سه‌رهه‌نگ موحسین یانه‌ى برایه‌تى هه‌ڵبژارد

سه‌رهه‌نگ موحسین یانه‌ى برایه‌تى هه‌ڵبژارد
سه‌رهه‌نگ موحسین یانه‌ى برایه‌تى هه‌ڵبژارد
تیپى تۆپى پێى یانه‌ى برایه‌تى به‌شدار له‌ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان ئه‌م وه‌رزه‌ به‌سه‌رپه‌رشتى فاتیح حمه‌خانى راهێنه‌رى یانه‌كه‌ بۆ ئه‌مساڵیش سه‌رپه‌رشتى مه‌شقی یانه‌كه‌ ده‌كات، یانه‌كه‌ش به‌ مه‌به‌ستى به‌هێزكردنى ریزی پێكهاته‌ى یانه‌كه‌ى و به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ له‌م وه‌رزه‌ى خوله‌كه‌ و به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌ له‌ خوله‌كه‌ به‌فه‌رمى گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌نگ موحسینى گۆڵپارێزى پێشووى یانه‌ى وه‌رزشى هه‌ولێر مۆركرد، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م وه‌رزه‌ به‌رگرى له‌ تۆری یانه‌ى برایه‌تى بكات، له‌ باره‌ى چوونى بۆ یانه‌ى برایه‌تیش سه‌رهه‌نگ موحسین بۆ گۆڤاری گوڵان گوتى"ئامانجى یانه‌ى برایه‌تى ئامانجی منیشه‌، ئه‌ویش ركابه‌ری كردنه‌ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى خوله‌كه‌، وه‌ك ئامانجى تایبه‌تیشم دانه‌بڕان و پارێزگارییه‌ له‌ تواناى جه‌سته‌ییم بۆ سه‌ره‌تایه‌كى نوێ، له‌ باره‌ى بوونى گرێبه‌ستى خولى عێراقیش سه‌رهه‌نگ گوتیشى"كێشه‌كه‌ى من له‌گه‌ڵ یانه‌ى هه‌ولێر درێژه‌ى كێشا، بۆیه‌ سه‌رجه‌م یانه‌كان پێكهاته‌كانیان رێكخستبوویه‌وه‌ و بوار نه‌ما بۆ ئه‌وه‌ى بچمه‌ یانه‌یه‌ك و گرێبه‌ست له‌گه‌ڵیان واژوو بكه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش جه‌سته‌ى راهێنه‌رانى یانه‌ى زاخۆ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردووم بۆ یارى كردن له‌ خولى نایابى عێراقی، جگه‌ له‌وه‌ش یانه‌ى به‌حریش كه‌ بڕیاره‌ له‌ شوێنى یانه‌ى ته‌له‌به‌ى سزادراو بگه‌رێـته‌وه‌ خوله‌كه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌ كردووم، به‌ڵام دواجار له‌گه‌ڵ یانه‌ى برایه‌تى رێكه‌وتووم بۆ به‌رگرى كردن له‌ تۆری گۆڵى یانه‌ى وه‌رزشى برایه‌تى له‌ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان، جێگاى ئاماژه‌پێكردنه‌ سه‌رهه‌نگ موحسین ماوه‌یه‌كى زۆر خزمه‌تى یانه‌ى وه‌رزشى هه‌ولێر كردوه‌ و كاپتنى یه‌كه‌مى یانه‌كه‌ بووه‌ تا ئه‌وكاته‌ى كێشه‌ى له‌گه‌ڵ یانه‌ هه‌بووه‌ و بڕیارى رۆیشتنى داوه‌.
كارزان كانه‌بی
Top