ئەردا تۆران ھێرشێکی توندی کردە سەر ڤاڵڤێردی

ئەردا تۆران ھێرشێکی توندی کردە سەر ڤاڵڤێردی

ئەردا تۆران ھێرشێکی توندی کردە سەر ڤاڵڤێردی
ئەردا تۆران، یاریزانی تورکی پێشووی یانەی بەرشلۆنەی ئیسپانی، لە تازەترین لێدوانیدا رەخنە لە ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی راهێنەری پێشووی بەرشلۆنە دەگرێت.
ئەردا تۆران دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لەگەڵ یانەی ئەتلتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، ساڵی 2015 پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بەرشلۆنە کرد و لەگەڵیدا نازناوی خول و جامی شای ئیسپانیا و جامی سوپەری ئیسپانیای بردەوە، بەڵام نەیتوانی سەرکەوتوو بێت و ماوەی دوو وەرز و نیوی بەشێوەی خواستن لەگەڵ یانەی پاشاکشەهیری تورکی بەسەربرد.
یاریزانی تورکی ئۆباڵی ئەو شکستەی دەخاتە ئەستۆی ڤاڵڤێردی راھێنەری پێشووی بارسا و دەڵێت: ڤاڵڤێردی هۆکاری سەرەکی شکستهێنانی من بوو لەگەڵ بەرشلۆنە.
یاریزانی ئێستای یانەی گەلاتاسەرای تورکی، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی: من وەک یاریزانی ژمارە 10ـی ئەتلتیکۆ مەدرید و وەک یاریزانێکی گرنگ چوومە بەرشلۆنە، بەڵام کاتێک ڤاڵڤێردی هات وایلێکردم هەست بەوە بکەم کە من یاریزانێکی گرنگ نیم.
تۆران ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بڕیاری رۆیشتنی لە بەرشلۆنە تەنیا بڕیاری خۆی بووە و گوتی: خۆم بڕیارمدا لە بەرشلۆنە بڕۆم، نە بەرشلۆنە و نە ڤاڵڤێردیش ئاگادار نەبوون، بارسا بێت یان هەر یانەیەکی دیکەی جیهان جێدەهێڵم کاتێک لەگەڵیدا دڵخۆش نەبم و نەتوانم لەگەڵیدا بەردەوام بم، پارە بۆ من گرنگ نییە.
یاریزانە تورکەکە سووربوو لەسەر ئەوەی، کە دەکرا بارودۆخەکە جیاوازبێت ئەگەر ڤاڵڤێردی نەبووایە و گوتی : لەدوای مێسی و نەیمار و سوارێز ئامارەکانم باشترین بوون، بەڵام ڤاڵڤێردی نەیهێشت یاری بکەم، ئەو یەک خولەکیش دەرفەتی یاریکردنی پێنەدام، تەنانەت لە یارییە دۆستانەکانیشدا.
رێبین رەمزی
Top