فیستیڤاڵە هونەرییەكان تا چەند خزمەتیان بەهونەری كوردی كردووە
ساڵانە لەهەموو بوار و ژانرە هونەرییەكان لەكوردستان فیستیڤاڵی هونەری ئەنجام دەدرێ، جا چ لەسەر ئاستی هەرێم یان نێودەوڵەتی و هەرێمی بێت، بەڵام بەردەوام ڕەخنە و گلەیی لەشێوە و چۆنیەتی سازدانی ئەم فیستیڤاڵانە هەیە، جا لەڕووی نادادپەروەری و چۆنیەتی دابەشكردنی خەڵاتەكان بێت یان لەبەڕێوەبردن و كاتی ئەنجامدانیان و نەبوونی هەماهەنگی بێت لەنێوان لایەنە پێوەندیدارەكانەوە، بۆ ئەم مەبەستە بەپێویستمان زانی ڕای چەند هونەرمەندێكی بوارە جیاجیاكان سەبارەت بەم بابەتە وەربگرین.
لەزۆر فیستیڤاڵدا دەبوایە ئامادە بومایە بەڵام بەداخەوە بانگ نەكراوم
زۆر لەفیستیڤاڵەكان كەسانی پسپۆر و خاوەن ئەزموون لەبوارەكە بانگهێشت ناكرێن، لەم بارەیەوە مامۆستای خاوەن ئەزموون ئەنوەر قەرەداغی دەڵێ «لەڕاستیدا ئەم قۆناغە هەستیارەی كە ئێستا هەرێمەكەمان تیایدا تێپەڕ دەبێت قۆناغێكی زۆر هەستیارە و سیاسەت ڕەنگی داوەتەوە و كاری كردۆتە سەر هەموو بوارەكانی ژیان، لەوانەش ڕۆشنبیری و هونەری، بۆیە دەبینین هەر حزبەو بۆ بەرژەوەندی خۆی چالاكیەكی داخراو بۆخۆی ساز دەكات كە چەندین هونەرمەندی تر لێی بێبەشن، لەكاتێكدا ئەمە ڕەنگە شتێكی ئاسایی بێت بۆ ئەو هونەرمەندانەی كە هەواداری ئەو حزبە بن.
بەڵام لەكاتێكدا وەزارەتێك هەیە بەناوی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، دەكرێت فیستیڤاڵی سەرتاسەری ساز بكات بەهەموو شێوەكانییەوە كە ناكرێ لێرە باس لە وردەكاریەكانی بكەین، هەموو هونەرمەندانی ئاستەكان تێدا بەشدار بن و ئەمەش شتێكی زۆر سروشتییە، بڕوا ناكەم تائێستا وەك پێویست كرابێت، بەڵكو لەم ڕێگەشەوە تەنیا بەمیزاج كراون چ لەسلێمانی بێت یان هەولێر یان شارەكانی تری كوردستان، ئەمەش وای كردووە زۆر لەهونەرمەندان بێبەش بن لەبەشداری بووندا، لەكاتێكدا چەندین تیپ و گرووپ و تاكە كەسی بەتوانا و لێهاتوو لەكوردستاندا هەن، بەڵام زۆر بەداخەوە لایان لێ ناكرێتەوە لەبەر ئەوەی بڕیارەكە تاكە كەسێك داویەتی كە نایەوێت هونەرمەندانی دەڤەرەكەی تر بەشدار بێت لەو بۆنەدا یان لەو فیستیڤاڵەدا.
گەر وردیش بیتەوە ئەو تاكە كەسە فڕی بەكاری هونەری و میكانیزمی كارە هونەریەكانەوە نییە، بەداخەوە هەر ئەمەش وایكردووە كە زۆرێك لەناخی هونەرمەندان بتۆرێنێت….هەموو كەسێك كە هونەرمەند بێت بۆی هەیە بەجۆرێك لەجۆرەكان و بەپێی پسپۆری خۆی بەشداری هەر فیستیڤاڵێك بێت بەو مەرجانەی هەن و لەلایەن شارەزایانەوە دادەنرێن دوور لەتەمەن من ئەم ڕەنگدانەوەیە لەمامەڵەكردن لەگەڵ خۆمدا دەبینمەوە كە لەزۆر فیستیڤاڵدا دەبوایە ئامادە بومایە، بەڵام بەداخەوە بانگ نەكراوم، نەك هەر من بگرە چەندینی تریش وەكو من، بۆیە سازدانی چەندین فیستیڤاڵی سەرتاسەری بۆ ئەم هەرێمە پێویستە دوور لەڕەنگدانەوەو ڕیكلامی حزبی و بڕیاری تاكە كەسی تا بتوانین كارە هونەریەكانمان زیاتر لەم بارودۆخەدا بەرجەستە بكەینەوە»
فیستیڤاڵەكانی ئێستا نیمچە داخراون پێویستە بەشێوەیەكی ئاشكرابن
هەروەها زۆر جار باس لەوە دەكرێت كە فیستیڤاڵەكان بەنهێنی ڕێكدەخرێن و بەرنامەیان بۆ دادەنرێت، مامۆستا فەرهەنگ غەفور سەبارەت بەمە دەڵێت «ئەو فیستیڤاڵانەی كە لەهەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن ڕەنگە توانیبێتی تاڕاددەیەك ئامانجەكانی خۆی بپێكێ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجاران گلەیی زۆری لێدەكەوێتەوە لەبەر ئەوەی هەندێك لەو فیستیڤاڵانە بەنیمچە داخراو ئەنجام دەدرێت، هەندێك لەرێگەی پێوەندی تایبەتەوە هەندێكی لەرێگەی پێوەندی ئیمەیڵی