حەمەی نێرگز: تا لە ژیاندا مابم رازی نابم كەس گۆرانییەكانم بڵێتەوە

حەمەی نێرگز: تا لە ژیاندا مابم رازی نابم كەس گۆرانییەكانم بڵێتەوە
هونەرمەند لەئاواتی دووری گۆرانەوە گوێی گوێگری پڕكرد لە گۆرانی: ئەی چاو! چەشنی بازی قەفەس هەڵوەری پەڕت، كوا باڵە تیژەكانی نیگای حوسنی دولبەرت؟ توانی بۆ ئەو سەردەم جۆرێك لە داهێنان بكات. ئەم هونەرمەندە لەسەنگەری رەسەنایەتی هونەریی كوردیدا بەچەندین بەرهەمی ناوازەی وەك (خەم و باخی بێبەرهەم و ئاواتی دووری) و چەندین گۆرانی تر تا ئێستاش دەنگە بەسۆزەكەی لە گوێماندایەو چەند بەرهەمێكی تۆمارنەكراویشی بەهۆی قورسی نەخۆشیەكەیەوە وەك دیلی قەفەس ماوەتەوە و تۆمارنەكراوە.
حەمەی نێرگز لەدایكبووی شاری سلێمانییەو تائێستاش هەر لەو شارە ژیان بەسەر دەبات و ماوەی دوو ساڵە بەهۆی قورسی نەخۆشیەكەیەوە نەیتوانیەوە بەردەوامی بە گۆرانییەكانی بدات، گۆڤاری گوڵان بەپێویستی زانی سەردانی هونەرمەند بكات و چەند پرسیارێكی ئاراستە بكات.
سەرەتای كاری هونەری
مامۆستا حەمەی نێرگز دەستپێكی كاری هونەریی خۆی دەگەڕێنێتەوە بۆ كۆتایی ساڵانی پەنجاكان. دەڵێت “هەر ئەوكات كە دەستم كردووە بەكاری هونەری و هەر لەو كاتەوە تا ئەوكاتەی تەندروستیم باش بوو و توانام هەبوو، بەردەوام بووم لە گۆرانی گوتن، بەڵام كۆمەڵێك لە بەرهەمەكانم ون بوون لەجەنگی ئازادكردنی عێراقەوە، ئەوكات ئێزگەی بەغداد تاڵانكرا. بۆخۆشم توانای ئەوەم نەماوە دووبارە تۆماریان بكەمەوە، گۆرانیەكانم ناسراون لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕن. ئەمەش لەبەر ئەوەی لە بەرنامەی خۆمدا دامنابوو كە پەلە نەكەم لە زۆری بەرهەمەكانم، چونكە كاری زۆر و بۆرم پێخۆش نییە. ئەو گۆرانیانەی كە تۆمارم كردوون زۆریان لێ رازیم و كار و ماندووبوونی زۆرم بۆ چەشتوون، چونكە نەمویستووە بەرهەمەكانم دوای چەند مانگێك بێتام ببن و گوێگریان نەمێنێت، بەڵكو ویستوومە بۆ هەمیشە گۆرانییەكانم بمێنێتەوە. نەك وەك ئەم گۆرانیانەی كە ئێستا باوە و دوای ماوەیەك چێژی گوێگرتنی نامێنێت و كۆچ دەكەن. بۆیە ژمارەی گۆرانییە تۆماركراوەكانم لە پەنجەی دەست تێناپەڕێت”.
دەربارە تێكستەكانی گۆرانییەكانیشی دەڵێ “لە شاعیران( گۆران _ محەمەد رەسوڵ هاوار_ دڵشاد مەریوان....تاد)م وەرگرتووە و ئاوازم بۆیان دروست كردووە، وردەكاریم كردووە بۆ هەڵبژاردنی تێكست ئەو تێكستانەم هەڵبژاردووە كە لەناخ و دەروونی كۆمەڵگەكەمەوە نزیك بووە، بۆیە تا ئێستاش زیندوون و چێژی گوێگرتنیان هەیە”.
