كچانى رانیه‌ چاویان له‌ خولى نایابه‌

كچانى رانیه‌ چاویان له‌ خولى نایابه‌
كچانى رانیه‌ چاویان له‌ خولى نایابه‌
تیپى تۆپى فوتساڵى یانه‌ى وه‌رزشى رانیه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ ئاماده‌كارییه‌كانى بۆ ده‌ستپێكى خولى فوتساڵى یانه‌ پله‌ یه‌كه‌كانى كوردستان، ئه‌م وه‌رزه‌ جیاواز له‌ ساڵانى رابردوو یانه‌كه‌ى ده‌ڤه‌رى رانیه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ یاریزانانى شاره‌كه‌ى كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ به‌م پێكهاته‌یه‌ ئاست و ئه‌نجامى دڵخۆشكه‌ر بۆیانه‌كه‌یان به‌ده‌ست بهێنینن و پلێتى گه‌یشتن به‌ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان ده‌سته‌ به‌ر بكه‌ن و یانه‌كه‌ش به‌ به‌هێزى له‌ ناوچه‌كه‌یان بهێلنه‌وه‌، له‌م باره‌شه‌وه‌ نه‌به‌ردئازاد راهێنه‌رى تیپى فوتساڵى كچانى رانیه‌ بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى" سوپاس بۆ خودا به‌رده‌وامین له‌ ئاماده‌كاری و مه‌شقه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ى بۆ ده‌ستپێكى خوله‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى تۆكمه‌ ئاماده‌ى یارییه‌كانى خوله‌كه‌ بین، گوتیشى" ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ فوتساڵى كچانى رانیه‌ سه‌رخه‌ینه‌وه‌ بۆ خولی نایابى یانه‌كانى كوردستان، له‌ باره‌ى كێشه‌كانیش گوتى" بێگومان كێشه‌مان هه‌یه‌ له‌ رانیه‌ ته‌نیا هۆلێكى داخراوى لێیه‌، به‌ڵام ئه‌رزه‌كه‌ى هه‌مووى تێكچوه‌ ته‌نانه‌ت به‌ كه‌ڵكى راهێنان ناێت و نه‌ك یارى كردن كه‌ ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كى سه‌ره‌كییه‌ بۆ ئێمه‌، گوتیشى" هه‌رچه‌نده‌ رانیه‌ پایته‌ختى ئازادیه‌ و توانیوه‌تى خراپترین رژێم ده‌ربكات و گه‌وره‌ترین دوژمنى كورد و كوردستان بڕوخێنێ، كه‌چى یه‌ك هۆڵى هه‌یه‌ تا ئێستاوه‌ وه‌رنه‌گیراوه‌ و شیاوی یارى كردن نییه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ش رێگری ده‌كات له‌به‌رده‌م دروست كردنى تیپى كچان له‌ ناوچه‌كه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش به‌رده‌وام له‌م هۆڵه‌ نه‌شیاوه‌ مه‌شقه‌كانمان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌نجامدانى یارى دۆستانه‌ش ده‌بێت بچینه‌ قه‌زاى قه‌ڵادزێ یان ناحیه‌ى چوارقوڕنه‌، ئه‌مساڵیش تیپێكى باشمان له‌ كچانى ناوچه‌كه‌ دروست كردوه‌، ئه‌گه‌ر بێت یاریگایه‌كى شیاومان هه‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌ى خۆمان ئه‌ئوه‌ ده‌توانین باشترین ئه‌نجام به‌ده‌ست بهێنین، چونكه‌ یاریزانانى ئێمه‌ حه‌ز و ئاره‌زووی زۆریان بۆ وه‌رزش هه‌یه‌ و ده‌توانن ببنه‌ نوێنه‌رى راسته‌قینه‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان، كێبڕكێ به‌رده‌وامى خۆشمان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ئاست و ئه‌نجامان شایسته‌ بێت له‌ خوله‌كه‌.
كارزان كانه‌بی
Top