ئالین:ئاساییه گۆرانی هونه‌رمه‌نده نه‌مره‌كان زیندوو بكرێته‌وه
ئا:خەلیل بلەیی
ده‌رباره‌ی فۆلكلۆر ئالین ده‌ڵێ:
هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دنیا فۆلكلۆر و كه‌لتوری ره‌سه‌نی خۆیان هه‌یه له هه‌موو بواره‌كانی ژیان له‌وانه‌ش بواری هونه‌ری، له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان فیستیڤاڵی تایبه‌ت ئه‌نجام ده‌درێت بۆ دووباره زیندوو كردنه‌وه‌ی هونه‌ری فۆلكلۆری خۆیان و ناساندنی به نه‌وه‌كانی نوێ له گۆرانی و سه‌ما و موزیكی و شیعر، چونكه ئه‌م فۆلكۆره ده‌ربڕی ناخی ئه‌م میلله‌ته‌یه و رابردووی وێنا ده‌كات و ده‌یخاته‌وه به‌ر چاو بۆیه شانازی پێوه ده‌كه‌ن و به‌شتێكی پیرۆزی ده‌زانن، چونكه زۆر جار له رێگای ئه‌م فۆلكلۆره‌وه داستان و رووداوه مێژوویییه‌كانی خۆیان دووباره زیندوو ده‌كه‌نه‌وه، گۆرانی و موزیكیش دووهۆكارن كه وه‌ك خۆی ئه‌م رووداوانه ده‌گێڕنه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌یری داستانه كۆنه‌كانی كوردیش بكه‌ی به هه‌مان شێوه‌ی هه‌موویان له گۆرانی و هونه‌ردا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێمه وه‌ك پێویست نه‌مانتوانیوه بیپارێزین یاخود ساڵانه فیستیڤاڵ و میهره‌جانی گه‌وره‌ی هونه‌ری تایبه‌ت به فۆلكلۆر ساز بكه‌ین و ره‌سه‌نایه‌تی خۆمان نیشانی نه‌وه‌كانی نوێ بده‌ین له هه‌مان كاتدا به جیهانیش بڵێین ئه‌مه‌ش فۆلكلۆر و گه‌نجینه‌ی ئێمه‌یه و شانازیشی پێوه بكه‌ین
هۆزان ئالین سه‌باره‌ت به نوێكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه كۆنه‌كانی هونه‌رمه‌ندان كه ئێستا له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه ئه‌م دیارده‌یه زۆر به‌ربڵاوه ده‌ڵێت: به‌ڕای من ئاساییه كه هونه‌رمه‌ندێكی گه‌نج هه‌ڵسێت گۆرانییه‌كی یه‌كێك له هونه‌رمه‌ندانی پێش خۆی دووباره بكاته‌وه و بیڵێت، به‌ڵام به مه‌رجێك حه‌قی ئه‌و گۆرانییه و هونه‌رمه‌نده‌كه‌ش بدات، من ئه‌و قسه‌یه ناكه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌م كردووه و پێشتر گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌م وتوته‌وه، نه‌خێر ئه‌گه‌ر منیش خۆم هه‌ست بكه‌م كه مافی گۆرانییه‌كه یان هونه‌رمه‌نده‌كه ناده‌م، ئه‌و كات رێگا به‌خۆم ناده‌م كارێكی له‌م جۆره ئه‌نجام بده‌م و داوا له جه‌ماوه‌ری خۆیشم ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه كه ئه‌و گۆرانیانه‌م شێواندووه كه دووباره‌یان ده‌كه‌مه‌وه، تكایان لێده‌كه‌م رێگام پێمه‌ده‌ن و بڵێن تۆ مافی ئه‌وه‌ت نییه ئه‌م كاره بكه‌یت، چونكه گۆرانییه ئه‌سڵییه‌كه‌ت شێواندووه.
ئالین پێیوایه كورد خۆی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده له بواری هونه‌رییه‌وه و پێویست ناكات هونه‌رمه‌ندان و گۆرانیبێژانی كورد روو له هونه‌ری میلله‌تانی دیكه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كاری له‌سه‌ر بكه‌ن.
ئێمه‌ی كورد خاوه‌ن گه‌نجینه‌یه‌كی هونه‌ری له بن نه‌هاتووین به‌تایبه‌تی له بواری هونه‌رییه‌وه كه ده‌توانین زۆر سوودی لێ وه‌ربگرین نه‌خاسمه ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی كراوه تا ئێستا نه‌مانتوانیوه نه حه‌قی كه‌لتووری خۆمان به ته‌واوی بده‌ین نه وه‌ك پێویستیش سوودی لێ وه‌ربگرین به پێچه‌وانه‌وه ده‌بینین میلله‌تانی دیكه زیاتر له ئێمه سوودیان لێی وه‌رگرتووه و به ناوی خۆیانیان بڵاوكردۆته‌وه و ئێمه‌ش ته‌ماشایان ده‌كه‌ین و ناچارین بڵێین ئه‌مانه هونه‌ری كوردی‌یان دزیوه.
ده‌رباره‌ی به‌رده‌وام بوونی له گوتنی گۆرانییه كۆنه‌كانیش ئالین ده‌ڵێ: راسته من تا ئێستا زۆر گۆرانی كۆن و فۆلكلۆرم دووباره گوتوته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه من ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و شێوازه به‌رده‌وام بم، چونكه هونه‌رمه‌ند ده‌بێ شاره‌زایی له هه‌موو ستایل و شێوازه‌كانی گۆرانی و موزیك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت و زیاتر بناسرێت، به هه‌مان شێوه زۆر ئاساییه كه هونه‌رمه‌ندی كورد بتوانێت به زمانه‌كانی تر گۆرانی بڵێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌و كاتیش هه‌وڵ بدات خزمه‌ت به هونه‌ری كوردی بكات له رێگای زمانی تره‌وه نه‌وه‌ك بچێت به توانا و به‌هره هونه‌رییه‌كانی خۆیه‌وه خزمه‌ت به نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه بكات كه منه‌ت و پێویستی پێی نییه.