هونەرمەند مەڕوا محەمەد: هەندێك لەمیدیاكان ئەوەی ڕێز بێت بۆ ئافرەتی دانانێن

هونەرمەند مەڕوا محەمەد: هەندێك لەمیدیاكان ئەوەی ڕێز بێت بۆ ئافرەتی دانانێن
مەڕوا محەمەد یەكێكە لەو ئافرەتە هونەرمەندانەی كە لە بواری دراما و فیلم ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە، مەڕوا لەساڵی 2000 چۆتە بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی و ساڵی 2005 پەیمانگای تەواو كردووە، بەشداری لەچەندین فیلم و درامادا كردووە لەوانە (نامەكانی ئەشرەف و ڕەیحانە و گەردەلول، وەسیەتنامە) و كورتە فیلمی (كراسی سوورە) لەدیما‌نەیەكدا بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

ئا:خەلیل بلەیی


* ئێوە وەك ئافرەت توانیوتانە بەكارە هونەرییەكان بەتایبەتی دراما، واقیعی ئافرەتی كورد نیشان بدەن؟
- من وەكو خۆم تاڕاددەیەك توانیومە واقیعی ئافرەتی كورد وەكو خۆی نیشان بدەم، بەڵام ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ توانای ئەكتەرەكە و كار كردنیش بەبێ كەموكوڕی نابێت، بەو هیوایەی توانیبێتم ئەگەر كەمیش بێت، ئەو واقیعەم وەكو خۆی گەیاندبێت.
* ئەكتەرە ئافرەتەكان پێویستییان بەچی هەیە بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بسەلمێنن بەوشێوەیەی كە پێویستە؟
- پێویستیان بەبوێری هەیە لەبواری هونەری، چونكە بەڕاستی بەربەستی زۆری دێتە بەردەم و دەبێ بەسەر هەموو ئەم كۆسپانەدا زاڵ بین بۆ ئەوەی بوونی خۆمان بسەلمێنین.
* ئەی لەلایەن كۆمەڵگەوە پێویستیتان بەچی هەیە؟
-لەلایەن كۆمەڵگەشەوە پێویستیمان بەپشتگیری خێزانەكان و دەوروبەرمان هەیە، سەبارەت بەخۆیشم، خێزانەكەم تا ڕاددەیەكی زۆر هاوكارم بوون و پشتگیری زۆرم دەكەن.
* بەشداریت لەچەند كاری جیاجیادا كردووە، كام دراما و كام ڕۆڵی خۆت پێ باشترە لەئەوانی تر و بۆچی؟
- من هەموو كارەكانی خۆم خۆشدەوێت، بەڵام ئەوەی كە زیاتر پێی ناسرام لەناو خەڵك زنجیرە درامای (گەردەلوول) بوو، بەڵام لەبەشی داهاتووی (گەردەلوول)دا بەشداریم نەكردووە.
* بۆچی؟
- چونكە سیناریۆكە وایە.
* هونەرمەندانی هەموو ژانرە هونەرییەكان گلەیی لەحكومەت دەكەن، ئایا پێتوایە حكومەت جیاوازی كردووە لەگرنگیدان بەژانرە هونەرییەكان؟
- بێگومان وەكو پێویست نییە و ئەوەی مەبەستیان بێت گرنگی زیاد لەپێویستی پێ دەدەن.
* كەواتە جیاوازی هەیه، ئەگەر هەیە‌ پێتوایە هۆكارەكانی چین؟
- منیش بۆخۆم نازانم هوكارەكان چین، من كەسێك دەناسم چیم بوێت بۆم دەكات، واتە هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ناسین.
* ئایا میدیاكان بۆ گەیاندنی پەیامی هونەری گرنگی بەئافرەتە هونەرمەندەكان دەدات، یان تەنیا بۆ ڕاكێشانی سەرنجی خوێنەرە؟
- لەگەڵ ڕێزم بۆ میدیاكان زۆربەیان تەنیا بۆ سەرنجڕاكێشانی خوێنەرە، و ئەوەی ڕێز بێت بۆ ئافرەتی دانانرێت.
