سینەماكار ئەنوەر سندی: دەمەوێ بە جیهان بڵێم چوارسەدساڵە ئەنفال دەكرێین

سینەماكار ئەنوەر سندی: دەمەوێ بە جیهان بڵێم  چوارسەدساڵە ئەنفال دەكرێین
ئا:خەلیل بلەیی


ئەنوەر سندی یەكێكە لە دەرهێنەرە دیار و بەرچاوەكانی كورد، هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێكە هیچ كارێكی سینەمایی ئەنجام نەداوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت خەریكی كار كردنە و نەوەستاوە لە كار كردن، بەڵام هەموو شتێك بۆ كاتی خۆی، لەم دیمانەیەدا ئەنوەر سندی راشكاوانە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.

* ماوەیەكە دووری لە كاری سینەمایی، هۆكارەكانی ئەم دووركەوتنەوەیەت چین؟
-من لە ساڵانی 2003-2004 فیلمێكم دەرهێنا كە لە كوردستان و ئەمەریكا و ئەوروپا نمایش كرا، فیلمەكەم وەك پەیامێك بوو بۆ ئەو ئازار و مەینەتیانەی بەسەر گەلی كورد هاتوون و توانیم پەیامەكەم بگەیەنم، دواتر هەستم كرد كە بەردەوام بوون بەو شێوەیە كارێكی زیادە، بەڵام لەبەر ئەوەی كوردستان هەمووی بابە تێكی گرنگە بۆ سینەما، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ستافێكی سینەمایی بیانی كار بكەین ئەوا دەتوانین پەیامەكە بە تەواوی وەكو خۆی بگەیەنین، هەروەها بە ئاگاداری كاك نێچیرڤان بارزانی دوو جار سەردانی هۆڵیۆدم كرد توانیم پردێك لەنێوان كوردستان و ئەمەریكا دروست بكەم بۆ ئەوەی بێن لە كوردستان فیلمەكانیان بەرهەم بهێنن، هەروەك چۆن دەچن لە مەغریب یان توركیا فیلمەكانیان بەرهەم دەهێنن، چونكە لێرە زەمینە لەبارە و خەرجی زۆر كەمتریشی تێدەچێت، بۆ نموونە ئەو فیلمەی لە مەغریب 20 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت لە كوردستان تەنیا 5 ملیۆن دۆلاری دەوێ، ئەمەش سوودێكی زۆری بۆ ئێمە هەیە و دەبێتە هۆكارێك بۆ بڵاوبوونەوەی كەلتووری سینەما لە كوردستان. من ئێستا لە فیلمی (قەڵای دمدم) كار دەكەم و دەمەوێ كارێكی باش ئەنجام بدەم، بە كادرێكی كوردی و پسپۆڕی بیانی بە جیهان بڵێم ئێمە تەنیا لە 1988ئەنفال نەكراوین بەڵكو ماوەی 400 ساڵە ئێمە ئەنفال دەكرێین و بە ڕای من (قەڵای دمدم) بە قەد كۆماری مهاباد گرنگە، چونكە هەموو بنەماكانی دەوڵەتی هەبوو و دەبێ بینەری بیانی بزانێت كورد خاوەن مێژوویەكی دوور و درێژە و تەنیا لە ماوەی 35 ساڵی حوكمی بەعسدا ئازاری نەچەشتووە، بەشێوەیەكی گشتی پێموا بووە ئەگەر كارێك بكەم و تێیدا سەركەوتوو نەبم زۆر باشترە كارەكە نەكەم، چونكە كارێكی ناسەركەوتوو زیانێكی ماددی بە میللەتەكەت دەگەیەنی لە هەمان كاتدا كاریگەری دەبێت لەسەر ناوبانگی سینەماكارەكە خۆی.

* بۆچی كەمتر لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری كار دەكەی؟
- پێوەندیم لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری زۆر باشە، بەڵام راشكاوانە دەڵێم ئەو بودجەیەی من دەمەوێ لە توانای وەزارەتی رۆشنبیریدا نییە و ناتوانێت ئەم ئەركە لەئەستۆ بگرێت، بەڵام ئەگەر وەزارەتی رۆشنبیری لە كارەكانی مندا بە رێژەی تەنیا 5%ش بەشدار بێت ئەوا سوپاسیان دەكەم، وەزارەت كۆمپانیا نییە، ئەوەی فیلم بەرهەم دەهێنێت كۆمپانیایە كە خاوەن ستاف و دامودەزگا و كادیری تایبەتی خۆیەتی، وەزارەتی رۆشنبیری تەنیا پارە دەدات پارەكەش زۆر كەمە، بۆ نموونە 10 هەزار دۆلار بۆ فیلمێك خەرج دەكەن لەو 10 هەزارە تا دەگاتە دەستی من تە نیا 4 هەزار دۆلاری دەمێنێتەوە بەمەش فیلمەكە سەقەت دەبێ و زیان بە سینەماكار و بە بودجەی دەوڵەتیش دەگەیەنێت.

