لیڤەرپوول لە مۆرکردنی گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەیەک نزیک دەبێتەوە
رۆژنامەکانی بەریتانیا نوێترین زانیاریی لەبارەی مۆرکردنی یانەی لیڤەرپوول گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەی بایرەن میونیخ ئەلکانتارا بڵاوکردەوە و دەڵێت، یانەی بایرن میونیخ نایەوێت ئەو یاریزانە بفرۆشێت، بەڵام یاریزانەکە بەدوای هەلێکی نوێ و ئەزموونێکی نوێدا دەگەڕێت، بۆیە ئامادەنییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، کە وەرزی داهاتوو تەواو دەبێت.
چەند سەرچاوەیەک بڵاویانکردەوە، رێککەوتن لەنێوان لیڤەرپوول و تیاگۆ کراوە، بۆ ئەوەی یاریزانەکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەفەرمی پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات، بۆ ئەوەش یاریزانە ئیسپانییەکە بە نزیکەکانی گوتووە دەچێتە لیڤەرپوول و ماڵێکی لەو شارەش هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، ئێستا تەنیا ئەوە ماوە لیڤەرپوول رێککەوتن لەگەڵ بایرن میونیخ بکات، بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە ریزەکانی، کە بایرن داوای 30 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بەڵام لیڤەرپوول ئامادەنییە ئەو پارەیەی پێبدات.
تیاگۆ ئەلکانتارا، لە ساڵی 2013ـەوە لە یانەی بایرن میونیخ یاری دەکات، یەکێک بووە لە یاریزانە هەرە باشەکانی یانەکە و لە یاریی قۆناغی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرانبەر یانەی بەرشلۆنە، کە پێشتر لەو یانەیە یارییکردووە، رۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنی یانەکە بۆ قۆناغی پێش کۆتاییدا بینی.
رێبین رەمزی