* بەڵگەت هەیە بۆ ئەم قسانە؟
- بەڵێ، چونكە لەگۆڤارێكی مانگانەی كۆمەڵایەتی گشتیدا چاوپێكەوتنێكیان لەگەڵ مندا ئەنجامدا، بەداخەوە چەند وشەیەكیان بەناوی منەوە نووسی كە قسەی من نییه، دوای ئەوە بەچەند وشەیەك داوای لێبوردنیان لێكردم وەكو گاڵتە پێكردنێك وابوو‌.
* بەڕای تۆ بۆچی ئافرەتە ئەكتەرەكانمان بەشداری لەڤیدیۆ كلیپ و ڕیكلام ناكەن؟
- پێموایە تا ئێستا ئافرەتە ئەكتەرەكانمان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی بەشداری بكەن لەبوارێكی تردا، جگە لەبواری نواندنی شانۆ و سینەما.
* ئەگەر داوا لەتۆ بكرێت لەڕیكلام یان كلیپێك بەشدار بی، ڕازی دەبی یان نا و بۆچی؟
- تا ئێستا بیرم لێ نەكردۆتەوە.
*بیرت لێنەكردۆتەوە یان داوات لێنەكراوە؟
- نەخێر داوام لێكراوە بەشداری لەڕیكلام و كلیپدا بكەم، بەڵام من خۆم ڕازی نەبووم بەشداری بكەم.
* چی دەڵێی بۆ ئەو هونەرمەندانەی لەدراماوە ڕوو لەگۆرانی دەكەن؟
- بەڕای من هونەرمەند لەیەك بواردا كار بكات زۆر باشترە، چونكە هونەرمەند ناتوانێت زیاتر لەبوارێكدا كار بكات، ئەگەر بشتوانێت، ئەوا كارەكە بكات ناتوانێت بەباشی پێشكەش بكات و كەموكوڕی زۆری دەبێت.
* ئایا فیستیڤاڵەكانی توندوتیژی دژ بەمێینە ئامانجی خۆی بەدیهێناوە؟
- هیوادارم گرنگی زیاتر بەم فیستیڤاڵانە بدرێت بۆ ئەوەی ئەگەر هیچ نەبێت كەمێك لەئامانجەكانی بپێكێت.
* شانۆ و دراما چ جیاوازییەكیان بۆ تۆ هەیە؟
- جیاوازیان زۆرە، چونكە لەشانۆدا ئەكتەر ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی جەماوەر دەبێتەوە، بەڵام لەدرامادا بەو شێوەیە نییە، بۆیە جیاوازی زۆرە.
* چی دەڵێی بۆ ئەو هونەرمەندانەی بواری دراما كە بەشداری لەدۆبلاژكردنی زنجیرە بیانیەكاندا دەكەن؟
- دەستیان خوش بێت هیوام وايە كۆمەڵەیەك دابمەزرێت كە كاریان تەنیا دۆبلاژكردن بێت.
*بەڵام پێتوانییە ئەگەر ئەو ئەركەی خۆیان لەدرامای كوردیدا سەرف بكەن باشتر نییە؟
- بێگومان ئەگەر ئەو ئەرك و توانایەی خۆیان لەدرامای كوردیدا سەرف بكەن زۆر باشترە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە شارەزای كەلتوری وڵاتان بین.
* پێتوایە گرفتی دراما و شانۆی كوردی لەچیدایە؟
- ئەم گرفتە بۆ كەمی دەرهێنەر و سیناریستی باش و كەمی ئەكتەر دەگەڕێتەوە، ئەمە لەلایەكی دیكەوە لەڕووی ماددیشەوە بەباشی هاوكاری ناكرێن، ئەمانە هەموویان گرفتن و كاریگەرییەكی سلبییان دەبێت لەسەر پێشكەوتنی هونەری كوردی.
*لایەنە سلبی و ئیجابیەكانی ڕەیحانە چیبوون؟
- بێگومان هەموو كارێكی هونەری لایەنی سلبی و ئیجابی هەیە و هیچ كارێك سەد دەر سەد تەواو و بێ كەموكوڕی نابێت.
*دایكایەتی لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
- دایكایەتی بەنرخترین سەروەتە خوا پێی بەخشیوم.









Top