شیرین جیهانی: دوو ساڵه فیلمه‌كه‌م له‌‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كه‌وتووه‌ و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نادرێ

شیرین جیهانی: دوو ساڵه فیلمه‌كه‌م له‌‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كه‌وتووه‌ و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نادرێ
شیرین جیهانی هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ خولیای دونیای هونه‌ر و سینه‌ما و فیلم بووه‌ و به‌رده‌وام كاری بۆ كردووه،‌ تاكو ئاواته‌كه‌ی بێنێته‌ دی و وه‌ك ده‌رهێنه‌ر بۆ چه‌ندین فیلم و كلیپ،‌ له‌ پشت كامیرا دابنیشێت ، به‌لای ئه‌وه‌و ه‌ئاساییه‌وه‌ ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی كاری ده‌رهێنان بۆ كلیپیش بكات، ده‌رهێنه‌ری ناوداری چینی به‌ نموونه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ له‌ یه‌ك كاتدا هه‌ردوو كاره‌كه‌ی به‌ یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامداوه‌ و تێیدا سه‌ركه‌وتووش بووه‌، شیرین جیهانی به‌مشێوه‌یه‌ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گوڵانی دایه‌وه‌.

ئا:خەلیل بلەیی


*فیلمه‌كه‌ت به‌ كوێ گه‌یشت ؟
ئەوەی راستی بێت دەزگاکانی راگەیاندن و تەنانەت هاوڕێکانیشم بەردەوام ئەو پرسیارەم لێ دەکەن کە بۆ چی ماوەیەکە هیچ بەرهەمێکی نوێت نییە؟ لە کاتێکدا کە من نیزیک بە یەک ساڵه‌ خەریکی نووسینی سیناریۆی فیلمێکی سینمایی بووم و ئەوە دوو ساڵە خەریکی وەرگرتنی ره‌زامه‌ندیم لە وەزارەتی رۆشنبیری، کە ساڵی پار لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سینه‌ماوه‌ بەڕێز کاک ناسر حەسەن ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر فیلمه‌كه‌ دراوه‌ و دواتر بەرز کراوە بۆ وەزارەت و خاتوو مەهاباد بە سوپاسەوە پێداچوونەوەی سیناریۆكەی بۆ كردبوو، بەڵام لەو کاتەوە کە یەک ساڵ تێپەڕبووە هەتا ئێستا هەروا بێ وه‌ڵام ماوەتەوە، هیوادارم هەرچی زووتر وەڵامی ره‌زامه‌ندی كۆتایی له‌سه‌ر فیلمەکەم بدرێ و دەست بە ئه‌نجامدانی بكه‌م، ساڵی پارەکەش لە گەڵ ته‌له‌ڤزیۆنێکی فارسی لە دەرەوەی وڵات بڕیاری ئامادەکردنی فیلمێکی دۆکیۆمێنتێریم دا لە سەر پرسی ئافره‌تان، بەڵام بە هۆی جیاوازی زۆری بیر و ڕامان لە سەر پرسی ئافره‌تی کورد، لە کۆتایی دا نەگەیشتینە ئاکام. من حه‌ز ناكه‌م بەرهەمێک ئامادەبکەم کە زۆر جیاوازی هەبێ لە بیر و باوەڕی خۆم. لە لایەکی دیکەوە لێرە لە هەرێمی کوردستان زۆر بانگەشەی هاتنە ناو مەیدانی ئافره‌تان و چالاک بوونیان دەکەن و بەردەوام لەملاوئەملا دەبیسین کە پشتگیری کەسانی چالاک و خاوەن پرۆژە دەکەن بەتایبەتی پشتگیری ئافره‌تانی چالاک، بەڵام بەداخەوە هەست دەکەم کە ئەم بابەتە زیاتر دروشمی بریقه‌داره‌، وەک ئەوەی