له‌ ئێستادا پاسكیلسوارى وه‌ك دیارده‌یه‌كى سه‌رده‌م سه‌یر ده‌كرێت

له‌ ئێستادا پاسكیلسوارى وه‌ك دیارده‌یه‌كى  سه‌رده‌م سه‌یر ده‌كرێت
سه‌ناریا كاوه‌ یاریزانى پاسكیلسوارى یانه‌ى برایه‌تى
یانه‌ى برایه‌تى شارى هه‌ولێر هه‌موو كات پێشه‌نگ بووه‌ بۆ پێگه‌یاندنى كچه‌ یاریزانانى كورد له‌ یارییه‌ جۆراجۆره‌كان، یارى پاسكیلسواریش یه‌كێكه‌ له‌و یارییانه‌ى كه‌ یانه‌كه‌ گرنگى باشى پێده‌دات و خاوه‌ن چه‌ندین كچه‌ یاریزانان كه‌ پاشه‌ رۆژێكى باش چاوه‌ڕوانیان ده‌كات ، سه‌ناریه‌ كاوه‌ یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یارى پاسكیل سوارییه‌ له‌ یانه‌كه‌ ، ناوبراو له‌ دایك بووى ساڵى 1999ى شارى هه‌ولێره‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌یه‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كان له‌ له‌سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراق چه‌ندین ئه‌نجامى به‌رچاوى به‌ده‌ست هێناوه‌ ناوبراو قوتابی په‌یمانگاى وه‌رزشیى هه‌ولێره‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى -دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*هه‌ڵبژاردنى ئه‌م یارییه‌ لاى تۆ به‌ چ شێوه‌یه‌ك بوو؟
- وه‌ك ئاواتى منداڵیم، وه‌ هه‌روه‌ها حه‌زى ئێستام ئه‌م یارییه‌م هه‌ڵبژارد.
*له‌ ئێستادا ئه‌م یارییه‌ بۆته‌ كه‌لتوور لاى كۆمه‌ڵگه‌ كه‌ كچان ئه‌م وه‌رزشه‌ ئه‌نجام بده‌ن؟
-من وای نابینم، به‌ڵكو سه‌ره‌تایه‌ وه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین له‌ كلتورمان بابه‌تى وا به‌گران سه‌یر ده‌كرێت و هه‌وڵى زۆر ماوه‌ تاكو وای لێبێت زۆرترین رێژه‌ى ئافره‌تان به‌شداربن و توانا و حه‌زیان به‌ده‌ر بخه‌ن.
*زۆر جار ئێوه‌ى كچان گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ شه‌قامه‌كان توانجتان لێده‌درێ، ئێستاش ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌رده‌وامه‌؟
-ده‌توانین بلێن ئه‌م شێوه‌یه‌ نییه‌، وه‌ له‌ ئێستادا وه‌ك دیارده‌یه‌كى نوێ وه‌ سه‌رده‌م سه‌یر ده‌كرێت به‌شێوه‌ى ئه‌كادیمی له‌ نێو یانه‌ وه‌رزشیه‌كان ئه‌م وره‌زشه‌ شوێنى خۆى كردۆته‌وه‌.
*له‌ كوردستان ئاستى یارى پاسكیلسوارى له‌ چ ئاستێكه‌؟
- ده‌توانین بلێن له‌ ئاستێكى مام ناوه‌ندى دایه‌ و پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان گرینگى زیاتر بده‌ن به‌م بواره‌، له‌ ستراتیژی درێژ خایه‌ن بایه‌خى گرینگى زیاتر بده‌ن به‌ بوارى پاسكیلسوارى ئافره‌تان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كان گرینگى لایه‌نى ئه‌رێنى زیاتر بخنه‌ پێش چاوى رای گشتى.
*وه‌ك كچه‌ وه‌رزشكارێگ گرفت و ئارێشتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
-پاڵپشتى ماددی زۆر كه‌مه‌ بۆ زیاتر ده‌ست به‌ركردنى پێداویستى مه‌شقى زیاتر بۆ كچان پێویسته‌ ره‌چاوى ئه‌م بابه‌ته‌ بكرێت.
*چى بكرێ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى پاسكیلسوارى بچێته‌ قۆناغێكى تر؟
- وه‌زاره‌تى رۆشنبیری و لاوان و حكومه‌ت بودجه‌ى تایبه‌ت و هه‌روه‌ها مامۆستاى ئه‌كادیمی زیاتر دابین بكرێت له‌ بوارى وه‌رزشى پاسكیلسوارى و پێگه‌یاندنى زۆرترین وه‌رزشكاری ئافره‌ت له‌م بواره‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئاستى رۆشنبیری بنه‌ماكان كه‌ تێدا تواناى ئافره‌ت هه‌یه‌ بۆ زیاتر خزمه‌ت كردنى بوارى وه‌رزشى به‌رز بكاته‌وه‌ و زاڵ بێت به‌سه‌ر كه‌لتوری پیاو سالاری و ئه‌و بێ متمانه‌یه‌ى نێوان وه‌رزش و ئافره‌ت و بنه‌ماڵه‌كان تاكو تواناى ئافره‌ت له‌سه‌رجه‌م بواره‌كان و به‌تایبه‌تى وه‌رزش بكرێته‌ خزمه‌تى ئه‌م بواره‌.
*په‌یامتان چیه‌ بۆ به‌رپرسانى وه‌رزشى له‌م یارییه‌؟
-زیاتر هه‌وڵ بده‌ن ئاسته‌نگه‌كان كه‌ بونه‌ته‌ له‌مپه‌ر له‌ نێوان تێكه‌ڵ بوونى ئافره‌ت و وه‌رزش لابدرێن وه‌كو ئه‌ركێكى ئه‌خلاقی سه‌یر بكه‌ن، وه‌ تاكو بوارى وه‌رزشى پاسكیلسوارى له‌ ئاستى هه‌رێم و عێراق، وه‌ هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ته‌كانى ناوچه‌كان ده‌ورو رۆڵى ته‌واوى هه‌بێت، وه‌ ببێته‌ بابه‌ت بۆ ناساندنى تواناى ئافره‌تانى كوردستان له‌م بواره‌.
*هیواو ئاواتت چیه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێكى كورد؟
-بتوانم ببمه‌ یاریزانێكى نێوده‌وڵه‌تى له‌م یارییه‌،بتوانم ناوى كوردستان له‌ پاسكیلسوارى ئافره‌تان به‌رز بكه‌مه‌وه‌.
* له‌ هیچ یانه‌كه‌یه‌ك داوكاریت پێشكه‌ش نه‌كراوه‌ بۆ یارى كردن؟
-تاكو ئێستا نه‌خێر، چونكه‌ یاریزانێكى تازه‌م.
*گرفتان له‌ یانه‌كه‌تان زیاتر له‌ چى خۆى ده‌بینێته‌وه‌
-گرفتى كه‌مى ماددی.
*له‌ باره‌ى چاكسازی وه‌رزشیه‌وه‌ په‌یامت چییه‌؟
-ده‌بێت به‌ ته‌واوه‌تى هه‌وڵبدرێت بۆ چاكسازى له‌ بوارى وه‌رزشیشدا.
*چیت ماوه‌ ؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤارى گوڵان به‌هیواى ئه‌وه‌م زیاتر خزمه‌تى وه‌رزشكاران بكه‌ن.



Top