خه‌ونم ئه‌وه‌یه‌ ببم به‌ پاڵه‌وانى جیهانى

خه‌ونم ئه‌وه‌یه‌ ببم به‌ پاڵه‌وانى جیهانى
ناز جه‌میل راهێنه‌رى له‌شجوانى له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ
خه‌ونم ئه‌وه‌یه‌ ببم به‌ پاڵه‌وانى جیهانى
له‌ ئێستادا له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانى شاره‌كانى كوردستان یارییه‌كانى ئافره‌تان گرنگى زۆرى پێ ده‌درێ به‌ تایبه‌تی یارى له‌شجوانى و له‌ش رێكى بۆته‌ یه‌كێك له‌و یارییانه‌ى كه‌ خانمان به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو روو له‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م حه‌ز و خولیاكانیان به‌جێ بهێنن، هه‌میش ببنه‌ خاوه‌ن له‌شێكى رێك، ، له‌ قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵى سه‌ر به‌ پارێزگاى سلێمانیش یه‌كێكه‌ له‌م شارانه‌ى كه‌ خانمان گرنگى ته‌واو به‌ وه‌رزش ده‌ده‌ن، یه‌كێك له‌و ئافره‌ته‌ یاریزانانه‌ش له‌ یه‌ك كاتدا دوو یارى ده‌كات هه‌م راهێنه‌رى مه‌له‌وانى و وه‌كو یاریزانیش هێزی له‌ش ده‌كات جگه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان وعێراقی بۆ هیچ یانه‌یه‌ك یارى نه‌كردوه‌ ده‌یه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بێت ته‌نیا له‌ ژێر رێنمایی راهێنه‌ره‌كه‌ى ئه‌ویش ناز جه‌میل ه‌ له‌دایك بووى ساڵى 1991ى چه‌مچه‌ماڵه‌ ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌م وه‌رزشه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* هاتنت بۆ ناو وه‌رزشی مه‌له‌وانى چۆن بوو؟
- سه‌ره‌تا من وه‌رزشم نه‌ده‌كرد چووین بۆ سه‌یران كوڕه‌كه‌م نوقم بوو له‌ ئاو خۆم توانیم ده‌ری بهێنم، چونكه‌ مه‌له‌وانیم ده‌زانى هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ فێری ببووم، به‌ڵام به‌ شێوازى ئه‌كادیمی نه‌مده‌زانى له‌وه‌وه‌ بڕیارم دا كه‌ خۆم بكه‌م راهێنه‌رى مه‌له‌وانى زانیم كه‌ كارێكى چه‌ند پیرۆزه‌، چونكه‌ گیانى كه‌سان رزگار ده‌كه‌ى له‌ خنكان.
* به‌ڵام ئێستا وه‌رزشى قورسایی ئه‌نجام ده‌ده‌ى بۆ خانمان ئه‌م وه‌رزشه‌ تا راده‌یه‌ك قورس نییه‌؟
- به‌لێ زۆر قورسه‌ من پێشتر كێشم زۆر زۆر بوو بۆ كێش دابه‌زاندن چومه‌ هۆڵ و مه‌وانگه‌ دواتر هه‌ستم كرد هێزێكى باشم هه‌یه‌ بۆیه‌ بڕیارمدا هه‌ردوو وه‌رزش بكه‌م له‌ یه‌ك كاتدا له‌ كوردستان هیچ خانمێك ناتوانێ ئه‌م دوو كاره‌ بكات له‌ یه‌ك كات.
* دوو وه‌رزش له‌ یه‌ك كات ده‌كه‌ى هه‌ڵگرتنى قورسیایی و مه‌له‌وانى، له‌كامه‌ى سه‌ركه‌وتووتری؟
- له‌ مه‌له‌وانى ئه‌نجامى باشم هه‌بووه‌ و یاریزانه‌كانم ئه‌نجامیان بووه‌ له‌ كوردستان، به‌ڵام شێوه‌ى له‌شى من و ته‌مه‌نى من زیاتر پێیوستى به‌ هێزى له‌شه‌ بۆیه‌ له‌ مه‌له‌وانى راهێنه‌رى مه‌له‌وانگه‌ و تیپێكى كچانم هه‌یه‌ له‌ یارى ئاسنی ته‌نیا یاریزانم و خاوه‌نى بڕوانامه‌ى له‌شجوانیم، به‌ڵام به‌هۆى سه‌رقاڵیم ناتوانم له‌ هۆڵ وه‌كو راهێنه‌ر كار بكه‌م.