بە کردەوە هەبێ، هیوادارم بۆچوونه‌كه‌م به‌ڕەشبینی لێكنه‌درێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم حه‌قیقه‌ته‌، ئەوەتا من ئافرەتێکی خاوەن توانام لە بەرهەم هێنانی فیلمی سینەمایی و هونەری لەو هەرێمەدا و هەموو هەوڵی خۆم لەو بوارەوە داوە و دەیدەم و لە سەریشی بەردەوام دەبم ، به‌ڵام ئەگەر ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نه‌درێ، من چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانم فیلمی نوێ ده‌ست پێبكه‌م و چۆن دەتوانم لە سەر چالاکییەکانم بەردەوام بم؟
* وەک ئافرەتێک لە بواری سینەما چۆن خزمەتی ئافرەتی کورد دەکەی؟
- مەرج نيیە چونکە خۆم ئافره‌تم فیلمەکانیشم به‌ ته‌واوی پێوەندیان بە ماف و پرسی ئافره‌تەوە هەبێ، بەڵام هاوکات بە دڵنیایەوە پرسی ئافره‌تان بۆ من خاوەن گرینگی تایبەتییە و تا بە ئێستا تاکە فیلمی به‌رز کە بەرهەمم هێناوە لە سەر مافی ئافره‌تان بووە.
* جگە لە سینەما دەرهێنەری کلیپیش بووی، دەرهێنانی فیلم و کلیپ چ جیاوازیەکیان هەیە؟ ئاساییە کە دەرهێنەری سینەمایی کاری دەرهێنەری کلیپ بکات؟
-بەڵێ بێجگە لە بەرهم هێنانی فیلمی سینەمایی، دەرهێنەری چەند کلیپیش بووم کە ئەو کلیپانە زۆرتر هی ئەو هونەرمەندانەن، کە خۆم لە منداڵیەوە حەزم بە دەنگیان بووە، وەک شوان پەروەر و شەهریبان کە مێلۆدی و بە تایبەت تێکستی گۆرانیەکانیانم زۆر پێ خۆش بووە و هەر بۆیەش دەرهێنەری کلیپەکانیان بووم. لە راستی دا جیاوازی فیلم و کلیپ زۆر ئاشکرایە، لە فیلم دا ناتوانی یەکگرتوویی چیرۆک و چاوی کامێرا و کۆمەڵێک پێداویستی و ستانداردەکانی فیلم و سینەما ببەزێنی بەڵام دەرهێنەری کلیپ تا رادەیەک ساناترە و زۆر جار وێنەکان لە گەڵ ریتم قسە دەکەن و دەتوانی زۆر بە کورتی ئەگەر کلیپەکە چیرۆکی هەبێ، باسی لێوە بکەی. زۆر کەس وابیر دەکاتەوە کە چوون دەرهێنانی کورتە فیلم یان کاری سینەمایی دەکەی، نابێ بە لای کلیپ دا بڕۆی و دەرهێنانی کلیپ بە شتێکی کەم دادەنێن. بەڵام لە راستیدا کلیپ وەک کورتە فیلم، کارێکی وێنەیی و هونەریە و بگرە لە هەموو دونیادا و تەنانەت گەورە دەرهێنەرانی هالیوودیش، جگە لە دەرهێنانی فیلم، کاری دەرهێنانی کلیپیش دەکەن، بۆ نموونە «فرانسیس لاورانس» دەرهێنەری فیلمی «کۆنستانتین» کە یەکێکە لە فیلمە بەهێز و باشەکانی هۆلیوود، لەم دواییانەدا دەرهێنەری کلیپی گۆرانیبێژی ناوداری ئەمریکی «لەیدی گاگا» بووە. من کاری دەرهێنانی کلیپ زیاتر وه‌ك حه‌زی شه‌خسی خۆم دەیکەم.
*رات چییە بەرامبەر بە دامەزراندنی کۆمەڵەی سینەما کارانی کورد؟
بەڕای من باشە ئەو کۆمەڵە هەبێ و تەنانەت پێویستیشه‌، بەڵام بەو مەرجە کە بتوانێت سەرچاوەیەکی باشی ئابووری هەبێ و بە شێوەیەکی سیستماتیک بەرێوە بچێ و ببێتە شوێنێک بۆ پێشکەوتنی سینەما و سینەماکاران.



Top