ئه‌مڕۆ پێنج یانه‌ شه‌ڕى پێشه‌نگ ده‌كه‌ن

ئه‌مڕۆ پێنج یانه‌ شه‌ڕى پێشه‌نگ ده‌كه‌ن
له‌ خولى نایابى كوردستان
ئه‌مڕۆ پێنج یانه‌ شه‌ڕى پێشه‌نگ ده‌كه‌ن
كارزان كانه‌بی
له‌میانى یارییه‌كانى هه‌فته‌ى نۆیه‌می خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان له‌ قۆناخى یه‌كه‌مى خوله‌كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ شه‌ش یاری گرنگ و به‌هێز له‌ نێوان یانه‌كانى كوردستان ئه‌نجام بدرێت، له‌ سه‌ر یاریگاى گه‌رده‌ گه‌رد له‌ قه‌زاى رواندز له‌ یارییه‌كى به‌هێز و لوتكه‌ى پارێزگاى هه‌ولێر هه‌ردوو یانه‌ى سۆران و هه‌ولێر رووبه‌رووى یه‌كترى ده‌بنه‌وه‌، بۆ ئه‌م یارییه‌ش یاریزانانى هه‌ردوو یانه‌ چاویان له‌ سێ خاڵى یارییه‌كه‌ و ده‌یانه‌وێ شه‌ڕى به‌ده‌ستهێنانى پێشه‌نگى یانه‌كان بكه‌ن، یانه‌ى سۆران هیچ یارییه‌كى له‌م یاریگایه‌ نه‌دۆڕاندوه‌ ئه‌م وه‌رزه‌، بگره‌ ئاستێكى به‌رزیشیان پێشكه‌ش كردوه‌، بۆیه‌ بۆ یارییه‌كه‌ى ئه‌مڕۆش سۆران ده‌یه‌وێت له‌به‌رده‌م هانده‌رانى یانه‌كه‌ى سێ خاڵى تر به‌ده‌ست بهێنێت زیاتر له‌ پێشه‌نگى یانه‌كان نزیك بێته‌وه‌، هه‌ولێریش بۆ سێ خاڵ شه‌ڕى وه‌رگرتنى پێشه‌نگ زیاتر چڕ بكاته‌وه‌، له‌ پارێزگای دهۆكیش دوو یارى گرنگ به‌رێوه‌ده‌چێت، دهۆك میواندارى یانه‌ى شێروانه‌ ده‌كات بۆ ئه‌م یارییه‌ش یاریزانانى هه‌ردوو یانه‌ ئاماده‌كارى چڕیان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن كێبڕكێ یه‌كترى بكه‌ن له‌سه‌ر به‌جه‌ست هێنانى ئه‌نجامى شایسته‌، دهۆك هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات خۆى بباته‌ خانه‌كانى پێشه‌وه‌ ریزبه‌ند، شێروانه‌ش ده‌یه‌وێ له‌سه‌ر حیسابی یانه‌ى میواندار سێ خاڵ بكاته‌ دیارى هانده‌رانى له‌ كه‌لار، زێره‌ڤانیش له‌سه‌ر یاریگاى خۆى له‌ یارییه‌كى زه‌حمه‌ت میواندارى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ زێره‌ڤانى ده‌یه‌وێت به‌ سێ خاڵ هانده‌رانى ئاشت بكاته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ركى زه‌حمه‌ته‌ به‌رامبه‌ر كوڕانى پێشمه‌رگه‌، سه‌میربابۆش پلانى تۆكمه‌ى داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سێ خاڵى دیكه‌ش ده‌سته‌به‌ر بكات و شه‌ڕى پێشه‌نگى یانه‌كان زیاتر تۆخ بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌كانى تر، له‌ پارێزگاى سلێمانیش سێ یارى به‌هێز به‌رێوه‌ده‌چێت، سیروانى نوێ پێشه‌نگى یانه‌كان له‌سه‌ر یاریگاى خۆى میواندارى یانه‌ى هه‌ندرێن ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ش سیروانى نوێ ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بووى شكستى هه‌فته‌ى رابردوو بكاته‌وه‌، هه‌ندرێنیش له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ وره‌یه‌كى به‌رزه‌وه‌ گه‌شتى سلێمانى كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ریتمى هه‌فته‌ى رابردوو سه‌ركه‌وتنێكى تر له‌سه‌ر حیسابی یانه‌ى میواندار تۆماربكات، بۆ ئه‌م یارییه‌ش هه‌ردوو یانه‌ ئه‌ركیان قورسه‌، پێشمه‌رگه‌ى سلێمانیش له‌سه‌ر یاریگاى فه‌رمانده‌یی میواندارى یانه‌ى برایه‌تى دووه‌مى ریزبه‌ندى یانه‌كان ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ش یاریزانانى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌كارى باشیان كردوه‌ ده‌یانه‌وێ یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتن له‌سه‌ر حیسابی یانه‌ى برایه‌تى به‌ده‌ست بهێنن، برایه‌تیش به‌ پلانه‌كانى فاتیح حه‌مه‌خانى راهێنه‌ر چاوى له‌وه‌یه‌ به‌ سه‌ركه‌وتن و سێ خاڵ هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى پێشه‌نگ بدات، نه‌ورۆزیش له‌سه‌ر یاریگاى خۆى میواندارى یانه‌ى زاخۆ ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ش یاریزانانى هه‌ردوو یانه‌ ئاماده‌كارى باشیان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن سێ خاڵى یارییه‌كه‌ به‌ سوودی خۆیان یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌ ئه‌م یارییه‌ش بۆ هه‌ردوو یانه‌ گرنگى خۆى هه‌یه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان چاوه‌ڕوان ده‌بێ، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له‌كاتژمێر30،2 خوله‌كى دواى نیوه‌ڕۆ به‌رێوه‌ ده‌چێت.
1-سیروانى نوێ14خاڵ
2-برایه‌تى 13خاڵ
3-پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێر12خال
4- سۆران 12خاڵ
5- هه‌ولێر12خاڵ
فۆتۆ/ پشتیوان ره‌شید
Top