دواهەمین بەرهەم و خەڵاتی رێزلێنان
دەربارەی دوواهەمین بەرهەمی هونەری خۆیشی هونەرمەند حەمەی نێرگز دەڵێ “لە ساڵی 2002 لەگەڵ تیپی سەهەند دواهەمین بەرهەم و گۆرانیم تۆمار كرد بەناوی (باخی بێبەرهەم) سەرەڕای ئەمەش بەرهەمی ترم ئامادەكرد بەناوی (شەوگار) لە شیعر و ئاوازی خۆم و مامۆستا دلێر حوسێن موزیكەكەی ئامادە كرد، بەڵام نەمتوانی بەهۆی نەخۆشیەكەمەوە تۆماری بكەم، بەهۆی ئەوەی گۆرانی وتن پێویستیەكی زۆری بە ماددە هەیە، منیش ئەوەم نەبووە. وەك دیارە ئێستا گۆرانی وتن بووە بە بازرگانی، بۆیە لەمانا جوانەكەی خۆی چووەتە دەرێ”.
سەبارەت بە خەڵاتی رێزلێنانیش كە پێشكەشیان كراوە دەڵێ “خەڵاتی رێزلێنانی(شەقامی شاری سلێمانی) بۆمن مایەی خۆشحاڵییەكی زۆر بوو كە ئەو خەڵاتەم پێبەخشرا لەلایەن هەندێك لە هونەرمەندانی برادەرو خاتوو هێرۆ ئیبراهیمەوە. دواتریش وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم مەدالیای رێزلێنانیان پێبەخشیم، ئەمەش نیشانەی دڵسۆزییە بۆ ئەو هونەرمەندانەی كە رۆژێك لەرۆژان بە هونەرەكەیانەوە خزمەتێكیان پێشكەش بە میللەتی خۆیان كردووە”.
بۆچی رازی نییە كەس گۆرانییەكانی بڵێتەوە
ئێستا هەندێك لە هونەرمەندە لاوەكان بەر لەوەی هیچ گۆرانییەكی تایبەت بەخۆیان هەبێت، دەست دەكەن بە گوتنەوە و نوێكردنەوەی گۆرانی هونەرمەندەكانی تر، جا لە ژیان مابن یان كۆچی دواییان كردبێت، لەم بارەیەوە هونەرمەند حەمەی نێرگز دەڵێ “هەست بە فەخر و شانازی دەكەم ئەگەر گۆرانیبێژێك بتوانێت گۆرانیەكانی من وەك خۆی بڵێتەوە، بەڵام گۆرانیەكانم وشەی زۆر قورسی تێدایە و زۆر كەس ناتوانێت بیڵێتەوە. ماوەیەك بەر لەئێستا كەسێك لەهەولێر تەلەفۆنی بۆكردم و وتی: مامۆستا گۆرانیەكت هەیە دەمەوێت دەستكاری ئاوازەكەی بكەم و بیڵێمەوە، نەمهێشت و رازی نەبووم. وتم بۆ ناڕۆیت تۆش وەك من خۆت ماندو بكەیت و گۆرانییەكی باش دابنێیت خۆت ببیت بەخاوەنی. بۆیە دەڵێم تا لە ژیاندام رازی نابم هیچ كەسێك گۆرانیەكانم بڵێتەوە. ئەوانە هاتوونەتە سەر پارووی ئامادە، ئێمە دنیایەك مەینەتیمان چەشتووە بەو گۆرانیانەوە تا هاتووەتە بەرهەم”.
