به‌ گشتى وه‌رزش زۆر پشتگوێ خراوه‌

به‌ گشتى وه‌رزش زۆر پشتگوێ خراوه‌
كانیاو عومه‌ر یاریزانى تۆپى ده‌ستى یانه‌ى هه‌ولێر
به‌ گشتى وه‌رزش زۆر پشتگوێ خراوه‌
تیپى تۆپى ده‌ستى كچانى یانه‌ى هه‌ولێر یه‌كێكه‌ له‌و تیپانه‌ى كه‌ له‌ سه‌ر ئاستى عێراق و كوردستان گرنگى به‌ یارییه‌كانى كچان ده‌دات، یانه‌كه‌ش به‌ ئامانجى پێشخستنى ئاستى یاریى تۆپى ده‌ستى له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر تیپێكى تۆكمه‌ى پڕ له‌ یاریزانى به‌تواناى له‌ یانه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا به‌م كچه‌ یاریزانانه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌نجامى شایسته‌ بكات له‌ خولى تۆپى ده‌ستى نایابى كوردستان و عێراق ، كانیاو عومه‌ر یه‌كێكه‌ له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ و له‌دایكبووى ساڵى 1990ى پێشووتریش بۆ هه‌ریه‌ك له‌ یانه‌كانى كۆیه‌ و ئه‌كاد و ئافره‌تانى هه‌ولێر یارى كردووه‌ ئێستا له‌ یانه‌ى هه‌ولێر درێژه‌ به‌ كاروانى وه‌رزشیى ده‌دات، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد و ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*هاتنت بۆ نێودونیاى وه‌رزش پێشوه‌خته‌ بوو، یاخود هه‌ر به‌ رێكه‌وت روت له‌م جیهانه‌ كرد؟
-هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ خولیاى وه‌رزشكردنم هه‌بوو، له‌ قۆناخى سه‌ره‌تایی بوومه‌ یاریزانى باله‌ كه‌ له‌ نێوان قوتابخانه‌كان یاری ده‌كرا، له‌ نێو قوتابخانه‌ و له‌ خوله‌كانیش ئاستى باشم پێشكه‌ش ده‌كرد.
*بۆچى له‌ ناو هه‌موو یارییه‌ وه‌رزشیه‌ سه‌ڕنجت بۆ یارى تۆپى ده‌ستى بوو؟
-من سه‌ره‌تا یاریزانى باله‌ بوو له‌ یانه‌ى كۆیه‌ تا ساڵى 2009، دواتر هاتمه‌ شارى هه‌ولێر بووه‌ یاریزانى تۆپى ده‌ست و خۆم عاشقی هه‌موو یارییه‌كان بووم زۆربه‌ى یارییه‌كانیشم ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام دواجار تۆپى ده‌ستى بۆ من له‌ هه‌مووی باشتر بوو.
* ئاستى یاری تۆپى ده‌ستى له‌ سه‌ر ئاستى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ چ ئاستێكه‌؟
- ئه‌وه‌ى راستى بێت زۆر باش نییه‌، به‌ڵام له‌ چاو شاره‌كانى تر كوردستان باشتره‌ به‌ گشتى.
*ئه‌ى له‌ سه‌ر ئاستى كوردستان؟
-به‌راستى به‌ گشتى وه‌رزش زۆر پشتگوێ خراوه‌، به‌ڵام تۆپى ده‌ست تۆزێك باشتره‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ى تۆپى باله‌.
*یانه‌ى هه‌ولێر تا چه‌ند گرنگى به‌ یارى تۆپى ده‌ستى كچان ده‌دات؟؟
-به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى زۆر باشه‌، هیواداریشم هیچ جیاوازییه‌ك نه‌كرێ له‌ نێوان یارییه‌كان، ئێمه‌ش وه‌كو یاریزانان چاومان له‌ ده‌ستى كارگێڕى یانه‌كه‌مانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاوكاریمان بكه‌ن چ له‌ رووى مادى چ له‌ رووى مه‌عنه‌وی ئێمه‌ش نازناویان بۆ ده‌هێنین.
*بۆ ئه‌وه‌ى یارى تۆپى ده‌ستى له‌ كوردستان پێشبكه‌وێت چى بكرێت باشه‌؟
-پێویسته‌ هه‌موو سالێم خول بكرێته‌وه‌ له‌ كاتى خۆی، له‌لایه‌ن به‌رپرسانى وه‌رزشی هاوكاری یانه‌كانى كوردستان بكه‌ن به‌گشتى تا بتوانین به‌هه‌موو لایه‌كمان وه‌رزش پێش بخه‌ین له‌ كوردستان به‌تایبه‌تى تۆپى ده‌ست.
*گرفتى ئێوه‌ له‌ یانه‌ى هه‌ولێر له‌ چى ده‌بینى؟
- به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى هیچ گرفتێكمان نییه‌، هه‌ندێ وورده‌ گرفتیش له‌ هه‌موو یانه‌یه‌ك ده‌بێ.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-خه‌ونى وه‌رزشى له‌ كوردستان زۆر كه‌مه‌ به‌دیهاتنى، به‌ڵام هه‌ر خه‌ونم ئه‌وه‌یه‌ بگه‌مه‌ به‌رزترین ئاست له‌ وه‌رزشى كوردستان و عێراق.
* ئامانجت چیه‌ له‌ وه‌رزش كردنت؟
- زیاتر گرنگیدانه‌ به‌ وه‌رزش و به‌ره‌ووپێشچوونى ئاستى خۆم وه‌كو یاریزان، تا له‌توانام بێت خزمه‌تى وه‌رزش ده‌كه‌م.
* به‌ چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامى له‌م یارییه‌؟
- كچه‌ یاریزانى ووڵاتى ئێران سه‌میره‌.
* كاتت چۆن بۆ وه‌رزش داناوه‌؟
-زۆربه‌ى كاتى خۆم بۆ وه‌رزش داناوه‌ .
* چیت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-هیوادارم گرنگى زیاتر به‌تواناى یاریزانان بدرێت، زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ى .



Top