دیبالا دەبێتە قوربانی رۆناڵدۆ

دیبالا دەبێتە قوربانی رۆناڵدۆ
دیبالا دەبێتە قوربانی رۆناڵدۆ
راپۆرتە رۆژنامەنووسییەکان لە ئیتالیاوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەگەری گەورە هەیە، کە پاولۆ دیبالای هێرشبەری ئەرژەنتینی یانەی یۆڤانتوس نەتوانێت لەگەڵ یانەکەی بەردەوام بێت.
دیبالا ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یۆڤانتوس پێشکەشکرد و بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا دەستنیشانکرا، هاوڕێیەکی باشی کریستیانۆ رۆناڵدۆش بوو، کە پێکەوە زۆر یاری یانەکەیان یەکلاییکردەوە، بەڵام کێشەیەک بەرۆکی گرتووە و لەوانەیە بەهۆیەوە یاریزانە ئەرژەنتینییەکە ناچاربێت لە یۆڤانتوس بڕوات.
رۆژنامەکانی ئیتالیا باس لەوە دکەن ئەگەر دیبالا گرێبەستەکەی لەگەڵ یۆڤانتوس نوێ بکاتەوە و مووچەیەکی زۆر وەربگرێت، بەپێی یاسایی باجی ئیتالیا دەبێ دیبالا بەشێکی زۆری مووچەکەی بە باج بداتە دەوڵەت، بۆیە لەوانەیە بیر لە رۆیشتن بکاتەوە.
ئەو سەرچاوانە هەروەها دەڵێن: لەوانەیە هۆکارێکی دیکەش ببێتە هۆی ئەوەی دیبالا لە یانەکە بڕوات، ئەویش ویستی ئاندریا پیرلۆی راهێنەری نوێی یانەکەیە، کە دەیەوێت تیپێک لە دەوری کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەکەی دروست بکات.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن پیرلۆ لەپێناو هێنانی هێرشبەرێک، کە زۆرترین گونجانی لەگەڵ رۆناڵدۆ هەبێت ئامادەیە هەر یاریزانێکی تیپەکەی بفرۆشێت بە پاولۆ دیبالاشەوە.
هەندێک سەرچاوەی دیکەش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە ئەگەری ئەوە هەیە یۆڤانتوس دیبالا بە یاریزانێکی دیکە بگۆڕێتەوە، وەک پۆل پۆگبای یاریزانی مانچێستەر یۆنایتدی ئینگلیزی یان گابریێل خیسۆسی یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، یان یەکێک لە دوو یاریزانەکەی ریال مەدریدی ئیسپانی، مارکۆ ئەسێنسیۆ یان ئیسکۆ.
رێبین رەمزی
Top