* لە كوردستان كادیری سینەماییمان هەیە، ئەگەر نەبێت چۆن ئامادە دەكرێت؟
- هەبێ و نەبێ هەر ئەمەی ئێستامان هەیە و لەمە زیاترمان نییە، بەجۆرێكە نە دەتوانی بڵێی هەمانە، نەدەتوانی بڵێین نیمانە، دەتوانین بڵێین جووڵەیەك هەیە لە هەر چوار پارچەی كوردستان لەلایەن چەند كەسێكەوە، ئەگەر ستۆدیۆ و هۆڵی و كەلتوری سینەماییمان هەبێت ئەوا ئەو كادرە دەتوانرێ پەرەی پێ بدرێت و بێتە بوون، چونكە ئێمە لە كوردستان بە بنەمایەكی زۆر سادە كار دەكەین و كادیری لێهاتوو بە كار كردنی بەمشێوەیە دروست نابێت، نەمانتوانیوە تا ئێستا لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ببینە خاوەنی ئەم جۆرە كادیرە، كەچی 20 ساڵە خاوەن سینەماین ئەمە لە كاتێكدایە كادیری باش لە ماوەی 5 ساڵدا دروست دەكرێت، ئێستا كورتە فیلم و فیلمی درێژ و درامای جۆراوجۆری كوردی هەیە، بەڵام زۆریان لاساییە و تەنیا بۆ خۆ دەرخستنە، ئەگەرچی مەفهومێكی باشیش هەیە، هەروەها سەبارەت بە سینەما لە كوردستان زەمینەیەكی لەبارە، وەك باغچەیەك وایە كە هەموو جۆرە گوڵێكی تێدایە مەبەستم جوگرافیا و تراژیدیا و ئەفسانە كە كەرەستەیەكی باشن بۆ سینەما.

* باست لەوە كرد كە كوردستان وەك باغچەیەك وایە بۆسینەما، بەڵام بۆچی سینەماكارانی كورد زیاتر جەخت لەسەر لایەنی كارەسات و تراژیدییەكانی میللەتی كورد دەكەنەوە و بەردەوام بۆتە هەوێنی كارە هونەرییەكانیان؟
- دەڵێن هەر وڵاتێك شاعیری زۆر بێت بزانە ئەو وڵاتە هەژار و پاشكەوتووە و بە دەست بێكارییەوە دەناڵێنێ، ئەمەی تۆ باسی دەكەی ئاساییە، چونكە خەڵكی ئێمە بەتایبەتی ئەوانەی ئێستا خەریكی كاری سینەمایین و گرنگی پێدەدەن لەنێو تۆپ و فڕۆكە و شەڕ و كارەساتدا چاوی بە دونیا هەڵهێناوە، بۆیە دەبینین ئەو جۆرە سینەمایەی دەوێت، لەوانەیە نەوەكانی داهاتوو بەمجۆرە سینەمایەی ئێستا هەیە رازی نەبێ، بۆیە پێویستە سینەماكاران ئەمەیان لەبەر چاو بێت، چونكە ئێستا ئەو سەردەمە نییە لەوانەیە ئەم كارەساتانە دەست بدات بۆ چیرۆك یان رۆمان، ئێمە ئێستا ئەو تەكنۆلۆژیایەمان نییە كە بتوانین كارەسات و داستانەكان بكەین بە فیلم، ئەگەر ئەمە هەبێت من یەكەم كەس دەبم هەوڵ دەدەم داستانەكانی زۆزك و سەفین و هەندرێن و خواكۆڕك بكەم بە فیلمێكی سینەمایی، كە فڕۆكە و كۆپتەر و تانكی تێدا بەكار بهێنرێت، بە هەمان شێوە ناتوانی داستانێكی ئەڤینداری كوردی بكەی بە فیلمێكی سینەمایی، چونكە فیلمێكی ئەڤینداری لەوانەیە پێویستی بەوە هەبێت كوڕ و كچەكە یەكتری ماچ بكەن یان دەست گرتن و لە باوەش گرتنی تێدا بێت كە ئەمە لە كوردستان بە كارێكی حەرام دادەنرێت، ئەگەر فیلمێكی لەم شێوەیە بەرهەم بهێنرێت بۆ بەیانی فەتوای كوشتن لەسەر دەرهێنەر و ئەكتەرەكان دەدەن.

* كاریگەرییە سلبی و ئیجابییەكانی كارتێكردنی سینەمای ئێرانی بەسەر سینەمای كوردی چین؟
-سینەمای ئێرانی ماڵی سینەمای كوردی وێران كردووە، سینەمای ئێرانی زۆر داخراوە، بەڵام ئێرانییەكان چارەسەری خۆیان كردووە. لە سینەمای ئێرانیدا منداڵ و ئافرەت پاڵەوانی سەرەكین، ئەم منداڵە بە دز، بێرەوشت، پەككەوتە، كوێر، سواڵكەر، بە هەمان شێوە ئافرەتیش بە لەشفرۆش یان دز و بە چەند شێوەی دیكەی خراپ نیشان دەدەن، سینەمای كوردیش تا رادەیەكی زۆر ئەمەی پێوە دیارە جارێكیان لە هۆڵیۆد بووم بە دەرهێنەرێكی ئەمریكیم گوت من كوردم، پێیگوتم هەستە لەپێش چاوم بە پێیان بڕۆ، ئەی چاوەكانت لە دەست نەداوە، ئەی دەستەكانت تەواوە، منیش گوتم بۆ ئەو قسەیە دەكەی، بە پێكەنینەوە گوتی: برا گیان سینەمای ئێرانی و كوردی مرۆڤ وا نیشانی دەدات كە هەمیشە پەككەوتە سەقەتە، لە سینەمای جیهانی بەتایبەتی لە هۆڵیۆد ئەم جۆرە رەفتارانە بەدی ناكرێن و هەر لەبەر ئەمەشە دەبینین سینەمای عێراقی و ئێرانی و توركی نەگەیشتوونەتە ئاستی سینەمای جیهانی.

* ئایا ئەمە بێباكی و تەمبەڵی سینەماكارانی كورد نیشان نادات؟
- گرنگترین بەش لە سینەما، سیناریۆیە ئێمە سیناریۆ نووسمان نییە ئەوەی هەمانە چیرۆكنووس و رۆماننووسن، بەداخەوە تا ئێستا بەشی سیناریۆ لە كۆلێژەكان ناخوێندرێ كە گرنگترین بەشی سینەمایە.
Top