سەنا بەحاج بۆ گوڵان: پێویستە ئەكتەر پەیامەكەی خۆی بە باشترین شێوە بگەیەنێت

سەنا بەحاج بۆ گوڵان: پێویستە ئەكتەر پەیامەكەی خۆی بە باشترین شێوە بگەیەنێت

سەنا بەحاج دەرچووی پەیمانگەی باڵای هونەرییە لە مەغریب، یەكێكە لەو ئەكتەرە مەغریبییانەی كە ساڵانێكە بە بوێری و سەركەوتوویی لە بواری نواندندا كار دەكات و لە سینەما و شانۆ و درامادا ڕۆڵی جیاجیای بینیوە، بەم دواییەش بەشداریی لە زنجیرە درامایەكی كۆمیدیدا كردووە، سەنا بە ڕەچەڵەك ئەمازیغییە، بەم شێوەیە وەڵامی چەند پرسیارێكی گوڵانی دایەوە.

*حەز دەكەین بزانین نوێترین بەرهەمەكانت چین؟

-فیلمی میتاك كە بەشداریی لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەكاندا كرد و خەڵاتی نێودەوڵەتیی بەدەست هێنا، لەوانە خەڵاتی باشترین فیلمی سینەمایی لە هیندستان و فێستیڤاڵی لیۆناردۆ داڤینچی، هەروەها باشترین فیلمی درێژ لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی كورتە فیلم لە شاری مەراكش، زنجیرە تەلەفزیۆنییەكەی مەرجانە و زنجیرەی شەوانی شارە كۆنەكە كە بەم دواییە نمایش كران، هەروەها فیلمێكی كۆمیدی بە ناوی بولاقول و ئەو زنجیرە نوێیەی كە تا ئێستا نمایش نەكراوە و زنجیرەی فەرهاوە، من ئێستا لە پرۆسەی وێنەگرتنی زنجیرەی ئەمازیغیی ٣٠ ئەڵقەیی ئێلیدام.

سەنا بەحاج بۆ گوڵان: پێویستە ئەكتەر پەیامەكەی خۆی بە باشترین شێوە بگەیەنێت

*بەڕای تۆ درامای مەغریبی دەتوانێت شان لە شانی درامای میسری بدات؟

-پێموایە درامای مەغریبی سوودی زۆری هەیە بۆ درامای میسری، وەك ئەو پاڵپشتییە گەورەیەی كە لەلایەن زۆرێك لە كەناڵە ناوخۆیی و عەرەبییەكانەوە پێشكەش دەكرێت.

بە دەركەوتنی كەناڵی MBC و بەرهەمهێنانی زنجیرە مەغریبییەكانی و پیشاندانی لە كەناڵیMBC5، درامای مەغریبی شان بە شانی درامای میسری جێگەی خۆی دەبینێتەوە.

*چ پەیامێكت هەیە كە بتەوێ لە ڕێگەی هونەرەوە بیگەیەنیت؟

-ئەو پەیامەی كە دەمەوێت بیگەیەنم بە ئامادەبووان، ئەوەیە كە تۆ هونەرمەندێكیت و بە ڕۆڵەكانت لە بینەرەوە نزیكیت، من هەمیشە بەدوای كارەكتەرێكدا دەگەڕێم كە باس لە پرسێكی كۆمەڵایەتی بكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی گشتی، وەك بڵاوكردنەوەی خۆشەویستی و ئاشتی و گەیشتن بەم ئامانجە بەرزە، تەنانەت بۆ گەنجانیش، بۆ ئەوەی لە لادان دووریان بخەنەوە، بەڵكو بەدوای خۆیان و لایەنە ئەرێنییەكانی ژیاندا بگەڕێن.

سەنا بەحاج بۆ گوڵان: پێویستە ئەكتەر پەیامەكەی خۆی بە باشترین شێوە بگەیەنێت

*درامای مەغریبی لە چ ئاستێكدایە؟

-درامای مەغریبی بە جیاوازیی كلتووری جوگرافی جیا دەكرێتەوە، درامای كلتووریی مەغریبی بە پێی ناوچە و شوێنی مەبەستەكانی هەمەجۆرە و جیاوازە، هەر ناوچەیەك كلتوور و نەریتی خۆی جیاوازە لە ناوچەیەكی دیكە، بە شێوە و بە جلوبەرگ و نەریت و كلتوورەكانی دیكە جیا دەكرێنەوە.

