به‌هیواى ئه‌وه‌م زیاتر گرنگى به‌ وه‌رزشى تۆپى باله‌ بده‌ن

به‌هیواى ئه‌وه‌م زیاتر گرنگى به‌ وه‌رزشى تۆپى باله‌ بده‌ن
نژۆ ئه‌حمه‌د یاریزانى تیپى باله‌ى ده‌ربه‌ندیخان
به‌هیواى ئه‌وه‌م زیاتر گرنگى به‌ وه‌رزشى تۆپى باله‌ بده‌ن
تیپى باله‌ى كچانى یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان یه‌كێكه‌ له‌و تیپانه‌ى كه‌ له‌ ده‌ڤه‌ره‌كه‌یان گرنگى زۆر به‌ كچانى شاره‌كه‌یان ده‌ده‌ن، یانه‌كه‌ش به‌ ئامانجى پێشخستنى ئاستى یاریى باله‌ له‌ سنوورى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان تیپێكى تۆكمه‌ى پڕ له‌ یاریزانى به‌تواناى له‌ یانه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا به‌م كچه‌ یاریزانانه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌نجامى شایسته‌ بكات له‌ خولى باله‌ى كوردستان و عێراق ، نژۆ ئه‌حمه‌د یه‌كێكه‌ له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ ئه‌و هه‌رچه‌نده‌ ته‌مه‌نى بچووكه‌، به‌ڵام داهاتوویه‌كى گه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كات، ناوبراو له‌دایكبووى ساڵى 2006ى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان و قوتابیی قۆناخی بنه‌ڕه‌تیه‌، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد و ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*بۆچى یارى باله‌ت هه‌ڵبژارد؟
-هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ حه‌زێكى تایبه‌تم بۆ وه‌رزش هه‌بووه‌، یاری باله‌ش ئه‌م وه‌رزشه‌ بووه‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى جیاواز حه‌زم لێبووه‌، بۆیه‌ش خۆم له‌م یارییه‌ دۆزییه‌وه‌.
* ئاستى یارى باله‌ چۆن ده‌بینى به‌شێوه‌یه‌كى له‌ شاره‌كانى كوردستان ؟
-تاڕاده‌یه‌ك مام ناوه‌نده‌ و به‌ باشى ئه‌یبینم.
*وه‌كو یاریزانێكى لاو كردنه‌وه‌ى كه‌مى پاڵه‌وانێتى ئێوه‌ سارد ناكاته‌وه‌ له‌م یارییه‌؟
-ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانیه‌تى هۆكارێكه‌ بۆ به‌ره‌ووپێشچوونى ئه‌م یارییه‌، به‌ڵام گه‌ر ئه‌نجامدانى دوابكه‌وێت یان نه‌كرێته‌وه‌ یاریزان سارد ده‌بێته‌وه‌ له‌ مه‌شقى به‌رده‌وام و هه‌وڵدان و تێكۆشان ده‌رخستنى به‌هره‌كانى كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
* چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان به‌رز بكرێته‌وه‌؟
-زیاتر گرنگى پێ بدرێت باشترین كار بۆ ئه‌وه‌ى بكرێ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندییداره‌كان و كاربه‌ده‌سته‌كان هاوكارى ئه‌م یارییه‌ بكه‌ن و گرنگى زیاتری پێ بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى حه‌زی ئه‌م یارییه‌ لاى كچان دروست بێت.
*كارگێڕى یانه‌كه‌تان چۆن هاوكاریتان ده‌كات؟
-تاڕاده‌یه‌كى باش هاوكارمانن به‌تایبه‌ت سه‌رپه‌رشتیاری باله‌ كاك سیروان كه‌ هه‌مووكات پاڵپشتى تیپه‌كه‌یه‌.
* به‌هیواى چى له‌ ژیانى وه‌رزشیت؟
- له‌م كاته‌ى ئێستادا هیواو ئاواتى من ئه‌وه‌یه‌ ببمه‌ یاریزانێكى به‌توانا و باش كه‌ بتوانم خزمه‌تى یانه‌كه‌م و شاره‌كه‌م بكه‌م له‌ رێگاى وه‌رزشه‌وه‌.
*له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یانه‌كان په‌نا بۆ یاریزانانى ده‌ره‌وه‌ ببه‌ن؟
-نه‌خێر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نیم به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك یانه‌كان پشت به‌ یاریزان و راهێنه‌رى بیانى ببه‌ستن.
*داواكاری و پێشنیارت له‌ به‌رپرسانى وه‌رزشى كوردستان؟
- به‌هیواى ئه‌وه‌م زیاتر گرنگى به‌ وه‌رزشى تۆپى باله‌ بده‌ن وه‌كو یاری تۆپى پێى .
*خه‌ونی وه‌رزشیت وه‌كو یاریزانێك؟
- ئه‌وه‌ى له‌توانام بێت پێشكه‌شى بكه‌م و ببمه‌ یاریزانێكى به‌تواناله‌ یارى باله‌.
*به‌هیواى ئه‌وه‌ نیت هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان له‌ یارى باله‌ دابمه‌زرێ؟
- به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ خه‌ونى هه‌موو وه‌رزشوانێكه‌.
* له‌ یارى تۆپى باله‌ به‌چ یاریزانێك سه‌رسامى حه‌ز ده‌كه‌ى به‌گه‌ى به‌ ئاستى ئه‌و؟
-بگه‌مه‌ ئاستى یاریزانى به‌تواناى به‌رازیلی(flavia montes).
*خێزانه‌كه‌ت چۆن هاوكاریت ده‌كه‌ن؟
-تاڕاده‌یه‌كى زۆر باش پاڵپشتن سوپاسى خێزانه‌كه‌م ده‌كه‌م كه‌ هاوكار و رێگه‌پێده‌رم بوون، سوپاس بۆ راهێنه‌ره‌كه‌م مامۆستا به‌رێز و كاك دانا كه‌ منیان گه‌یانده‌ ئاستێكى باش.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان كه‌ به‌رده‌وام له‌ خزمه‌تى وه‌رزشى ناوه‌خۆیه‌.
Top