سێ‌ قوتابی پەروەردەی خەبات لەسەر ئاستی عێراق بوونە پاڵەوانی پاڵاوتنەكانی یاری تایكواندۆ

سێ‌ قوتابی پەروەردەی خەبات لەسەر ئاستی عێراق بوونە پاڵەوانی پاڵاوتنەكانی یاری تایكواندۆ
سێ‌ قوتابی پەروەردەی خەبات لەسەر ئاستی عێراق
بوونە پاڵەوانی پاڵاوتنەكانی یاری تایكواندۆ
ئا: كارزان كانەبی
لەمیانی یارییەكانی پاڵاوتن لە یاری تایكواندۆ كە ناوەندی یەكێتی عێراقی تایكواندۆ بۆ تازپێگەیشتوان و گەنجان و پێشكەوتووان لە شاری بەغدا بۆ تێكڕای پارێزگاكانی ئەو وڵاتە بەڕێوەی برد, (5) لە قوتابیانی قەزای خەبات توانیان بگەنە یارییەكانی كۆتایی و پلەی یەكەم بەدەست بێنن، كە سێ‌ لەو یاریزانانەی كە میدالیایی زێڕیان بەدەست هێنا قوتابی قوتابخانەی چراخان و ئامادەیی كاكەیی بوون لە گوندی سفەیە.
یاریزانە سەركەوتووەكان لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی یارییەكانیان و خەونیان بە بەدەست هێنانی پلەی یەكەم ئاماژەیان بەوە كرد ئەوان وێڕای كەموكوڕی تواناكان و نەبوونی شوێن و ئامێری پێویست, كەچی ئەو بەربەستانە نەبووە هۆی ساردبوونەوەیان لە بەردەوامبوون و لە ئامێزكردنی ئامانجەكەیان... ئەوان گوتیان:(ئێمە لەنێو ژینگە و سرووشتی گوندەكەمان لەدایكبووین و هەر ئاووهەوای ئەو سرووشتەشە كە دەمانگەیەنێتە لووتكەی سەركەوتن و ناساندنی ناوی كوردستان و كورد بە دنیا).
(بڵند و دیلان و ئیمان) كە سێ‌ قوتابی سنووری پەروەردەی خەباتن باسیان لەوەش كرد و گوتیان: (ئێمە هەوڵی خۆمان دا و كۆششەكانمان گەیشتنە ئەنجام, ئێمە لە ئێستا لە یاری تایكواندۆدا نەك تەنها نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان؛ بەڵكو نوێنەری عێراقیش بۆ بەشداریكرن لە قارمانێتییەكی دیكەی نێودەوڵەتی یاری تایكواندۆ دەكەین كە لەمانگی سێی ئەمساڵ لە وڵاتی لوبنان بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خەبات دەرك بەو دەسكەوتە مەزنە دەكات كە لەبواری وەرزشی و یاری تایكواندۆدا سێ لە قوتابییەكانی بوونە پاڵەوانی عێراق, بۆیە مامۆستا مەعروف حەمەد سەعید, بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات پێشوازی لێكردن و بە بەخشینی بڕوانامەی شانازیكردن پیرۆزبایی و هەستی خۆی بۆیان هێنایە زمان.
لەلایەكی دیكەشەوە بەمەبەستی پیرۆزبایی لێكردن و دەستخۆشی لە قوتابیانی یەكەمی پاڵاوتنی یاری تایكواندۆ, مامۆستا مەعروف حەمەد سەعید, بەڕێوەبەری پەروەردەی خەبات لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی خەبات پێشوازی لە سێ‌ لەو یاریزانانە كرد كە قوتابی سنووری پەروەردەكەن و رێز و سوپاسی پێشكەش كردن، ئەویش لەلایەن خۆیەوە پشتگیری تەواوی پەروەردەی خەباتی بۆیان دووپات كردەوە و ئەوەشی هێنایە زمان كە ئەوان بە سەركەوتنەكانیان دڵخۆش و شانازن و داواشی لێكردن كە لە قارەمانێتی نێودەوڵەتی ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا لە وڵاتی لوبنان بەڕێوە دەچێت كۆششەكانیان چڕ بكەنەوە و ئاستی باش پیشان بدەن و ناوی كوردستان و پێشمەرگە بە جیهان بناسێنن.


Top