خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ببمه‌ یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانه‌كان

خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ببمه‌ یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانه‌كان
گه‌ڵا مژده‌ راهێنه‌رى له‌شجوانى خانمانى كۆیه‌
خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ببمه‌ یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانه‌كان
ماوه‌یه‌كه‌ له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانى شاره‌كانى كوردستان وه‌رزشى له‌شجوانى و له‌ش رێكى و هێزى له‌ش به‌ره‌وو گه‌ش بوونه‌وه‌ ده‌چێت به‌تایبه‌تى بۆ ئافره‌تان و خانمانى شاره‌كانى كوردستان كه‌ گرنگى زۆر به‌م وه‌رزشه‌ ده‌ده‌ن، ره‌نگه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوودا ببێته‌ یه‌كێك له‌م یارییانه‌ى كه‌ ئافره‌تانى وه‌رزشكار به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر روو له‌م یارییه‌ بكه‌ن كێبڕكێ له‌ سه‌ر ئه‌نجامى گه‌وره‌ بكه‌ن له‌ پاڵه‌وانیتیه‌كان، له‌ ئێستادا هۆڵه‌كانى شاره‌كانى كوردستان خاوه‌نى چه‌ندین ئافره‌تى به‌توانان له‌م وه‌رزشه‌، یه‌كێك له‌و خانمه‌ راهێنه‌ر و یاریزانانه‌ش گه‌ڵا مژده‌-یه‌ ، ناوبراو ماوه‌ى چه‌ند سالێكه‌ هه‌ردوو یارى له‌ش جوانى و هێزی له‌ش ده‌كات و له‌دایك بووى ساڵى 1995ى قه‌زاى كۆیه‌ ناوبراوخه‌ونى زۆرى هه‌یه‌ له‌ وه‌رزشه‌كه‌ى ، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* چۆن بوو خۆت له‌ جیهانى ئه‌م وه‌رزشه‌ دۆزییه‌وه‌؟
-له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌مه‌ویست ببمه‌ خاوه‌ن له‌ش ولارێكى رێك و ته‌ندروست، وه‌ له‌ رووى ده‌روونیه‌وه‌ش سوودێكى زۆرى هه‌یه‌ بۆ وه‌رزشكار.
* ئه‌م وه‌رزشه‌ بۆخانمان وه‌رزشێكى گرانه‌ تاڕاده‌یه‌ك قورسه‌ كه‌ ئێوه‌ هه‌ڵتان بژاردوه‌؟
- ره‌نگه‌ قورس بێت، به‌ڵام حه‌ز و ئاره‌زووم بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌ بۆى ئاسان كردوم.
* دوو وه‌رزش له‌ یه‌ك كات ده‌كه‌ى هه‌ڵگرتنى قورسیایی و له‌ش جوانى، له‌كام وه‌رزش سه‌ركه‌وتووتری ؟
-زیاتر له‌ یارى له‌شجوانى سه‌ركه‌وتووترم.
*پێشوازى خانمان له‌م یارییه‌ له‌ چ ئاستێكه‌ كه‌ ئێستا خۆت یه‌كێكى له‌ راهێنه‌رانى ئه‌م یارییه‌؟
-راسته‌ له‌ ئاستێكى باش پێشوازى لێنه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن كچانه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى زۆر كه‌س وای داده‌نێت كه‌ وه‌رزش ته‌نیا بۆ قه‌ڵه‌وه‌كانه‌ یان زۆربه‌یان كاتێكى دیاری ناكه‌ن و به‌ شایه‌نى نازانن بۆ وه‌رزش، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌م چه‌ند ساڵه‌ى ئێستا باشتره‌ له‌ چاو ساڵانى پێشوو، به‌هیواى ئه‌وه‌م باشتریش بێت.
*ئاستى یارى له‌شجوانى چۆن ده‌بینى به‌گشتى؟
-ئه‌م وه‌رزشه‌ ئێستا له‌ كوردستان به‌ گشتى خواستى زۆر له‌ سه‌ره‌ به‌ تایبه‌تى هه‌ڵگرتنى قورسایی و وای ده‌بینم له‌ ئاستێكى باش بێت.
*به‌ بۆچوونی تۆ چى كارێك ئه‌نجام بدرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار ؟
- پێویسته‌ زانیاری زیاتر بلاو بكرێته‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌م جۆره‌ وه‌رزشه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ راگه‌یاندنه‌كان و میدكانه‌وه‌ كه‌ به‌رنامه‌ى تایبه‌ت هه‌بێت باسى بكات و سووده‌كانى بخرێته‌ روو.
*پلان و به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو یاریزانێك؟
-هه‌وڵده‌ده‌م زیاتر زانیاری وه‌ربگرم و تواناكانم زیاتر بكه‌م.
*به‌نیازی له‌ چه‌ند پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك به‌شدارى بكه‌ى، چاوت له‌ چیه‌؟
- به‌نیازى ئه‌وه‌م له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى داهاتوو به‌شدارى بكه‌م، به‌ڵام یارى به‌رزكردنه‌وه‌ى قورسایی یارییه‌كى زۆر هه‌ستیاره‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى بچووكترین هه‌له‌ له‌وانه‌یه‌ تووشى زیانى زۆرت بكات له‌به‌ر ئه‌مه‌ ده‌بێ زۆر ئاگادار بی.
*كێ زۆر هاوكاریت ده‌كات له‌ وه‌رزش كردنت؟
-خانه‌واده‌كه‌م تا راده‌یه‌كى باش هاوكارم بوونه‌ و پشتگیرییان كردوومه‌
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كچێك؟
- خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ببمه‌ یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانه‌كان و به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى كوردستان بكه‌م.
*وه‌كو راهێنه‌رێك به‌نیازى ئه‌وه‌ نیت تیپێكى كچان دروست بكه‌ى؟
-هه‌وڵماندا كه‌ تیپێك دروست بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى پێیان خۆش بوو رێژه‌كه‌یان كه‌م بوو.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ پشتگیری كردنى وه‌رزشكارانى شاره‌كانى كوردستان.

Top