به‌رنامه‌ى من ئه‌وه‌یه‌ فێرگه‌یه‌ك یان تیپێك بكه‌ینه‌وه‌

به‌رنامه‌ى من ئه‌وه‌یه‌ فێرگه‌یه‌ك یان تیپێك بكه‌ینه‌وه‌

هۆزان بازیدگۆڵپارێزى یانه‌ى چوارقورنه‌
به‌رنامه‌ى من ئه‌وه‌یه‌ فێرگه‌یه‌ك یان تیپێك بكه‌ینه‌وه‌
تیپى تۆپى فوتساڵى كچانى یانه‌ى چوار قورنه‌ خاوه‌نى چه‌ندین یاریزانى به‌توانایه‌ كه‌ پاشه‌ رۆژێكى باش و پڕشنگداریان لێ به‌دی ده‌كرێت، كچانى چوار قورنه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ به‌شداربوون له‌ خولى نایابى فوتساڵى یانه‌كانى كوردستان هه‌ر چه‌نده‌ توانیان خۆیان له‌ خوله‌كه‌ بهێلنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یانه‌كه‌ خاوه‌نى كۆمه‌لێك یاریزانى ئاست و به‌رز و به‌ توانایه‌ كه‌ توانى له‌ ساڵانى داهاتوو ئاست و ئه‌نجامى به‌رز به‌م كچانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت له‌ ركابه‌رییه‌كانى خوله‌كانى كوردستان، یانه‌ى چوار قورنه‌ نوێنه‌رى یانه‌كانى ده‌ڤه‌رى راپه‌رین بوو له‌ خوله‌ گه‌وره‌كه‌ى كچانى كوردستان، بۆیه‌ ئومێدی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ بتوانن له‌ ساڵانى داهاتوو ناوێكى گه‌وره‌ و ژماره‌یه‌كی قورس بن له‌ خوله‌كه‌، یه‌كێك له‌ گۆڵپارێزه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش كچه‌ یاریزانى هۆزان بازید حاجى بوو كه‌ توانى به‌رگرى له‌ تۆڕی تیپه‌كه‌ى بكات ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1996ى قه‌زاى سۆرانه‌ و پێشووتریش بۆ یانه‌كانى ده‌روازه‌ و چۆمان یارى كردوه‌ له‌م باره‌شه‌وه‌ گۆڤاری گوڵان دیمانه‌یه‌كى وه‌رزشیی له‌گه‌ڵى ئه‌نجامدا و چه‌ند پرسیارێكى وه‌رزشى ئاراسته‌ كرد ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
*چۆن بوو هاتیه‌ نێو جیهانى وه‌رزش، كه‌ ڕه‌نگه‌ ئێستا بۆ به‌شێك له‌ كچان قورس بێت؟
- له‌ رێگه‌ى قوتابخانه‌وه‌ ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ وه‌رزش دروست كرد له‌ قۆناغی ناوه‌ندى له‌ رێگه‌ى فیستیڤاڵى وه‌رزشیی قوتابخانه‌كانه‌وه‌ زۆربه‌ى كات ئه‌نجامى باشم هه‌بووه‌ بۆ قوتابخانه‌كانم، له‌ یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان ئه‌نجامى زۆر باشم هه‌بووه‌، دواتریش رووم له‌ یارى فوتساڵ كرد له‌ رێگه‌ى یانه‌ى ده‌روازه‌ى راپه‌رین چه‌ندین ساڵ یاریم بۆ ئه‌و تیپه‌ كردوه‌ دواتریش چوومه‌ته‌ یانه‌ى چۆمان له‌وێشه‌وه‌ گرێبه‌ستم له‌گه‌ڵ یانه‌ى چوارقورنه‌ كردوه‌له‌ خولى نایابى فوتساڵى كوردستان.
*هه‌ست ناكه‌ى یارییه‌كه‌ى قورست هه‌ڵبژاردوه‌ كه‌ ئه‌ویش تۆپى پێیه‌؟
- یارییه‌كه‌م پێ قورس نییه‌، چونكه‌ حه‌ز و خولیام بۆ ئه‌م یارییه‌ زۆره‌ و دڵخۆشم له‌ نێو یاریگا و هه‌ست به‌ قورسیی ناكه‌م، چونكه‌ خۆم له‌م بواره‌ به‌باشى و سه‌ركه‌وتوو ده‌بینم.
*بیرت له‌وه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ تیپێكى كچان دروست بكه‌ى له‌ قه‌زاى سۆران وه‌كو كچه‌ وه‌رزش كارێك و ده‌رچووێكى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشیی؟
- به‌لێ به‌دڵنیاییه‌وه‌ بیرم له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ قه‌زاكه‌ى خۆمان ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بده‌م.
