کۆتینھۆ چاوەروانی ئەم ئەنجامە نەبووە

کۆتینھۆ چاوەروانی ئەم ئەنجامە نەبووە
کۆتینھۆ چاوەروانی ئەم ئەنجامە نەبووە
فیلیپی کۆتینھۆ، یاریزانی یانەی بەرشلۆنە، کە بەشێوەی خواستن بۆ یانەی بایرن میونیخ یارییدەکات، دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر سەرکەوتنی یانەکەی بۆ قۆناغی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا پێشاندا.
کۆتینھۆ دوای یارییەکە گوتی، بەباشی کاریکرد بۆ ئەوەی لە پێکانەکەی بگەڕێتەوە و لەگەڵ یانەکە بێت لە یارییەکەدا، بۆ ئەوەش زۆر دڵخۆشم، یارییەکە زۆر گرنگبوو و خۆشحاڵم بە گەیشتنمان بە قۆناغی پێشکۆتایی.
یاریزانە بەرازیلییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، من ئینتیمام بۆ بەرشلۆنە هەیە، بەڵام بەهەموو توانایەکەوە بەرگری لە درێسی بایرن دەکەم.
کۆتینھۆ زیاتر گوتی، چاوەڕواننەبوو یارییەکە بەو ئەنجامە گەورەیە کۆتایی بێت، سەرەرای ئەوەی زۆربوون ئەوانەی پێشبینی بردنەوەی بایرنیان دەکرد.
فیلیپی دەڵێت، یارییەکە زۆر نا ئاسایی بوو، بەرشلۆنە هەموو رۆژێک بە 8-2 نادۆڕێت، کەس پێشبینی ئەمەی نەکردبوو، بەڵام یاریزانەکان زۆربەباشی یارییانکرد.
ئەستێرە بەرازیلییەکە لەبارەی قۆناغی داهاتوو قسەیکرد و گوتی، قۆناغی داهاتوو زۆر قورسە، چونکە لە پاڵەوانێتییەکی گەورەین، یانەی بەهێز تێیدا بەشدارن، پێویستە لە رووی هزرییەوە باشبین و بەباشی کاربکەین، ئەگەر ئەوە نەکەین پاڵێوراو نابین بۆ بردنەوەی نازناوەکە.
کۆتینھۆ لە یارییەکەدا لە خولەکی 75ـەوە بەشدارییکرد، ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد دوو گۆڵی تۆمارکرد و ئاسیستێکی لە یارییەکەدا هەبوو.
لە قۆناغی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، بایرن میونیخ بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی و لیۆنی فەرەنسی یارییدەکات.
رێبین رەمزی
Top