دەربارەی ئەو گەنجانەی ئێستا گۆرانی دەڵێن هونەرمەندی گەورە حەمەی نێرگز دەڵێ “هونەرمەندە تازەكان زۆر پەلە دەكەن لەگۆرانی وتن، پێیانخۆشە بەزۆریی ژمارەی گۆرانیەكانیان ناوبانگ دەربكەن، نەك بە گۆرانیەكی جوان. ئاوازی وایان هێناوە مەگەر تەنیا خۆیان بزانن لەكوێوە ئەم ئاوازەیان وەرگرتوە، دەستیان لە رەسەنایەتی گۆرانی كوردی داوە، ئەمانە ئیش بە رەسەنایەتی ناكەن. چەندین قوتابخانەی باشی وەك(رەفیق چالاك و ماملێ و حەمە ساڵح دیلان) ئەمانە و چەندانی تر دەتوانین سوود لەئیشە باشەكانیان وەربگرین. بیربكەنەوە كە بۆچی ئەم گۆرانیانە تا ئێستاش زیندوون، ئەمە رەسەنایەتی هونەری كوردیە بۆیە قەت لەناو ناچن.
ئەم گۆرانیانەی كە ئاوا دێتە بەرهەم، زوو لەناو دەچن و هیچ چێژ و خۆشییەك بە گوێگر نادەن. تەنیا رووخساری گۆرانیەكەیان پێ گرنگە. بۆنموونە چەند ئافرەتێك دێنن سەمایان لەگەڵ بكەن. بەمەش ئافرەتیان ناشیرین كردووە كە ئافرەت بۆخۆی موقەدەسترین بوونەوەرە لەسەر زەویدا. لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەیە زانیویانە لەگۆرانی و ئاوازە تازەكانیان سەركەوتوو نەبوونە هاتوون دەستیان داوە لە گۆرانیە مەزنەكانی كورد وەك(عەلی مەردان و ماملێ) چەندین كەڵە هونەرمەندی تر كە نابێت لەخۆوە دەستیان لێبدرێت، ئەم گۆرانیانە زیندوون قەت نامرن، ئیتر چۆن بە بەهانەی تازەكردنەوە دێن ناوی خۆتانی پێدەناسێنن”.
هەڵبژاردنی هونەر و كۆچی حەمە جەزا
دەربارەی ئەوەی بۆچی گۆرانی گوتنی هەڵبژارد و چۆن ژیانی هاوسەرێتی هەڵبژارد هونەرمەند حەمەی نێرگز دەڵێ “من و چەندین لە هاوڕێ هونەرمەندەكانم گۆرانی كوردیمان وەك سەنگەرێك هەڵبژاردبوو، پێشمەرگە سەنگەری شەرەفی میللەتەكەی هەڵبژاردوە و خوێنی داوە، ئێمەش لەسەنگەری هونەری رەسەنی میللتەكەمان بووین تا گۆرانیەكمان تۆمار كردووە. لەرێگەی هونەرەوە توانیم پێشمەرگایەتیەكی نەبەردانە بكەم.
ژیانی هاوسەریم وەك هەموو كەسێكی تر باوكم دایكم ژنیان بۆ هێناوم، نە من ئەوم بینیبوو نەئەویش منی دیبوو، بەڵام خۆش بەخت بووین لەژیاندا و دوو كچ و سێ كوڕمان هەیە، بەڵام كەسیان نەیاتوانی هونەر هەڵبژێرن، ئەگەر بشبوونایە بە هونەرمەند، یارمەتیم دەدان و پشتگیریم لێدەكردن”.
لە كۆتاییشدا بۆ كۆچی دوایی هونەرمەند حەمە جەزا دەڵێ “كۆچی حەمە جەزا زیاتر نەخۆشیەكەی بۆ قورس كردم، چونكە حەمە جەزا كۆڵەكەیەكی گەورەی هونەری رەسەن بوو بۆ میللەتەكەمان. هونەرمەندێك بوو پێویستە هەموو تاكێكی كورد شانازی پێوە بكات، منیش یەكێكم لەو تاكانە كە شانازی پێوە دەكەم”.
Top