*ئاستى یارى تۆپى پێى كچان چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ چاو ساڵانى پێشوو زۆر پێشكه‌وتووه‌ یاریزانى زۆر باش له‌ كوردستان هه‌یه‌ و ئاستیان زۆر پێشكه‌وتووه‌ هه‌تا گرنگى به‌تواناى ئافره‌تان بدرێت ئه‌م یارییه‌ زیاتر پێشده‌كه‌وێت.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان بچێته‌ قۆناغێكى باشتر؟
-سه‌ره‌تا كه‌سوكارى یاریزانه‌كان رێگرى له‌ كچه‌كان نه‌كه‌ن و حه‌زی وه‌رزشیان له‌ ناو نه‌بن، گرنگى زیاتریان پێ بدرێت له‌ رووی مادی، كردنه‌وه‌ى چه‌ندین فێرگه‌ و یاریگا و خولى فێركردنى ته‌كتیك و یاساكانى ئه‌م یارییه‌ كردنه‌وه‌ى زۆرى خول و پاڵه‌وانێتى.
*به‌رنامه‌ت چییه‌ وه‌كو وه‌رزشكارێك؟
-به‌رنامه‌ى من ئه‌وه‌یه‌ فێرگه‌یه‌ك یان تیپێك له‌گه‌ڵ یانه‌یه‌ك بكه‌ینه‌وه‌ زیاتر گرنگى به‌ ره‌وتى وه‌رزشیی بده‌م له‌ قه‌زاى سۆران یاخود كردنه‌وه‌ى چه‌ندین خول بۆ فێركردنى یاساكانى ناوبیوانى و یاسایی تۆپى پێى.
*هیواو و ئاواتت وه‌كو وه‌رزشكارێكى بوارى تۆپى پێى؟
-هیواو ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ ببمه‌ باشترین گۆڵپارێز به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى عێراق و ده‌ره‌وه‌ى عێراق بكه‌م، به‌هیواى ئه‌وه‌م وه‌رزشى كوردستان پێشكه‌وتنى زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینى كێبڕكێ ولاتانى ده‌ره‌وه‌ بكات.
*چى به‌ كچانه‌ ده‌لێ كه‌ بۆ وه‌رزش خۆیان ته‌رخان كردوه‌ و خزمه‌ت ده‌كه‌ن؟
-هه‌موو كات هه‌وڵى باشترین بده‌ن و كۆڵ نه‌ده‌ن هه‌ر چه‌ند ئاسته‌نگیش هه‌بێ هه‌ر كه‌سێك له‌ هه‌ر بوارێك حه‌زی هه‌بێ به‌دڵ پیشه‌ى خۆى خۆش بوێ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بێ.
*پیشنیار و داواكاریت بۆ لایه‌نى به‌رپرسى وه‌رزشیی؟
-گرنگى به‌ یاریزانه‌ كچه‌كان بدرێ هه‌ر وه‌ك چۆن گرنگی به‌ كوڕان ده‌درێت، كچانیش وه‌كو كوڕ ده‌توانن زیره‌كى و تواناى خۆیان بسه‌لمێنن، له‌ گشت روویه‌ك پشتگیری ئافره‌تان بكرێ.
*بۆچى ئافره‌ت به‌ شێوه‌یه‌كى باش نابینرێن له‌ نێو یاریگاكانى كوردستان؟
-له‌ به‌ر رێگری كه‌س و كاریان و قسه‌ى كۆمه‌ڵگا و بیركردنه‌وه‌یان له‌ ناو وه‌رزش به‌ تایبه‌ت وه‌رزشى كچان، واده‌زانن وه‌رزش ته‌نیا پیشه‌ى ره‌گه‌زی نێره‌، وه‌كو شتیكى عه‌یبه‌ ده‌بینرێ وه‌رزش، به‌ڵام ئێستا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سالانى رابردوو وه‌رزش گۆڕاوه‌ بۆته‌ پیشه‌ى هه‌ردوو ره‌گه‌ز و هه‌مخوو ته‌مه‌نێكه‌.
*بۆچى له‌ قه‌زاى سۆران چوویته‌ تیپى چوار قورنه‌، هۆكارى چوونت چى بوو؟
-چونكه‌ من له‌م سنوره‌ پێشكه‌وتوومه‌ و چه‌ندین ساڵ له‌وێ خزمه‌تى وه‌رزشم كردوه‌ ئاسوده‌ه‌یی خۆم له‌وێ ده‌بینم هاورێیه‌كانم هه‌مووى له‌وێن ویه‌ك ده‌ست و یه‌ك تیپ هه‌وڵمان داوه‌ زیاتر له‌و یانه‌یه‌ ئاسوده‌م بۆیه‌ به‌رده‌وامیش بوویمه‌، یانه‌ى چوارقورنه‌ خوێندنه‌وه‌ی باشیان هه‌یه‌ بۆ ئاستى من له‌ چاو یانه‌كانى ترگۆڵپارێزى سه‌ره‌كیم له‌و یانه‌یه‌.
*ئه‌گه‌ر شتێك ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ى به‌ وه‌رزش به‌ گشتى هیوادارم وه‌رزشى كچان پێش بكه‌وێ .
Top