هه‌لۆ به‌شدارى خولى نایابى كوردستان ده‌كات

هه‌لۆ به‌شدارى خولى نایابى كوردستان ده‌كات
هه‌لۆ به‌شدارى خولى نایابى كوردستان ده‌كات
تیپى تۆپى پێى یانه‌ى وه‌رزشى هه‌لۆ كه‌ ئه‌مساڵ شان به‌ شانى یانه‌ى چه‌مچه‌ماڵ له‌ خولى پله‌ یه‌كى كوردستان سه‌ركه‌وت بۆ ریزى یانه‌ پله‌ نایابه‌كانى كوردستان، یانه‌ى هه‌لۆى ده‌ڤه‌رى بارزان تاكه‌ یانه‌ى ناوچه‌كه‌یه‌ له‌ خولى پله‌ نایابى كوردستان ئه‌مساڵیش هیچ یارییه‌كى نه‌دۆڕاند له‌ خولى پله‌ یه‌ك و توانى به‌ شایسته‌یی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێـت، هه‌ر چه‌نده‌ ده‌نگۆی به‌شدارى نه‌كردنى یانه‌كه‌ له‌ خولى پله‌ نایابى كوردستان هه‌بووه‌، به‌ڵام دواجار ئیداره‌ى یانه‌كه‌ بڕیاریدا به‌شدارى خولى نایابى كوردستان بكات كه‌ بڕیاره‌ یارییه‌كانى له‌ 26/11به‌رێوه‌بچێت، له‌م باره‌شه‌وه‌ ئه‌حمه‌دخه‌لیل سه‌رۆكى یانه‌ى وه‌رزشى هه‌لۆ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى" ئاماده‌كارییه‌كانمان بۆ خولى نایابى كوردستان ده‌ست پێكردوه‌ به‌هه‌مان ستافى راهێنه‌ر و یاریزانانى وه‌رزى رابردوو، كه‌ هیچ یاریزانێكمان له‌ ریزى یانه‌كه‌ نه‌رۆیشتوه‌ و هیچ یاریزانێكمان نه‌هێناوه‌ته‌وه‌ ریزى تیپه‌كه‌مان، هه‌رچه‌نده‌ بڕیار نه‌بوو به‌شدارى بكه‌ین ئه‌گه‌ر به‌یه‌ك خولى سه‌ره‌تایی به‌رێوه‌بچووبوایه‌، چونكه‌ پاره‌یه‌كى زۆر مه‌سروفات ده‌ویست ئێمه‌ش ئه‌و ئیمكانیه‌ته‌ داراییه‌مان له‌ده‌ست نه‌بوو، به‌ڵام كه‌ بووه‌ شێوازى گروپ بۆ ئێمه‌ باشتر بوو، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌موو یاریزانه‌كان رازی بوون به‌و ئیمكانیه‌ته‌ كه‌مه‌ش هه‌ر لاى ئێمه‌ بمێنه‌وه‌ بۆ خۆشه‌ویستى یانه‌كه‌ و به‌شدارى كردن له‌ خولى نایابى كوردستان، بۆیه‌ ئێمه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى ماندوو بوونمان به‌ فیرۆ نه‌ڕوات كه‌ وه‌رزی رابردوو ماندووبوونى زۆرمان چێشت بۆ سه‌ركه‌وتن بۆ خولی نایابی كوردستان، ئێستاش یاریزانه‌كان رازین به‌م شێوه‌ى كه‌ پێكهاتووین مووچه‌كان ى ئێمه‌ له‌ 200هه‌زار تاكو 600هه‌زار دیناره‌ و دوو یاریزانى كوردی رۆژهه‌ڵاتمان هێنابوو ئه‌وانیش به‌رده‌وام ده‌بن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كاپتن دینۆش كه‌ كوڕى یانه‌كه‌یه‌ و خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌یه‌ سه‌رپه‌رشتى مه‌شقی یانه‌كه‌ ده‌كات له‌ خولى نایابى كوردستان، بارى دارایمان خراپه‌ دوای دووساڵ تازه‌ پاره‌ى كه‌لوپه‌لی وه‌رزشیمان داوه‌ به‌قه‌رز هێنابوومان، هیچ كه‌سێك هاوكارى نه‌كردووین ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك هاوكاریمان بكات ئه‌وا كه‌مپی مه‌شقیش ئه‌نجام ده‌ده‌ین، گوتیشى" هه‌وڵده‌ده‌ین له‌سه‌ر پێى خۆمان بوه‌ستین و به‌رده‌وامین ناهێلین ناوچه‌كه‌مان داببرێت له‌ خوله‌كانى كوردستان، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا قه‌رزارین و به‌رده‌وام ده‌بین، له‌باره‌ى به‌شدارى نه‌كردنیش له‌ یارى كۆتایی خولى پله‌ یه‌كى كوردستان له‌به‌رامبه‌ر چه‌مچه‌ماڵ گوتیشى" وه‌رزش یه‌كتر قبول كردن و هاوڕێیه‌تیه‌ بۆیه‌ سه‌لامه‌تى یاریزانان لاى ئێمه‌ له‌ هه‌موو شێتك گرنگتره‌ و ئه‌و بڕیاره‌ماندا.
كارزان كانه‌بی
Top