*ئەی شانۆی مەغریبی؟

-سەبارەت بە شانۆی مەغریبی، پێموایە ئەو جیاوازییەی لە زۆربەی بەرهەمە شانۆییەكاندا هەیە، ڕووداوەكان بە ورووژاندنی چەند بابەتێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و هۆشیاری دەخوڵقێنێت و پەیامی ڕاستەوخۆ یان نا ڕاستەوخۆ دەگەیەنێت، بەڵام خزمەت بە هەمان ئامانج دەكەن كە لە هەر هونەر و كلتوورێكدا داوا كراوە، تەنانەت ورووژاندنی پرسە عەرەبییەكان لە ڕێگەی نمایشەكانەوە لەلایەن هەندێك تیمەوە ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە پاڵپشتیكردن لە پرسی فەلەستین.

*ڕەخنەی زۆر لە هونەرمەندانی مەغریبی دەگیرێت بەوەی پشت بە جوانیی ڕووخساریان دەبەستن بۆ سەركەوتن، لەم بارەوە ڕات چییە؟

-سەبارەت بەو ڕەخنانەی كە لە ڕێگەی دراماسازییەوە ورووژێندراون، ئەوە ڕەخنەیەكی هەڵەیە كە لە درامای مەغریبی و ئەكتەرە مەغریبییەكان دەگیرێت، بەڵكو زۆربەی بەرهەمە تەلەفزیۆنی و شانۆیی و سینەماییە مەغریبییەكان پشت بە بابەتگەلێكی گرنگ دەبەستن، كە پەیوەندییان بە كۆمەڵگە و تاكەوە هەیە، مەرج نییە بەو شێوەیەی كە پێشكەش كراوە وردتر بكرێنەوە.

 *ئامادەیت بەشداری لە كارێكدا بكەیت كە بە ورووژاندن یان بە نیمچە ڕووتی دەركەوی؟

-پێشتر چەند كارێكم پێشكەش كراوە، بەڵام ڕەتم كردووەتەوە، لەوانە فیلمێك كە ڕۆڵی سەرەكیم پێ دەدرا، بەڵام دەبوایە بە نیمچە ڕووتی دەربكەوم و ماچكردنیشی تێدا بوو، ئەمەش پێچەوانەی پرەنسیپ و ئەو شێوازەیە كە من كاری لەسەر دەكەم، قەناعەتیشم بەوە نییە كە ئەم جۆرە ڕۆڵانە خزمەت بە كارەكە بكەن، یان هۆكارێك بن بۆ سەركەوتن، من جەخت لەسەر زاراوەی (سینەمای پاك) دەكەمەوە و پێویست ناكات كچێك ڕووت بێت بۆ ئەوەی سەركەوتنی كارەكە مسۆگەر بێت.

*هەستت چۆن بوو كە بەشداریت لە یەكەم كاری كۆمیدیدا كرد؟

-بۆ من یەكەم ئەزموونی كۆمیدی ساڵی ڕابردوو بوو لە فیلمی تەلەفزیۆنیی Boul Aqul هەرچەندە ترسام بچمە ناو ئەم ئەزموونەوە، چونكە پێموایە كەسێكی خاوەن كارەكتەری كۆمیدی پێویستی بە فۆكەس و ئامادەكاریی باش هەیە و وەك شمشیرێكی دوو لایەنەیە، ئەگەر بە شارەزایی بەكاری نەهێنیت لەوانەیە زیانت پێ بگەیەنێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەزموونەكە سەركەوتوو بوو و بووە مایەی ڕەزامەندیی بینەران و چەندین جار نمایش كرا.

*وەك كچە ئەكتەرێكی ئەمازیغی، تا چەند توانیوتانە كلتووری خۆتان بپارێزن؟

-بێگومان شانازی بەوەوە دەكەم كە ئەمازیغیم، لە مەغریب بە دەیان ئەكتەر و هونەرمەند و ڕۆشنبیر و نووسەری ئەمازیغی هەن، ئێمە بە ئازادی كارەكانمان ئەنجام دەدەین بێ ئەوەی هیچ كۆت و بەندێك لەسەر كارەكانمان هەبێت، توانیومانە كلتوور و زمان و فەرهەنگی خۆشمان بپارێزین، بەڵام سەرەڕای ئەوەش توانای پێشكەشكردنی كاری زیاترمان هەیە.

Top