ئه‌مرۆ وه‌رزى نوێی خولى نایابى كوردستان ده‌ست پێده‌كات

ئه‌مرۆ وه‌رزى نوێی خولى نایابى كوردستان ده‌ست پێده‌كات
ئه‌مرۆ وه‌رزى نوێی خولى نایابى كوردستان ده‌ست پێده‌كات
هه‌ولێرو پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى، هه‌ندرێن و برایه‌تى رووبه‌رووى یه‌كترى ده‌بنه‌وه‌
كارزان كانه‌بی
ئه‌مڕۆپێنج شه‌ممه‌ وه‌رزى نوێ خولى نایابى یانه‌كانى كوردستان به‌به‌شدارى 13یانه‌ى شاره‌كانى كوردستان ده‌ست پێده‌كات، له‌ ده‌ستپێكى هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى خوله‌كه‌ش شه‌ش یارى گرنگ و به‌هێز له‌ نێوان یانه‌ به‌شداربووه‌كانى پارێزگا و قه‌زاكانى شاره‌كانى كوردستان به‌رێوه‌ده‌چێت، یانه‌ى هه‌ولێر له‌سه‌ر یاریگاى دووه‌مى شه‌هید فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری له‌به‌رده‌م هانده‌رانى یانه‌كه‌ى رووبه‌رووى یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى سلێمانى ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م دوویانه‌یه‌ بۆ یارییه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ چاویان له‌ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌نجامى شایسته‌یه‌، هه‌ولێر پشت به‌ یاریگا و راهێنه‌ره‌ لاوه‌كه‌ى ده‌به‌ستێ بۆ ئه‌وه‌ى سێ خاڵى یارییه‌كه‌ بكاته‌ دیارى هانده‌رانى، یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ش به‌ ئاماده‌كارییه‌كى چڕه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ ئه‌نجامه‌وه‌ بگه‌رێته‌وه‌ شارى سلێمانى، له‌ دێربی پایته‌ختیش هه‌ردوو یانه‌ى هه‌ندرێن و برایه‌تى به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، یانه‌ى هه‌ندرێن ده‌یه‌وێت سوود له‌ یاریگا و هانده‌ران وه‌ربگرێ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستپێكى خوله‌كه‌ ئاست و ئه‌نجامى باشى هه‌بێ، برایه‌تیش ده‌یه‌وێت به‌ ئه‌نجامى شایسته‌ به‌سه‌ركردایه‌تى فاتیح حه‌مه‌خانى راهێنه‌ر له‌ یاریگا بێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵ كۆمه‌لێك یاریزانى تازه‌ى هێناوه‌ته‌ ریزى یانه‌كه‌ى ئه‌م یارییه‌ش بۆ هه‌ردوو یانه‌ گرنگى خۆى هه‌یه‌، له‌ پیرمامیش یانه‌ى پێشمه‌رگه‌ى هه‌ولێری پاڵه‌وانى وه‌رزى رابردووی خوله‌كه‌ له‌سه‌ر یاریگاى خۆى و له‌به‌رده‌م هانده‌رانى یانه‌كه‌ به‌ راهێنه‌رایه‌تى سه‌میربابۆى راهێنه‌ر میواندارى یانه‌ى شێروانه‌ى كه‌لار ده‌كات، كوڕانى سه‌میر بابۆ ده‌یانه‌وێ له‌ یه‌كه‌م یاریدا خۆیاندا به‌ ئاست و به‌ ئه‌نجامى بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ یاریگا بۆ ئه‌وه‌ى باڵا ده‌ستى خۆیان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای خوله‌كه‌ پێشان بده‌ن، كوڕانى شێروانه‌ى گه‌رمیانیش به‌ ئاماده‌كارییه‌كى چڕ و تۆكمه‌وه‌ ڕووبه‌رووى پێشمه‌رگه‌ى خاوه‌ن یاریگا ده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ هه‌ردوو یانه‌ ئاماده‌كارى باش و چاویان له‌وه‌یه‌ سێ خاڵى یارییه‌كه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان یه‌ك لاى ببێته‌وه‌، له‌ قه‌زاى رواندزیش له‌سه‌ر یاریگاى گه‌رده‌ گه‌رد هه‌ردوو یانه‌ى سۆران و نه‌ورۆزى سلێمانى له‌ یارییه‌كى گرنگدا رووبه‌رووى یه‌كترى ده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌م یارییه‌ش یاریزانانى یانه‌ى سۆران كه‌ ئه‌مساڵ سه‌ركه‌وتوونه‌ بۆ خولى نایاب ده‌یانه‌وێ ژماره‌یه‌كى گه‌وره‌ بن له‌ خوله‌كه‌، یانه‌ى نه‌ورۆزیش ده‌یه‌وێت به‌ ئه‌نجامى شایسته‌وه‌ بگه‌رێته‌وه‌ شارى سلێمانى سه‌ركه‌وتنیش له‌م یارییه‌ بۆ هه‌ردوو یانه‌ گرنگى و تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌، له‌ شارى سلێمانیش یانه‌ى سیروانى نوێ له‌سه‌ر یاریگاى خۆى میواندارى یانه‌ى زێره‌ڤانى شارى دهۆك ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ش یاریزانانى هه‌ردوو یانه‌ ئاماده‌كارییه‌كى زۆریان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ئه‌نجامێكى شایسته‌ ده‌سته‌به‌ربكه‌ن، سیروانى نوێ ده‌یه‌وێت به‌ كوڕانى شار سێ خاڵ به‌ده‌ست بهێنێ، زێره‌ڤانیش ده‌یه‌وێت له‌ یه‌كه‌م تاقی كردنه‌وه‌ زه‌نگى مه‌ترسی بۆ یانه‌كانى تر لێبدات، له‌ قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخانیش یانه‌ى خاوه‌ن یاریگامیوانداری یانه‌ى دهۆك ده‌كات، بۆ ئه‌م یارییه‌ش یاریزانانى هه‌ردوو یانه‌ له‌ ده‌ستپێكى خوله‌كه‌ چاویان له‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانن ئاست و ئه‌نجامى شایسته‌ پێشكه‌ش بكه‌ن، راهێنه‌رانى هه‌ردوو یانه‌ش چاویان له‌ سێ خاڵى یارییه‌كه‌یه‌، یانه‌ى زاخۆش ئه‌م هه‌فته‌یه‌ چاوه‌ڕوان ده‌بێ له‌ خوله‌كه‌، سه‌رجه‌م یارییه‌كانیش له‌كاتژمێر 3ى دواى عه‌سر به‌رێوه‌ده‌چێت.


Top