رەمزی وەلی .. رەمزی وەرزشی كوردی بە كۆڕۆنا گیانی سپارد

رەمزی وەلی .. رەمزی وەرزشی كوردی بە كۆڕۆنا گیانی سپارد
رەمزی وەلی .. رەمزی وەرزشی كوردی بە كۆڕۆنا گیانی سپارد
زاگرۆس نانەكەلی
ناوێك شارەزا و شایستە و ناسراوتر لەناسین، مرۆڤێك تاسەر ئیسقان لەحزمەت و هەوڵدان و رێكخستنی وەرزش، تا دواهەناسەی كە كۆڕۆنا ڵێی بڕی، هەر خەمی وەرزشی كوردی و وەرزشكارانی دێرینی بوو، ئەم خۆی گیانفیدا كردبوو بۆ بوارەكەی خۆی وگوێی بەهیچ شتێك نەدەدا، تەنها وەرزش و بەرزی وڵاتەكەی.
رەمزی وەلی وەرزشكاری دێرین، یاریزان و راهێنەر و كارگێڕی و مامۆستا وەرزش و مرۆڤی كاتە سەخت و بڕیارە قورسەكان بوو، ئەو زیاتر لە سێ چارێگە سەدە خۆی كرد بە دەروێشی وەرزش و خۆی خاوەن تەریقەتی هزری پێگەیاندن و راهاتن و دروستبوونی نەوەیەكی تەندروست باش بوو.
كێ هەبوو سەڕەڕای ئەوانە، گەر بێتاقەت و بێزار و وەڕەس بوایە، پیاسەیەكی ئێوارەی شاری بۆ چایخانەی وەرزشوانان نەكردبوایە، وەك كات بەسەربردن و دڵخۆش بوون وپێكەنین و خۆشی و قسەی نەستەق و گاڵتە و گەپ و نوێترین نوكتە رووی لەمامۆستا رەمزی وەلی نەكردبوایە و پێی دڵخۆش نەبوایە، ئەو دڵی هەمووانی خۆش و رازی دەكرد و رەخنەكانیش هەر بەنوكتە و قسەی خۆش وەڵام دەدایەوە، ئینجا بەدەم چایێكی گەرم و ئاوێكی سارد و دڵخۆشییەكی زۆر و لەقسەكانی مامۆستا رەمزی وەلی بەرەو ماڵ دەگەڕانەوە، ئەمڕۆ كێ قەرەبووی ئەم قسە و نوكتانەمان بۆ بكاتەوە!؟.
بەڵێ ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 19-8-2020 وەرزشكاری دێرین و مامۆستا رەمزی وەلی بەهۆی دووچاری بەڤایرۆسی كۆڕۆنا لەتەمەنی 83 ساڵیدا گیانی لەدەستدا و ماڵئاوایی لێكردین.
*پوختەیەك لەژیانی مامۆستا رەمزی وەلی
-ساڵی 1937 لەشاری هەولێر لەدایكبووە.
-سەرەتا ساڵی 1945 لەقوتابخانەی ئەربیل ئولا دەستی بەوەرزش كردووە.
-ساڵی 1950 لەقۆناغی ناوەندییەوە یارییەكانی تۆپی پێ و گۆڕەپان و مەیدان و بالەی كردووە.
-ساڵی 1954 لەتیپی ئەهلی هەولێر یاری تۆپی پێی كردووە.
ساڵانی 1975 و 1976 و 1977 سكرتێر و ئەندامی لقی هەولێری یەكێتی بالەی عێراق بووە.
-ساڵانی 1980 تا 1986 راهێنەری یانەی وەرزشی هەولێر و هەڵبژاردەی بالەی هەولێر بووە.
-وەك مامۆستایەك لەبەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزش و دیدەوانی خزمەتی كردووە.
-لەدوای راپەڕینەوە تا ساڵی 1995 سكرتێری یانەی وەرزشی برایەتی بووە.
-لەساڵی 2006ەوە جێگری سەرۆكی یەكێتی بالەی كوردستان بووە‌.
Top