دووشەممە بەرشلۆنە بریاری چارەنووسساز دەدات
جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، داوایکردووە رۆژی دووشەممەی داهاتوو یانەکە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بکات، دوای دۆڕانە شەرمەزارکەرەکەی یانەکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورۆپا.
یانەی بەرشلۆنە لە قۆناغی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا تووشی شکستێکی گەورە بوو، کاتێک بە ئەنجامی 2 - 8 بە بایرن میونیخی ئەڵمانی دۆڕا.
سەرچاوە رۆژنامەنووسیەکان لە ئیسپانیا ئاشکرایانکرد، بارتۆمیۆ زۆر بەپەلەیە بۆ ئەوەی هەندێک بڕیاری بەپەلە و چارەنووسساز بدات، کە ئێستا یانەکەی لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە.
ئەو سەرچاوانە باس لە هەندێک پرس دەکەن، کە بارتۆمیۆ لەگەڵ کارگێڕی یانەکە قسەی لەسەر دەکات و وەک بڕیار لە کۆبوونەوەکەدا رایاندەگەینێت و دەڵێن: یەکەم ئەو بڕیارانە دەرکردنی کیکێ سیتێنی راهێنەر و یاریدەدەرەکانییە لە مەشقەکانی بەرشلۆنە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، کە ئەوە تاکە بڕیاری بارتۆمیۆ و کارگێڕی بەرشلۆنە نابێت و دەڵێن: یەکێک لە بڕیارەکانیش دیاریکردنی راهێنەرێکی نوێیە بۆ جێگرتنەوەی سیتێن.
هەر ئەو سەرچاوانە دەڵێن: زۆربەی ئەندامانی کارگێڕی بەرشلۆنە لەگەڵ ئەوەدان ئەو ئەرکە بە ماوریسیۆ پوچێتینۆی راهێنەری ئەرژەنتینی بدرێت.
هەروەها پێشبینی دەکرێت هەندێک لە بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی یانەکە دەربکرێن و ئەگەری ئەوەش هەیە داوابکرێت هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەکە پێشبخرێن، کە بڕیارە لە ئاداری 2021 ئەنجام بدرێن.
ئەمە لە کاتێکدیە کە سەرچاوە رۆژنامەنووسیەکان لە کەتەلۆنیا باس لەوە دەکەن، کە بارتۆمیۆ بەنیاز نییە دەستلەکاربکێشێتەوە و دەیەوێت تاوەکو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەکە بەردەوام بێت.
رێبین رەمزی