ئەلكترۆنیەوە، وەكو كەسێك لەبواری فیستیڤاڵ زۆر كارم كردووە پێم باشە ئەو فیستیڤاڵانە بەشێوەیەكی ئاشكراو ڕوون بێت و ڕێكلامی بۆ بكرێت بەتایبەت ئێستا ئێمە پێویستیمان بەكاری زانستیانە هەیە، چۆن دەڵێی فیستیڤاڵ هەیە لەگەڵ ئەوەشدا كۆنسێرت و كەرنەڤاڵ هەیە، بەڵام لەفیستیڤاڵ بچووكترن فیستیڤاڵ هەندێ بنەمای ستانداری تایبەتی خۆی هەیە پێویستە بەرلەوەی ئەنجام بدرێت ئامانجەكەی بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا بنووسرێتەوە و دەرەنجامی فیستیڤاڵەكانیش ساڵانە خوێندنەوەی بۆبكرێت وەك و توێژینەوەیەكی مەیدانی، بۆنموونە لەهەولێر ئەنجام دەدرێت بزانرێ ئەنجامی چ بوو و پەیامی هونەرمەندان و هونەری چ بوو لەو فیستیڤاڵە توانیمان چی بكەین، هەرگیز لەگەڵ ئەوەنیم هەموو هونەرمەندان بەشداردەبن یان بێ بەش دەبن ئەوە شتێك نییە هەموو هونەرمەندان بەشداری تێدابكەن لەهەموو دنیاشدا وانییە ئەوكەسانەی كەبەشداری لێ دەكەن خەڵكی تایبەتن، خەڵكێكن بیرۆكەیەكی تایبەتیان هەیە، دەبێ بزانرێ ئەو فیستیڤاڵە بۆ چ بوارێكە لەبوارەكانی هونەر.
هیوادەخوازین لەكوردستان ئینستۆتی سینەما دروست بكرێت
ساڵی ڕابردوو چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی لەكوردستان ئەنجامدران كە زۆربەیان كاتەكانیان لەیەكتری نزیك بوو، خانمە هونەرمەندو دەرهێنەر ڤیان مایی پێی وابوو «ئەو جۆرە كەسانەی كە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان كاردەكەن و هەموو جۆرە كارێكیان لەكوردستان تێكداوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەند ساڵە لەكوردستان هاوار دەكەین و پێشنیار دەنووسین بۆ ڕێكخستنی سینەمای كوردی، بەڵام لەبەر ئەم جۆرە كەسانە كارەكانمان ئاڵۆزن، فیلمیش دروست كراون و فیستیڤاڵیش ئەنجامدراون، بەڵام ناڕێك و پێكی پێوە دیارە، هەوڵ و هیوامان ئەوەیە كەبتوانین لەكوردستان ئینستۆتی سینەماو هۆڵەكانی نمایش كردن دروست بكەین، هەردەم دەڵێم و دووبارەشی دەكەمەوە كە كامێرا وەكو و چەك وایە بۆكۆمەڵگە بۆ میللەت كە دەتوانین خۆمانی پێ بپارێزین و دەشتوانین خۆمانی پێ بكوژین، ئیتر با ڕێگا بدەین ئێمە كارەكانی خۆمان بەباشی ئەنجام بدەین.
هەر سەبارەت بەفیستیڤاڵەكان بەتایبەتی لەبواری سینەما هونەرمەند نزار سەلامی پێیوایە كە دەبێت باسی ڤیستیڤاڵی كورتە فیلم و فیلم بكا ودەڵێت: هەڵبەتە دەبێت باسی ئەوە بكەم، چونكە خۆم لەو بوارەدام، حەز دەكەم شتێك بەبیری هەندێك كەس بێنمەوە نە كارمەندی وەزارەتی ڕۆشنبیریم نە هیچ جێگایەك، بەڵام مەبەستی من ئەوەیە وەزیری ڕۆشنبیری زۆر جار وتویەتی لێرە ئەسڵەن سینەما نییە و ئەسڵەن فیستیڤاڵ نەكردنی باشترە، من لەزۆر شوێن گوێم لێ بووە ئەزیەتی داوم گوتومە نابێت ئاوا بیر بكرێتەوە، بەڵام كاتێك كە فیستیڤاڵ دەكرێت لەشارەكان بەتایبەت ئەگەر بمەوێت باسی سلێمانی بكەم، لێرە ناڕازین لەبەڕێوەبەرایەتی سلێمانی، دەڵێن نابێت وەزیر بڵێت نابێت فیستیڤاڵ بكرێت یان لەو جۆرە كارانە و ناشبێت فیلمی كوردی نییە، چونكە ئەوەتا ئێمە كورتە فیلممان هەیە و فیلمی درێژیشمان هەیە، بۆیە نابێت وەزیر ئاوا بڵێت، بەڵام مەبەستەكەی من ئەوەیە كە ئێستا دەیڵێم باشە ئەگەر فیستیڤاڵێك لەم شارە ساز دەكرێت چۆن دەبێت هەر لەم شارەدا هیچ یەك لەو فیلمانە خەڵات نەبات؟
لەكۆتاییدا خاتوو مەروا محەمەد كە یەكێكە لەئەكتەرەكانی شاری سلێمانی پێیوایە ئەو فیستیڤاڵانە بەڕاستی هەمووی لەجێگای خۆی نییە ئەوەندەی خزمەتی كاری دەرەوەی كوردستان دەكرێت، ئەوەندە خزمەتی ئیشەكانی خۆمان ناكرێ، بەڕای من ناوبنرێت فیستیڤاڵی خزمەت كردن بەوڵاتانی بێگانە.