ئاستى یارى تۆپى پێى تا ڕاده‌یه‌ك پێشكه‌وتوونى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌

ئاستى یارى تۆپى پێى تا ڕاده‌یه‌ك پێشكه‌وتوونى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌
شانیا سامان یاریزانى فوتساڵى سیروانى نوێ
ئاستى یارى تۆپى پێى تا ڕاده‌یه‌ك پێشكه‌وتوونى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌
پارێزگاى سلێمانى خاوه‌نى چه‌ندین یانه‌ى به‌توانایه‌ له‌ یارییه‌ وه‌رزشیه‌كان،تیپى فوتساڵى یانه‌ى سیروانى نوێش یه‌كێكه‌ له‌و تیپانه‌ى كه‌ له‌ داهاتوو چاویان له‌ ئه‌نجامى گه‌وره‌یه‌، یانه‌كه‌ش به‌ ئامانجى پێشخستنى ئاستى یاریى فوتساڵ له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى تیپێكى تۆكمه‌ى پڕ له‌ یاریزانى به‌تواناى له‌ یانه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌م وه‌رزه‌ به‌م كچه‌ یاریزانانه‌ بتوانێ كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌نجامى شایسته‌ بكات له‌ خولى فوتساڵى نایابى كوردستان ، شانیا سامان یه‌كێكه‌ له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ و له‌دایكبووى ساڵى 2003ى شارى سلێمانییه‌ ، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد و ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*چۆن یارى فوتساڵت هه‌ڵبژارد؟
-له‌به‌ر حه‌ز و ئاره‌زوویه‌كى زۆرم بۆ تۆپىپ ێى و به‌رده‌وام سه‌یركردنى یارییه‌كانى، بڕیارمدا كه‌وا یارى تۆپى پێى ببێته‌ به‌شێك له‌ ژیانم و سه‌ركه‌وتووبم تێدا.
* ئاستى یارى فوتساڵ چۆن ده‌بینى كه‌ ساڵانه‌ خوڵتان بۆ ده‌كرێته‌وه‌؟
- ئاستى یارى تۆپى پێى تا ڕاده‌یه‌ك پێشكه‌وتوونى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، به‌ڵام وه‌كو پێویست نییه‌، چونكه‌ كردنه‌وه‌ى خول و پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان وه‌كو پێویست نین.
* ئه‌نجامدانى پاڵه‌وانێتى كه‌م تا چه‌ند ده‌بێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ به‌ره‌وو پێش نه‌چێت؟
-كه‌مى خول و پاڵه‌وانێتى خۆی له‌ خۆیدا كێشه‌ى سه‌ره‌كى یاریزانان و ئه‌م یارییه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ چه‌ند سالێك جارێك خول و پاڵه‌وانێتى ئه‌نجام ده‌درێت.
* به‌رده‌وامیتان له‌ مه‌شقه‌كان بۆچى ده‌گه‌رێته‌وه‌؟
-به‌لێ كچانى سیروانى نوێ به‌رده‌وام له‌ مه‌شق و ئاماده‌كارین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر خول و پاڵه‌وانێتیك بێته‌ پێش ئاماده‌بین.
*بۆ پێشكه‌وتنى ئه‌م یارییه‌ چى بكرێت باشه‌؟
-له‌لایه‌ن یانه‌كانه‌وه‌ گرنگى زیاتر به‌ تۆپى پێى كچان بدرێت و پاشان كردنه‌وه‌ى خول و پاڵه‌ونیه‌تى ساڵانه‌ له‌ كاتى خۆیدا كه‌ ئه‌مه‌ وا ده‌كات ئاستى ئه‌م یارییه‌ پێشكه‌وبێت
* گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ڕه‌نگده‌داته‌وه‌؟
-گرفتى ئێمه‌ وه‌كو تۆپى فوتساڵ نه‌بوونى یاریگاى تایبه‌ته‌به‌ یارییه‌كه‌مان كه‌ له‌ ناو شارى سلێمانى یاریگاى تایبه‌ت به‌ فوتساڵ كێشه‌ى گه‌وره‌یه‌ بۆ یانه‌كه‌.
* له‌هیچ یانه‌یه‌ك گرێبه‌ستت پێشكه‌شكراوه‌؟
-نه‌خێر له‌ ئێستادا له‌ سه‌ره‌تاى كاروانى وه‌رزشیم و ده‌مه‌وێ ئاستى باشتر پێشكه‌ش بكه‌م.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتووى خۆت؟
-گرنگى به‌ تواناكانى خۆم بده‌م بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى باشتر پێشكه‌ش بكه‌م له‌ خوله‌كان.
* خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ وه‌كو یاریزان؟
- له‌ داهاتوودا هیواخوازم ببمه‌ یه‌كێك له‌ یاریزانه‌ باشه‌كانى كوردستان و عێراق بۆ ئه‌وه‌ش هه‌وڵى ته‌واو ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى به‌م ئاسته‌ بگه‌م.
*قه‌یرانى دارایی تا چه‌ه‌ند بۆته‌ گرفت بۆ ئێوه‌؟
-قه‌یرانى دارایى كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ یارییه‌كانى تۆپى پێى كاریگه‌رى زۆرى كردۆته‌ ئه‌م یارییه‌.
*گرفتى تۆپى پێى له‌ شارى سلێمانى له‌ چى ده‌بینى له‌ ئاستى كچان؟
-له‌ شارى سلێمانى گرفتى فوتساڵى كچان نه‌بوونى یانه‌ بوو كه‌ پێشووتر ته‌نیا یه‌ك یانه‌ى فوتساڵ هه‌بوو، به‌ڵام جێگاى دڵخۆشیه‌ كه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌ یانه‌ى سیروانى نوێ توانیومانه‌ تیپێكى فوتساڵى كچان دروست بكه‌ین كه‌ گرنگى زۆر بۆ شارى سلێمانى و ده‌وروبه‌ریشى هه‌یه‌.
* ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى به‌ وه‌رزشكاران ده‌كات له‌ كوردستان، سوپاس بۆ بۆ مامۆستا عه‌باسى راهێنه‌ركه‌ له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكى وه‌رزشیم هاوكارم بووه‌.




Top