شه‌قلاوه‌ له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ خولى نایاب هه‌موو كارێك ده‌كات

شه‌قلاوه‌ له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ خولى نایاب هه‌موو كارێك ده‌كات
شه‌قلاوه‌ له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ خولى نایاب هه‌موو كارێك ده‌كات
تیپى تۆپی پێى یانه‌ى وه‌رزشیی شه‌قلاوه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ى له‌م وه‌رزه‌ خۆی گه‌یاندۆته‌ یارییه‌كانى چوار گۆشه‌ى زێرینى خولى پله‌ یه‌كى یانه‌كانى كوردستان، به‌ڵام هێشتا یارییه‌كانى خولى پله‌ یه‌ك له‌ هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌كه‌ ته‌واو نه‌بووه‌ و واده‌ى چوار گۆشه‌ى زێرینى خوله‌كه‌ش دیارى نه‌كراوه‌، به‌ڵام كارگێڕى یانه‌ى وه‌رزشیی شه‌قلاوه‌ پلانى تۆكمه‌ى داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ هه‌ر نرخێك بێت یه‌كێك له‌ پلێته‌كانى گه‌یشتن به‌ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان به‌ده‌ست بهێنن، له‌م باره‌شه‌وه‌ مامۆستا زیاد خۆشناو سه‌رۆكى یانه‌ى وه‌رزشیی شه‌قلاوه‌ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى: ئامانجى ئێمه‌ وه‌كو ئیداره‌ى یانه‌ى شه‌قلاوه‌ چاومان له‌وه‌یه‌ پلێتى گه‌یشتن به‌ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان به‌ده‌ست بهێنین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌رچى له‌ تواناى ئێمه‌ بێت وه‌كو ئیداره‌ى تیپ ئه‌نجامى ده‌ده‌ین و یانه‌ى شه‌قلاوه‌ هیچی له‌ یانه‌كانى تر كه‌متر نییه‌ و هه‌موو ئامانجێكمان له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م وه‌رزه‌ گه‌یشتنه‌ به‌ خولى نایابى كوردستان، ئێستاش تیپه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ چوار گۆشه‌ى زێرین به‌ر له‌ دوو هه‌فته‌ له‌ ته‌واو بوونى یارییه‌كانى خوله‌كه‌، بۆیه‌ بۆ چوار گۆشه‌ى زێرینى خوله‌كه‌ش به‌ پێى رێنماییه‌كانى یه‌كێتى ناوه‌ندى تۆپى پێى كوردستان هه‌ر رێنماییه‌ك رێگه‌ بدات به‌ هێنانى یاریزانان ئێمه‌ باشترینه‌كانى كوردستان ده‌گوازینه‌وه‌ ریزى یانه‌ى شه‌قلاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تیپه‌كه‌مان باشترین تیپ بێت له‌ سه‌ر ئاستى یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانى كوردستان، له‌ باره‌ى گرفته‌كانى یانه‌كه‌ش زیاد خۆشناو گوتیشى: سوپاس بۆ خواى گه‌وره‌ هیچ كێشه‌و گرفتێكمان نییه‌ له‌ یانه‌ى شه‌قلاوه‌ بگره‌ گرفتى داراییشمان نییه‌ و ئێستا هه‌موو هیواكانمان هه‌ڵچنیوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان تیپه‌كه‌مان له‌ روى یاریزانان و له‌ گشت روویه‌ك تیپێكى تۆكمه‌ و بێ كێشه‌یه‌، سوپاسى هانده‌رانى یانه‌كه‌شمان ده‌كه‌ین كه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ بووینه‌ و له‌م چه‌ند یارییه‌ى ماومانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین به‌رده‌وام بین له‌ پێشكه‌ش كردنى ئاستى باشتر له‌ داهاتوو بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش شان به‌ شانى یانه‌ گه‌وره‌كانى ترى كوردستان له‌ وه‌رزه‌ى داهاتوو به‌ هیمه‌تى یاریزانان و ده‌سته‌ى راهێنه‌ران و هانده‌ران و كارگێڕى تیپه‌كه‌ خۆمان بگه‌ینه‌ ریزى یانه‌ پله‌ نایابه‌كانى كوردستان، شه‌قلاوه‌ش بكه‌ینه‌ ناوێكى گه‌وره‌ له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان و بتوانین ئاست و ئه‌نجامان به‌دڵى هانده‌رانمان بێت.
كارزان كانه‌بی
Top