە، ئێمە 40 كەسین 15یان ئەكتەرن و ساڵانە ئەم نمایشە لە30 وڵاتی جیاجیا پێشكەش دەكەین كە یەكێك لەوانە كوردستانە، گەڕان لەوڵاتان و نمایشكردنی ئەم شانۆگەریانە كارێكی پێویستە بۆ هەر گرووپێكی شانۆیی و ئەوەی لەتواناماندا بێت و بەدڵەوە ئەنجامی دەدەین و ئەوەی من دەمەوێ ئەو دەكەم نەك یەكێك بێت بەسەر منی بسەپێنێت.
Top