ئافره‌تانى هه‌ولێر چاویان له‌ ئه‌نجامى گه‌وره‌یه‌

ئافره‌تانى هه‌ولێر چاویان له‌ ئه‌نجامى گه‌وره‌یه‌
ئافره‌تانى هه‌ولێر چاویان له‌ ئه‌نجامى گه‌وره‌یه‌
تیپى تۆپى ده‌ستى یانه‌ى ئافره‌تانى یه‌كێك له‌ تیپه‌ به‌هێزه‌كانى كوردستانه‌، ئه‌مساڵیش له‌ خولى نایابى تۆپى ده‌ستى كچانى یانه‌كانى كوردستانه‌له‌ نێو یانه‌ به‌شداربووه‌كانى كوردستان پله‌ى سێ یه‌مى خوله‌كه‌ى به‌ده‌ستهێنا، یانه‌كه‌ش له‌ ئێستادا مه‌شقه‌كانى به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ وه‌كو نوێنه‌رى ئافره‌تانى هه‌ولێر تیپێكى تۆكمه‌ و پڕ له‌ یاریزانى به‌ ئه‌زموون بۆ خۆیان دروست بكه‌ن، بۆ كێبڕكێ كردن له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌، تاكه‌ یانه‌كه‌ى ئافره‌تانى پایته‌خت چاوى له‌ ئه‌نجامى گه‌وره‌یه‌ به‌م كچانه‌ى ریزى یانه‌كه‌ى له‌م باره‌شه‌وه‌ گۆڤاری گوڵان راپۆرتێكى له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌نجامدا یاریزانان و راهێنه‌رانیش قسه‌ى خۆیان هه‌بوو.
له‌ باره‌ى ئاستى تیپه‌كه‌ى رێهه‌نگ سه‌لاحه‌دین بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى" ئاستى تیپه‌كان باشن، چونكه‌ گشت تیپه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌بوو له‌ مه‌شقه‌كانیان، به‌ڵام به‌ش به‌ حاڵى یانه‌كه‌ى خۆمان ئافره‌تانى هه‌ولێر له‌ ماوه‌ى دوو مانگ له‌ دروست كردنى تیپ و مه‌شق توانیمان ئاستێكى به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ن و ببێنه‌ یانه‌یه‌كى به‌هێز له‌ پاڵه‌وانیه‌تى كوردستان و پله‌ى سێیه‌م بوه‌ به‌شمان، سه‌ره‌ڕاى پێكان بوونى چه‌ندین یاریزان له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كه‌ ئه‌گه‌ر نا له‌ پله‌ى سێیه‌م نه‌ده‌وه‌ستاین و ده‌چووینه‌ پله‌كانى پێشتر و ركابه‌رى كردن له‌سه‌ر نازناویش، له‌باره‌ى گرفتى یانه‌كه‌ش گوتیشى" تاكو ئێستا كێشه‌ى ئه‌وتۆمان نه‌بووه‌ به‌ پاڵپشتى سه‌رۆكى یانه‌كه‌ و سكرتێری یانه‌كه‌ پاڵپشتى ته‌واوى تیپه‌كه‌ بووینه‌ و به‌رده‌وامیشن له‌ پاشتگیری كردنمان، سه‌رۆك و سكرتێرى یانه‌كه‌ مووچه‌ى تیپه‌كه‌مان به‌ مووچه‌ى خۆیان دابینى ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش جێگاى ده‌ستخۆشییه‌، به‌رنامه‌ى سه‌ره‌كى خۆمان بگره‌ دروستكردنى یاریزانه‌ كه‌ توانیشمان ئه‌مساڵ چه‌ند یاریزانێكى تازه‌ بهێنینه‌ ناو یاریگا و ئاستێكى به‌رزیش پێشكه‌ش بكه‌ن، وه‌ به‌رده‌وامیشن له‌م به‌رنامه‌یه‌ پته‌وكردنى تیپه‌كه‌مان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، وه‌ تا ئێستا داوه‌ت نامه‌یه‌كمان بۆ هاتووه‌ كه‌ بچیته‌ ده‌ره‌وه‌ى ووڵات بۆ ئه‌نجامدانى چه‌ند یارییه‌كى دۆستانه‌ و ناساندنى یانه‌ و تیپه‌كه‌مان به‌ ووڵاتانى تر و سوود وه‌رگرتن له‌ توانا و ئه‌زموونى ئه‌وانیش.