*پێشوازى كردنى ئافره‌تان له‌م یارییه‌ی هێزى له‌ش به‌ چ جۆرێكه‌؟
- هیچ پێشوازییه‌كى لێنه‌كراوه‌ به‌داخه‌وه‌ من كه‌ بووه‌ پاڵه‌وانی نێوده‌وڵه‌تى جگه‌ له‌ وه‌رزشكاران و كه‌سه‌ نزیكه‌كانم كه‌س ده‌ستخۆشیه‌كى لێ نه‌كردووم.
*ئاستى یارى هێزی له‌ش چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-له‌ ئاستێكى باش ده‌بینم سوپاس بۆخوداى گه‌وره‌ چه‌ندین كچى لێهاتوومان هه‌یه‌ له‌ چه‌مچه‌ماڵ و سلێمانى، به‌ڵام خه‌لێكى كه‌م گرنگى پێ ده‌دات كه‌ من ئه‌وانه‌ى وه‌كو چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى به‌ به‌كارى ده‌هێنن.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
-ئه‌گه‌ر ببینین چه‌ندین رێكخراو هه‌یه‌ یارمه‌تى خه‌ڵك ده‌ده‌ن بۆ چاڵاكیه‌كانیان پاره‌ى باش سه‌رف ده‌كه‌ن، بارێكخراوێك هه‌بێت بۆ هاوكارى ئه‌و كچانه‌ بكات كه‌ ده‌یانه‌وێ بێنه‌ ناو پاڵ‌وانیه‌تیه‌كان و هاوكارى مادیمان بكرێت بێگومان خه‌ڵكى زۆرتر روو له‌م وه‌رزشه‌ ده‌كه‌ن.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
- له‌سه‌ر وه‌رزش كردنم به‌رده‌وام بم و ئه‌نجامى باشترم هه‌بێت له‌ داهاتوو.
*به‌نیازی له‌ چه‌ند پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك به‌شدارى بكه‌ى چاوت له‌ چیه‌؟
- به‌ نیازم هه‌ر پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك بكرێت له‌ عێراق و ده‌ره‌وه‌ى عێراق به‌شدارى بكه‌م و ئاماده‌كارى باشى بۆ بكه‌م.
*گرفتى ئه‌م یارییانه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
- ئه‌م دوو یارییه‌ پێویستى به‌ پاره‌ى زۆره‌ كه‌ زۆر یاریزان تواناى نییه‌، مه‌له‌وانى پێویستى به‌ دابینكردنى مه‌له‌وانگه‌ و جل و به‌رگه‌، به‌ڵام هێزی له‌ش پێویستى به‌ پرۆتینات و حه‌ب و ده‌رمانه‌ من كه‌ تا ئێستا نه‌متوانیوه‌ هیچى به‌كار بهێنم.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
- خه‌ونم ئه‌وه‌یه‌ ببم به‌ پاڵه‌وانى جیهانى بیسه‌لمێنم كه‌ ئافره‌تیش تواناى هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت، به‌هیوام ببمه‌ پۆلیسى غه‌واس وا تا ده‌ركردنى ته‌رم له‌ ئاودا ببمه‌ یه‌كه‌م كچه‌ غه‌واس له‌ كوردستان و عێراق.
*وه‌كو راهێنه‌رێك به‌نیازى ئه‌وه‌ نیت تیپێكى كچان له‌ شاره‌كه‌تان دروست بكه‌ى؟
-تیپى مه‌له‌وانى كچانم هه‌یه‌ به‌ ناوى تیپى دره‌وشه‌ى كچانى چه‌مچه‌ماڵ، به‌ڵام بۆ هێزى له‌ش نیمه‌ تاكو ئێستا.
*كێ هاوكاریت ده‌كات بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌؟
- له‌ راستی خانه‌واده‌كه‌م زۆرترین دژایه‌تیان كردوم، به‌ڵام توانیم به‌سه‌ر ئه‌و كۆسپانه‌ زاڵ ببم تاكه‌ كه‌سێك كه‌ پشتگیری كردوم هاوسه‌ره‌كه‌مه‌.
*ده‌ته‌وێ چى بلێ له‌ كۆتایی؟
-زۆر سوپاس بۆ راهێنه‌رى به‌توانا مامۆستا هه‌ورامان فه‌ریق و زانا فه‌ریق كه‌ ئه‌وان منیان گه‌یانده‌ ئه‌و رۆژه‌، سوپاس بۆ مامۆستا فه‌تحى سه‌رۆكى هێزى له‌شى كوردستان، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ى به‌ وه‌رزشكاران ده‌كات.

Top