رۆژێك بێت خۆم ببمه‌ راهێنه‌رى تیپێكى كچان

رۆژێك بێت خۆم ببمه‌ راهێنه‌رى تیپێكى كچان

ئاوێزان حوسێن یاریزانى فوتساڵى فێرگه‌ى رانیه‌
رۆژێك بێت خۆم ببمه‌ راهێنه‌رى تیپێكى كچان
تیپى فوتساڵى فێرگه‌ى رانیه‌ یه‌كێك له‌م تیپانه‌ى كه‌ ساڵانه‌ چه‌ندین كچه‌ یاریزانى به‌توانا دروست ده‌كات له‌سه‌ر ئاستى ئیداره‌ى راپه‌رین و به‌تایبه‌ت سه‌نته‌رى قه‌زاى رانیه‌ كه‌ راهێنه‌ره‌ خۆبه‌خشه‌كانى گرنگى ته‌واو به‌ یارییه‌كانى وه‌رزشى تۆپى پێێ ده‌ده‌ن له‌ تیپه‌كه‌ ، فوستاڵیش یه‌كێك له‌م تیپانه‌یه‌ كه‌وا هه‌رده‌م خزمه‌ت كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كچانى سنوره‌كه‌ كێبركێ بكه‌ن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ له‌ هه‌ردوو خولى نایابى فوتساڵى كچانى كوردستان و عێراق، ئاوێزان حوسێن هه‌ر چه‌نده‌ ته‌مه‌نى بچووكه‌ به‌ڵام خه‌ونى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ بۆ دوارۆژى خۆى ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 2000ى بنگرد-ى سه‌ر به‌ قه‌زاى رانیه‌ و یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌یه‌ ئه‌مساڵیش خه‌ونى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ نایابى فوتساڵى یانه‌كانى كوردستان بتوانى ئاستێكى به‌رز پێشكه‌ش بكات ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد ئه‌ویش وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*چون بوو هاتیته‌ نێو ژیانى وه‌رزشیى؟
-هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ ئاواتم وه‌رزش كردن بوو به‌ تایبه‌تى یارى تۆپى پێى له‌ ماوه‌یه‌كى كه‌مه‌ ده‌ستم به‌ تۆپى پێى كردوه‌، به‌ڵام فێرگه‌ى رانیه‌ شوێنى ده‌ركه‌وتنم بووه‌، فێرگه‌یه‌كى خۆبه‌خشه‌ و چه‌ند راهێنه‌رێكى خۆبه‌خش به‌رێوه‌ى ده‌به‌ن.
*هه‌ست ناكه‌ى یارییه‌كه‌ى قورست هه‌ڵبژاردوه‌ كه‌ ئه‌ویش تۆپى پێیه‌؟
- ئه‌گه‌ر شتێكت خه‌ونى تۆ بێت و هه‌وڵى بۆ بده‌ى قورس نییه‌.
*یارى تۆپى فوتساڵ له‌ قه‌زاى رانیه‌ وه‌كو پێویست گرنگى پێ ده‌درێت بۆ ئێوه‌ كچان؟
- به‌لێ گرنگییه‌كى زۆرى پێ ده‌درێت له‌لایه‌ن فێرگه‌كه‌مان، به‌ڵام كچان وه‌كو پێویست پاپه‌ند نین به‌ مه‌شق و راهێنانه‌كانه‌وه‌ له‌ كاتێكدا چه‌ندین كچه‌ یاریزانى به‌توانامان هه‌یه‌ له‌و شاره‌.
* ئاستى یارى فوتسال و تۆپى پێى چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
- وه‌كو پێویست نابینم، چونكه‌ یانه‌كان ئه‌وكاتانه‌ كچیان بیر دێته‌وه‌ كه‌ خوله‌ ناوخۆییه‌كان نزیك ده‌بێته‌وه‌، دواتر داده‌برێنه‌وه‌ له‌ وه‌رزش كردن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ فێرگه‌كه‌مان هه‌مووكات به‌رده‌وامین له‌ ئاماده‌كاری و هیچ شتێك ئێمه‌ى نه‌وه‌ستاندوه‌.