یادى محه‌مه‌د گۆڵپارێزى تۆپى ده‌ستى ئافره‌تانى هه‌ولێریش ئه‌ویش بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى"یانه‌كه‌مان به‌رده‌وامه‌ له‌ مه‌شقه‌كانمان و هیچ كێشه‌و گرفتێكمان نییه‌ وه‌كو یانه‌ و یاریزان جگه‌ له‌وه‌ش پاڵپشتى ته‌واومان كراوه‌ له‌ یانه‌كه‌، وه‌ كێشه‌ى گشت یاریزانان دره‌نگ به‌رێوه‌چوونى خولى تۆپى ده‌سته‌ پێمان خۆیه‌ له‌ سالێكدا 2خول بكرێته‌وه‌ یان ئه‌گه‌ر یه‌ك خولیش كراوه‌ با یارییه‌كانى چوون و هاتن بێت، بۆ ئه‌وه‌ى یاریزانان چێژ له‌ یارییه‌كان وه‌ربگرن و تۆپى ده‌ست جوانتر بێت له‌ ئێستادا، جگه‌ له‌وه‌ش یاریزان بتوانێ یارى بۆ یارى ماندووبوونه‌كه‌ى بحه‌سێته‌وه‌ و ئاسته‌كه‌ى به‌ته‌واوى نیشان بدات، ئامانجى هه‌موو یاریزانێك به‌ده‌ستهێنانى پله‌ى به‌رزه‌ و پێشكه‌ش كردنى ئاستى باشه‌ تا بتوانین درێسى هه‌ڵبژارده‌ى عێراق بپۆشین كه‌ ئامانجه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌، داواكاریمان له‌ یه‌كێتى تۆپى ده‌ستى كوردستان هه‌ڵبژارده‌ى تۆپى ده‌ستى كوردستان دروست بكات، وه‌هه‌روه‌ها بتوانن هه‌موو ساڵ خول به‌رێوه‌ بچێت نه‌ك چه‌ند ساڵ جارێك.
تریفه‌ ساڵح یاریزانى تۆپى ده‌ستى ئافره‌تانى هه‌ولێریش ئه‌ویش بۆ گوڵان گوتى" كێشه‌ى ئێمه‌ وه‌كو یاریزان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گرنگى به‌ یارى تۆپى ده‌ست به‌ تایبه‌ت بۆ ئافره‌تان نادرێت و ده‌رنگ به‌رێوه‌چوونى خوله‌كه‌ كه‌ چه‌نده‌سالێك جارێك ده‌كرێته‌وه‌ ئه‌ویش بۆ ماوه‌ى یه‌ك هه‌ففته‌یه‌ كۆتایى دێت، جگه‌ له‌وه‌ش نه‌بوونى یاریگایه‌كى نێوده‌وڵه‌تى پێویست داواكارم له‌ یه‌كێتى تۆپى ده‌ستى كوردستان ئه‌م خولانه‌ به‌شێوه‌ى چون و هاتن بێت بۆ ئه‌وه‌ى یاریزانان سوودى زیاتر و ده‌رفه‌تى زیاتری یارى كردنى بۆ بڕه‌خسێ،ئه‌م خوله‌ به‌م خێراییه‌ هیچ سودێكى واى نابێت بۆ یاریزانان، به‌ هه‌موو خوله‌كه‌ شه‌ش ناوبژیوان هه‌یه‌ ئه‌م هه‌موو یارییه‌ له‌سه‌ر یه‌كه‌ بۆ ناوبژیوانان زۆر باش نییه‌ و ماندوو ده‌بن، له‌ خوله‌كانى داهاتووش هیوادارم له‌ بڕى یه‌ك جام بۆ یانه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان بیكه‌نه‌ مه‌دالیا زۆر باشتر ده‌بێت و گرنگى زیاتر به‌تواناى ئافره‌تان بدرێت.
هاوینه‌ عه‌بدول ره‌حمان ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێڕى یانه‌ى ئافره‌تانى هه‌ولێر بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی" هیوادارین ساڵانه‌ خولى به‌رده‌وام بۆ یانه‌كان بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى یانه‌كانیش بتوانن یاریزانى زیاتر دروست بكه‌ن و بایه‌خ و گرنگیان بۆ یارییه‌كه‌ زیاتر بێت، ئێمه‌ش وه‌كو ستافی كارگێڕى یانه‌ى ئافره‌تانى هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌ت كردنى سه‌رجه‌م تیپه‌ جۆراوجۆره‌كانى یانه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین خزمه‌تى زیاتر به‌ وه‌رزش بكه‌ین، یانه‌كه‌ى ئێمه‌ش كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئافره‌تان هه‌وڵمان داوه‌ گرنگى به‌ هه‌موو تیپه‌كانمان بده‌ین و ئه‌وه‌ى له‌توانامان بێت بۆ یانه‌كه‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌ین.




Top