پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر پشت به‌ یاریزانى لاو ده‌به‌ستێ

پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر  پشت به‌ یاریزانى لاو ده‌به‌ستێ
پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر پشت به‌ یاریزانى لاو ده‌به‌ستێ
تیپى تۆپى پێى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر ئه‌مساڵیش به‌شداره‌ له‌ یارییه‌كانى وه‌رزى نوێ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان كه‌ بڕیاره‌ یارییه‌كانى له‌ 26ى ئه‌م مانگه‌ ده‌ستپێبكات، یانه‌كه‌ش به‌ سه‌رپه‌رشتى سه‌میر بابۆى راهێنه‌رى وه‌رزى رابردووى یانه‌كه‌ درێژه‌ى به‌ ئاماده‌كارییه‌كان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ئه‌نجامى شایسته‌ وه‌كو وه‌رزى رابردوو به‌ده‌ست بهێنن كه‌ یه‌كێك بووینه‌ له‌ یانه‌ ركابه‌ره‌كان له‌ خوله‌كه‌، ئه‌مساڵیش كارگێڕى یانه‌كه‌ زیاتر پشتى به‌ تواناى یاریزانانى لاو به‌ستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سوود له‌ تواناكانیان ببینێ، له‌م باره‌شه‌وه‌ نیهاد عادل جێگری سه‌رۆكى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى" ئامانجمان له‌م وه‌رزه‌ ئه‌وه‌یه‌ تیپێكى گه‌نجانه‌ دروست بكه‌ین و له‌ ناوه‌ڕاستى خوله‌كه‌ بین، هه‌ر چه‌نده‌ ئامانج و ئاره‌زووی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ركابه‌رى سه‌رجه‌م یانه‌كان بكه‌ین، زیاتر له‌ حه‌وت یاریزان له‌ پێكهاته‌ى یانه‌كه‌مان نه‌ماون و ئێمه‌ش زیاتر له‌ هه‌شت یاریزانمان له‌ تیپى لاوان سه‌رخستووه‌، ئێستا چاوه‌ڕوانى ده‌ستپێكى خوله‌كه‌ ده‌كه‌ین بزانین چۆن ده‌بێ، ره‌نگه‌ ئه‌وكاتیش هه‌ندێك گۆڕانكارى ئه‌نجام بده‌ین ئه‌گه‌ر پێشهاتى نوێ هاته‌ پێشمان، ئامانجى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و یاریزانه‌ لاوانه‌ ببنه‌ ژێرخانى یانه‌كه‌مان بۆ وه‌رزه‌كانى داهاتوو، له‌ باره‌ىى گرفتى تیپه‌كه‌ش گوتى" به‌ش ێوه‌یه‌كى گشتى هیچ گرفتێكى ئه‌وتۆمان نییه‌ له‌ یانه‌كه‌ و به‌رده‌وامین له‌ ئه‌نجامدانى یه‌كه‌ مه‌شقییه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى تۆكمه‌ ئاماده‌بین بۆ ئه‌نجامدانى یارییه‌كانى وه‌رزى نوێ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان. جێگاى ئاماژه‌ پێكردنه‌ ساڵانه‌ تیپى تۆپى پێى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ تیپه‌ گه‌وره‌كانى كوردستان و كه‌ به‌رده‌وام شه‌ڕى به‌ده‌ستهێنانى نازناوى خوله‌كه‌ى كردوه‌ و چه‌ند جارێكیش نازناوه‌كه‌ى بۆ پیرمام بردۆته‌وه‌.
كارزان كانه‌بی
Top