* پێت باشه‌ چى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى یارى فوتسال و تۆپى پێى ئاستى به‌رز بێته‌وه‌؟
- هیوادارم بڕیارێك ده‌ربچێت له‌ یانه‌ و دامه‌زراوه‌ وه‌رزشییه‌كان ئیجبار بكرێن، فێرگه‌ى تایبه‌ت به‌ كچانیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى تیپه‌كانیان به‌رده‌وام ئاماده‌ییان هه‌بێت بۆ خوله‌كان.
* به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-هه‌موو كات هه‌وڵم داوه‌ كه‌ باشترین ئاست پێشكه‌ش بكه‌م له‌ ناو یاریگادا و ئاماده‌كاری باشم هه‌بێت بۆ یارییه‌كان.
* هیواو ئاوات وه‌كو یاریزانێك؟
- رۆژێك بێت خۆم ببمه‌ راهێنه‌رى تیپێكى كچان، ئافره‌تان هانبده‌م بۆ ئه‌وه‌ى بێنه‌ ناو وه‌رزش به‌تایبه‌تى تۆپى پێى.
* داوكارى و پێشنیارت بۆ لایه‌تى به‌رپرسى وه‌رزشى؟
-داواكارم له‌ لیژنه‌ى ئۆلۆمپیى كوردستان ئاورێكى جدی له‌ ده‌ڤه‌رى راپه‌رین و به‌تایبه‌ت شارى رانیه‌ بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ هیچ بۆ وه‌رزشكارانى رانیه‌ نه‌كراوه‌ و ئه‌و شاره‌ هۆلێكى شایسته‌ى به‌خۆیان نییه‌ كه‌ ده‌روازه‌ى راپه‌رینه‌ و ماوه‌ى هه‌شت ساڵه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ خۆبه‌خشانه‌ دوو تیپ به‌رێوه‌ده‌بن و كارێك بكرێت بۆیان شایسته‌ به‌وان بێت، ئێمه‌ وه‌كو یاریزان له‌ یاریگاى چیمه‌ن و كراوه‌ مه‌شقه‌كانمان ده‌كه‌ین.
* بۆچى كچان به‌ شێوه‌یه‌كى به‌ربلاو روو له‌ یاریگاكان ناكه‌ن بۆ وه‌رزش كردن؟
- به‌شێكیان په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ لایه‌نى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌شێكیان به‌ ته‌مبه‌ڵى كچان به‌خودی خۆیانه‌وه‌ به‌ مه‌شقه‌كانه‌وه‌،خۆشبه‌ختانه‌ش ئێستا ورده‌ ورده‌ كچان روو له‌ فێرگه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى باش روو له‌ وه‌رزش كردن بكه‌ن.
*په‌تاى كۆرۆنا رێگری له‌ مه‌شقه‌كانتان نه‌كردوه‌؟
-نه‌خێر به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ پێى رێنماییه‌كان مه‌شقه‌كانمان ئه‌نجامده‌ده‌ین و رێگرییه‌كى واى نه‌كردووه‌.
* ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-سوپاس بۆ خانه‌واده‌كه‌م كه‌ پاڵپشتى گه‌وره‌ن بۆمن، بۆهه‌ریه‌ك له‌ ڕاهێنه‌ره‌كانم له‌ فێرگه‌ى رانیه‌ى دایك م شاناز، م نه‌به‌رد، كاك ئازادچناره‌یی كه‌ زۆر ماندوو بوینه‌ له‌گه‌ڵم ، سوپاسى هاورێیه‌كانم ده‌كه‌ن كه‌ پاڵپشتم بووینه‌ ،زۆر سوپاس بۆ گۆڤارى گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ى كه‌ بۆ وه‌رزشكاران ئه‌نجامى ده‌دات به‌بێ جیاوازی.

Top