یارى باله‌ له‌ كوردستان زۆر لاوازه‌

یارى باله‌ له‌ كوردستان زۆر لاوازه‌
چراخان قاسم یاریزانى تۆپى باله‌ى یانه‌ى كۆیه‌
یارى باله‌ له‌ كوردستان زۆر لاوازه‌
قه‌زاى كۆیه‌ى سه‌ر به‌ پارێزگاى هه‌ولێر یه‌كێك له‌و قه‌زایانه‌ى كه‌ گرنگى زۆر به‌ بوارى وه‌رزشى ده‌ده‌ن له‌ سه‌ر هه‌ردوو ئاستى كچان و كوڕان، تیپی باله‌ى كچانى یانه‌ى كۆیه‌ یه‌كێك له‌ یانه‌ به‌هێزه‌كانى سه‌ر ئاستى كوردستان و عێراقه‌، ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ى خوله‌كانى باله‌ به‌رده‌وام له‌ كێبڕكێ دابوونه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ و شه‌ڕكردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى نازناوه‌كانى كوردستان و عێراق، یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش كه‌ خاوه‌نى چه‌ندین ئه‌نجامى باشه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ و تیپى په‌روه‌رده‌ى هه‌ولێر له‌سه‌ر ئاستى كوردستان چراخان قاسم-ه‌ ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1997ى قه‌زاى كۆیه‌ و ده‌رچووى به‌شى ئینگلیزى زانكۆی كۆیه‌ و پیشووتریش بۆ یانه‌كانى برایه‌تى و ته‌ق ته‌ق و ئه‌كاد یارى كردوه‌ ئێمه‌ش له‌نزیكه‌وه‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌مان له‌گه‌ڵى ئه‌نجامدا.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*چۆن بوو رووت له‌ بوارى وه‌رزش كرد؟
-وه‌رزش به‌ شێك بووه‌ له‌ خانه‌واده‌ى ئێمه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى خانه‌واده‌یه‌كى وه‌رزشی بووین بۆ له‌ رێگه‌ى قوتابخانه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ش درێژه‌م به‌ وه‌رزش داوه‌ له‌ قۆناخه‌ جیاجیاكانى خوێندنیش به‌رده‌وام بوویمه‌ تا ئێستا.
*بۆچى له‌ناوئه‌م هه‌موو یارییه‌ وه‌رزشیه‌ جۆراوجۆره‌ یارى باله‌ت هه‌ڵبژارد؟
- له‌ منداڵیه‌وه‌ خولیام بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ دایك و باوكم دوو وه‌رزشوانى دیارى ناو بوارى باله‌ن منیش به‌هۆى خۆشه‌ویستى ئه‌وانه‌وه‌ له‌ منداڵیه‌وه‌ له‌ ته‌مه‌نى نۆ ساڵیه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌وان بووم.
* ئاستى یارى باله‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان ؟
-ئاستى یارى باله‌ له‌ كوردستان زۆر لاوازه‌ به‌تایبه‌تى باله‌ى كچان هیچ گرنگییه‌كی پێ نه‌دراوه‌.
* هه‌ست ناكه‌ى ئه‌م یارییه‌ پشتگوێ خراوه‌؟
-ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستاندا زۆر پشتگوێ خراوه‌.
*كردنه‌وه‌ى كه‌مى پاڵه‌وانێتى ئێوه‌ سارد ناكاته‌وه‌ له‌م یارییه‌؟
- به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ هۆكارێكى سه‌ره‌كییه‌ كه‌ یاریزانان نه‌توانن به‌رده‌وام بن له‌ وه‌رزش كردن، كچ وه‌كو كوڕ نییه‌ پێویستى به‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام له‌ مه‌شق بێت.
* چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌رز بكرێته‌وه‌؟
-یه‌كه‌م ده‌بێ له‌ رووى داراییه‌وه‌ پاره‌یه‌كى باش بۆ باله‌ دیارى بكه‌ن وه‌كو بودجه‌، یه‌كێتى تۆپى باله‌ بیكاته‌ مه‌ركه‌زی ده‌بێ هه‌موو یانه‌یه‌ك تیپى باله‌ى كچانى هه‌بێ پاڵاوتنیان بۆ بكرێ ساڵانه‌ خولى نایاب و پله‌ یه‌ك بڕوات، خوڵیان بۆ بكرێته‌وه‌.
* گرفتى وه‌رزشیى یارى باله‌ له‌ چى ده‌بینى ؟
-به‌لێ نه‌بوونى تواناى دارایى و هۆڵى پێویست و كه‌ڵوپه‌ل و نه‌كردنه‌وه‌ى خول ئه‌مانه‌ هه‌مووى گرفته‌.
* هیچ یانه‌یه‌ك گرێبه‌ستى پێشكه‌ش نه‌كردووى؟
-من كۆیه‌ له‌ هه‌موو شاره‌كان خۆشترده‌وێت، وه‌ ده‌ستكه‌وتى باشم بۆ یانه‌كه‌ هێناوه‌، پێشووتریش بۆ یانه‌كانى برایه‌تى و ته‌ق ته‌ق و ئه‌كاد یاریم كردوه‌ زۆربه‌ى یانه‌كانى كوردستانیش داواى گرێبه‌ستیان لێم كردوه‌ وه‌كو پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى و سه‌نحاریب چه‌ندین یانه‌ى تریش.
* به‌هیواى چى له‌ ژیانى وه‌رزشیت؟
-بتوانم له‌ ماوه‌ى ژیانى وه‌رزشیم ئاستێكى به‌رزم هه‌بێت و ئه‌نجامى به‌رچاو له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنم.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو؟
-به‌رنامه‌ى من ئه‌وه‌یه‌ له‌چ یانه‌یه‌ك ئاسوده‌بم بۆ ئه‌م یانه‌یه‌ یارى ده‌كه‌م به‌ مه‌رجێك گرێبه‌سته‌كه‌م گونجاو بێت.
*قه‌یرانى دارایى تاچه‌ند كارى كردۆته‌ سه‌ر ئه‌م یارییه‌ و یانه‌كه‌تان؟
-تا ڕاده‌یه‌ك باشه‌
*له‌ رووى كۆمه‌ڵگاوه‌ تاچه‌نده‌ شاره‌كه‌ى ئێوه‌ هاوكاره‌ بۆ وه‌رزش كردن؟
- شاره‌كه‌ى ئێمه‌ هه‌موو كات پیشه‌نگ بووه‌ و خزمه‌تى زۆری وه‌رزشیان كردوه‌ بۆ ئافره‌تانیش به‌رده‌وام پاڵپشت و پشتگیری وه‌رزشیان كردوه‌ له‌م شاره‌.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- ده‌ست خۆشى بۆ گۆڤارى گوڵان كه‌ به‌رده‌وام و به‌بێ جیاوازى خزمه‌تى سه‌رجه‌م وه‌رزشكارانى شاره‌كانى كوردستان ده‌كات، هیوادارم خێزانه‌كانى شاره‌كه‌مان زیاتر هانى كچه‌كانیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ نێو دونیاى وه‌رزش .
Top