نارین فەقێ: كۆپی كردن هەر دەمێنێت

نارین فەقێ: كۆپی كردن هەر دەمێنێت
* بۆچی ماوەیەكە بێدەنگی؟
- هۆكاری بێدەنگی من بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرقاڵی كاری ئەلبوومێكی نوێم، وەكو پرۆژە كارەكانم تەواو كردووە، تەنیا تۆماركردنی دەنگ ماوە كە بەمزووانە ئەویش كۆتایی پێدێت و ئەلبوومەكەم ئامادە دەبێت، نزیكەی دوو ساڵە خەریكی هەڵبژاردنی گۆرانیم بۆ ئەم ئەلبوومە نوێیە بۆ ئەوەی خزمەتی هونەری رەسەنی كوردی پێ بكەم، هەروەها لە سوید جگە لە كاری هونەری، لە بواری یاساییدا لە فەرمانگەی كۆچی سویدی (سویدش میگرایشن بۆرد) لە بواری پەنابەران كار دەكەم.
*دوای ئەوەی هونەرمەند (جودی)ی باوكت سەردانی كوردستانی كرد بیری لە دووبارە ئەنجامدانەوەی كاری هونەری نەكردۆتەوە؟
-دیارە (جودی)ی باوكم بیری لەوە كردۆتەوە و پرۆژەی ئەلبوومێكیشی هەیە كە بڵاوی بكاتەوە، زۆربەی جار ئەو سەرپەرشتی كارەكانی من دەكات وەك بەڕێوەبەری كارە هونەریەكان و زۆریش هاریكاریم دەكات.
* تۆ گۆرانییەكت بۆ ئافرەتی كورد گوتووە، نیازی ئەوەت نییە ئەم ئەزموونە دووبارە بكەیتەوە؟
- بێگومان لە دواڕۆژدا ئەمە دووبارە دەبێتەوە لە ئەلبوومێكی تردا، ئامانجی هونەرمەند ئەوەیە لە هەر ئەلبوومێكدا شتێكی نوێ پێشكەش بە جەماوەری خۆی بكات، منیش لە ئەلبوومی داهاتوودا ئەم كارە دەكەم.
* بیرت لەوە نەكردۆتەوە شیعری كلاسیكی بكەیت بە گۆرانی؟
- لە ئەلبوومی داهاتوومدا گۆرانییەكی كلاسیك دەبێت، من بە گۆرانی كلاسیكی دەستم پێكردووە، بەڵام لە ئەلبوومەكانی پێشووم وەك پێویست گۆرانی كلاسیكی تێدا نەبووە، چونكە من حەز دەكەم شتی نوێ پێشكەش بكەم، ئەگەر گۆرانی نوێ بۆ هونەرمەند سەرمایە بێت ئەوا گۆرانی كلاسیكیش زۆر گرنگە و كاری داهاتووم بۆنی كلاسیكی لێوە دێت بۆ گوێگران.
*چی دەڵێی بەو هونەرمەندانەی گۆرانی كلاسیك پێشكەش دەكەن؟
- گۆرانی كلاسیكی بناغەیە و پێویستە ئێمەش لە كلاسیكەوە دەستپێبكەین و لە بیری نەكەین، ئەگەر ئێمە لە گۆرانی كلاسیكەوە دەست پێنەكەین وەك هونەرمەند ناتوانین ستایلی تایبەتی خۆمان پەیدا بكەین، من لێرەوە دەستخۆشی لەو هونەرمەندانە دەكەم كەشیعری كلاسیك زیندوو دەكەنەوە.
* گۆرانی فۆلكلۆری چ كاریگەرییەكی لەسەر نارین فەقێ هەبووە؟
- كاریگەرییەكی زۆری هەبووە، ئەگەر گۆرانی كلاسیك و بناغەی هونەری خانەوادەكەم نەبوایە من نەمدەتوانی ئەمڕۆ گۆرانی بڵێم و ستایلێكی تایبەت بەخۆم هەبێت، گۆرانی كلاسیك و فۆلكلۆر كاریگەرییەكی زۆری بەسەر منەوە هەبووەو بەشێكە لە مێژووی نەتەوەی كورد و گرنگ كە هیچ هونەرمەندێك ئەمە لەبیر نەكا.
* بەر لەوەی سیدییەكی پێشووت بڵاو بكرێتەوە پێشبینی ئەوەت كردبوو كۆپی بكرێت، چۆن دیاردەی كۆپی كردن پێناسە دەكەی؟
-راستە سیدییەكەی من كۆپی كرا، مخابن ئەم دیاردەیە تەنیا لە كوردستان نییە، بەڵكو لە جیهان بە گشتی گرفتێكی گەورەیە و بۆ چارەسەركردنی پێویستی شێوەی بیر كردنەوەی خەڵك بگۆڕین و پێویستە گوێگرانی هونەری كوردی ئاگاداری گرفتەكانی هونەرمەندی خۆی بێت و بەرهەمە ئۆرجیناڵەكانی بكڕێت، چونكە ئەگەر یاسایەكیش دەربچێت چارەسەری گرفتی كۆپی ناكات پێویستە خەڵك ئەو رۆشنبیرییەی هەبێت و خۆی لە كۆپی دوور بخاتەوە و گوێی لێنەگرێت.
*پێت وایە هەر سەردەمێك موزیكی تایبەت بە خۆی هەیە كە جیاوازە لە سەردەمێكی تر؟
- موزیكی جیهانی و نۆتەی موزیك هەمووی هەر یەكە، كاتێك مرۆڤ فێرە ئامێرێكی موزیك دەبێت چ لە كوردستان بێت یان لە هەر شوێنێكی دیكەی جیهان زمانی موزیك و نۆتەكانی هەر یەكە، بەڵام كە هەر وڵاتێك بە ئاواز و شیعرەكانی و زمانی خۆی دابنێت ئەوا بێگومان تا رادەیەك جیاوازی دەبێت،بەڵام نۆتە هەر نۆتەیە لە هەموو جیهان.
كاتێك هونەرمەند حەز لە موزیك دەكات ئەوا حەز لە موزیك ناكات لە شوێنێكی دیاریكراو بەڵكو هی هەموو جیهان جا رۆژئاوا یان رۆژهەڵاتی بێت جیاوازی نییە و موزیك هەر موزیكە و هەر جوانیشە.
Top