“باتمان” ماڵئاوایی لە سینەما دەكات

“باتمان” ماڵئاوایی لە سینەما دەكات
بۆ ماوەی نزیك بە نێو سەدەیە كەسایەتی خەیاڵی باتمان وەك یەكێك لە ئایكۆنە دیارەكانی سینەمای ساینس فیكشنی هۆلیوود سەرنج و تێڕامانی هۆگرانی ئەم شێوازە لە سینەمادا، هەموو كات بە شێوازی گۆڤاری كارتۆنی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە، درامای تەلەڤزیۆنی و زنجیرەی یەك لە دوای یەكی سینەمایی لەگەڵ پێشوازییەكی گەرمی بێنەرانی سینەمادا ڕووبەڕوو بووە.

بەڵام پێی دەچێت كە ئەمجارە زۆر جیاواز بێت و كەسایەتی باتمان بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لە پەردەی سینەماكان ون بێت و ئەوە لە دوای ڕاگەیاندنی یەكێك لە دیارترین ئەكتەرەكانی دەوەری كەسایەتی باتمان بڵاو دەبێتەوە.

ئەستێرەی بەناووبانگی هۆلیوود (كریستیان بیل) لە چاوپێكەونێكدا لەگەڵ گۆڤاری سینەمایی “هۆلیوود ڕێپۆرتر”ـدا ئەوەی ڕاگەیاند ئەگەر چی هەست بە خۆشەویستی لە ڕادە بەدەری كەسایەتی باتمان لە لای بێنەرانی سینەما دەكات، بەڵام ماوەیەكی دوور و درێژە هەست بەوە دەكات كە كاتی ماڵئاواییكردن لەو كەسایەتییە هاتووە و ئێستا دەتوانێت ئەوە بڵێت كە بە تەواوی لەسەر ئەوە ساغبووتەوە كە لەدوای فیلمی “The Dark Night Rises” چێتر بەشداریی لە فیلمی باتماندا ناكات و ئەوە بە دوایین بەشی ئەو دراما خەیاڵییە زانستییە هەژمار دەكرێت.

ئەوە لە كاتێكدایە كە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا، (كریستیان بیل) بەشداریی لە سی بەشی زنجیرەی سینەمایی “باتمان” لە دەرهێنانی (كریستۆفێر نۆلان)ـدا كردووە و، پێی دەچێت دوایین بەشی ئەو فیلمە ساینس فیكشنە كە لە ژێر ناوی “The Dark Night Rises” ـدا ئامادەكراوە، لە سەرەتای هاوینی ساڵی 2012 ـدا نماییشی گشتی دەكرێت.

براوەی خەڵاتی ئۆسكار (كریستیان بیل) كە لە هەر سی زنجیرە فیلمی “باتمان”ـدا ڕۆڵی كەسایەتی (برۆس ڤین) ـی بەرجەستە كردووە، بە یەكێك لە سەركەوتووترین ئەو ئەكتەرانە هەژمار دەكرێت كە بەشداریی لە فیلمی “باتمان”ـدا كردووە. لەگەڵ ئەوەیشدا كاتێك ساڵی 2003 گەورە كۆمپانیای فیلمسازی “برادر وارنرز” (بیل كریستیان)ـی بۆ بەرجەستەكردنی ڕۆڵی “باتمان” دەستنیشان كرد و، دواتر باس لە گرێبەستی چەند ملیۆن دۆلاری ئەو ئەكتەرە كرا. زۆربەی میدیاكانی هۆلیوود بە چاوێكی گومانەوە سەیری تواناییەكانی ئەو “باتمان”ـە نوێیەیان دەكرد و لەسەر ئەو باوەڕە بوون كە سەركەوتوو نابێت. بەڵام هەر دوا بە دوای بڵاوبوونەوەی بەشی یەكەمی ئەو زنجیرە فیلمە، بێنەران و ڕەخنەگرانی سینەما پێشوازییەكی گەرمیان لە بەشداریی (كریستیان بیل) كرد و بە سەركەوتوویان پێناسە كرد.

ئەو ئەكتەرە ساڵی 2005 بەشداریی لە بەشی یەكەمی زنجیرە فیلمی لە ژێر ناوی “Batman Begins”ـدا كرد، كە زیاتر لە 372 ملیۆن دۆلار داهاتی گشتی بووە، ساڵی 2008 بەشداریی لە بەشی دووەمی ئەو فیلمە لەژێرناوی “The Dark Night” ـدا كرد كە سەركەوتنێكی گەورەی بۆكس ئۆفیسی مسۆگەر كرد و، كۆی داهاتی گشتیی فیلمەكە زیاتر لە یەك ملیارد دۆلاری تێپەڕاند و، بەم پێیە نازناوی یەكێك لە چەند فیلمە پڕ داهاتەكانی هەموو مێژووی سینەمای هۆلیوودی وەرگرت.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە بەشی سێیەمی “باتمان” كە لە ژێر ناوی “The Dark Knight rises” ـدا بڵاو دەبێتەوە، بە بەشداریی كۆمەڵێك ئەكتەری بەئەزموون و ناسراوی دیكەی هۆلیوود هەروەك (مایكل كاین)، (گاری ئۆلدمان)، (مۆرگان فرێمان)، (تۆم هاردی) و (جۆزیف گۆردۆن لێڤیت) ئامادە دەكرێت.
Top