له‌م وه‌رزشه‌ ئامانجى گه‌وره‌م هه‌یه‌

له‌م وه‌رزشه‌ ئامانجى گه‌وره‌م هه‌یه‌
بێریڤان محه‌ممه‌د راهێنه‌رى له‌شجوانى له‌ حاجیاوا
له‌م وه‌رزشه‌ ئامانجى گه‌وره‌م هه‌یه‌
له‌ ئێستادا له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانى شاره‌كانى كوردستان یارییه‌كانى له‌شجوانى و زوومبا و ئایۆبیك بۆته‌ یه‌كێك له‌و یارییانه‌ى كه‌ خانمان به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو روو له‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م حه‌ز و خولیاكانیان به‌جێ بهێنن، هه‌میش ببنه‌ خاوه‌ن له‌شێكى رێك، له‌ شاره‌كانى كوردستانیش ئه‌م یارییه‌ رۆژ له‌ دواى رۆژ له‌ په‌ره‌سه‌ندن دایه‌ و ئافره‌تانیش به‌ شێوه‌یه‌كى زیاتر له‌ جاران روو له‌ وه‌رزشه‌كه‌ ده‌كه‌ن، له‌ قه‌زاى رانیه‌ش یه‌كێكه‌ له‌م شارانه‌ى كه‌ خانمان زیاتر روو له‌ وه‌رزشى زوومبا و ئایۆبیك له‌ش رێكى و مه‌شقی سوێدی ده‌كه‌ن ، یه‌كێك له‌و ئافره‌ته‌ یاریزانانه‌ش كه‌ راهێنه‌ر و یاریزان و ناوبژیوانه‌ ئه‌ویش بێریڤان محه‌ممه‌د ،ناوبراو وه‌كو یاریزان و راهێنه‌ر له‌م بواره‌ له‌ شارۆچكه‌ى حاجیاوه‌ كارده‌كات له‌ ساڵى 2016راهێنه‌رى چه‌ندین جۆری وه‌رزشه‌، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1995ى حاجیاوا ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌م وه‌رزشه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* هاتنت بۆ ناو ئه‌م وه‌رزشه‌ چۆن بوو؟
- ئامانجى من له‌م وه‌رزشه‌ له‌شێكى ته‌ندروست و به‌هێز بووه‌ كه‌ به‌ زانست و پێشكه‌وتنه‌وه‌ بتوانم ئه‌نجام بده‌م.
* بۆ خانمان ئه‌م وه‌رزشه‌ تا راده‌یه‌ك قورس نییه‌؟
- نه‌خێر به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قورس نییه‌ بۆ ئافره‌ت زیاتر پێویسته‌ له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌، راسته‌ ماندوو بوونێكى زۆر ده‌كه‌ین، به‌ڵام چێژێكى تایبه‌تى هه‌یه‌ ناتوانم لێ ده‌ست به‌رداربم.
* دوو وه‌رزش له‌ یه‌ك كات ده‌كه‌ى هه‌ڵگرتنى قورسیایی و له‌ش جوانى، له‌كامه‌ى سه‌ركه‌وتووتری؟
- راسته‌ من بۆ له‌شجوانى و له‌ش رێكى ئه‌مه‌مم كردوه‌ له‌ كوردستان، له‌شجوانى ناكرێ بۆ ئافره‌تان، به‌ڵام له‌ ساڵى 2017كه‌ توانیمان پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك ساز بكه‌ین له‌ سه‌ر ئاستى سلێمانى خۆشبه‌ختانه‌ توانیم پله‌ى یه‌كه‌م به‌ده‌ستبهێنم، له‌ پاڵه‌وانێتى هێزى له‌شیش له‌ ساڵى 2018له‌ پاڵه‌وانێتى كوردستان پله‌ى یه‌كه‌مم به‌ده‌ستهێنا.
*پێشوازى كردنى ئافره‌تان له‌م یارییه‌ به‌ چ جۆرێكه‌؟
- له‌ ئێستادا له‌ ساڵانى پێشووباشتره‌ ئافره‌تانمان چاو لێك ده‌كه‌ن زۆر باشیش هاتونه‌ته‌ ناو پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-ئێستا له‌ چاو ساڵان به‌ هه‌موو ته‌مه‌نێك و ره‌گه‌زێكه‌وه‌ به‌شدارى له‌م وه‌رزشه‌ ده‌كه‌ن هه‌ر یه‌كه‌وه‌ بۆ شتێك وه‌رزش ده‌كات.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
-پێویسته‌ له‌ رووى تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ چه‌ند سیمینارێك روون بكرێته‌وه‌ و چاڵاكی بكرێت ئافره‌تان ئه‌وه‌ ببینن كه‌ ئه‌م وه‌رزشه‌ زۆر پێویسته‌له‌ گشت روویه‌كه‌وه‌.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-له‌ به‌رنامه‌مه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك زیاتر پێش خستنى ئه‌م وه‌رزشه‌ له‌ رووى هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌وه‌ هاوكاری كردنیان، وه‌ پێشتریش زۆر زانیاریم بۆ چه‌ند هۆلێك بێ به‌رامبه‌ر داوه‌.
*به‌نیازی له‌ چه‌ند پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك به‌شدارى بكه‌ى چاوت له‌ چیه‌؟
- به‌نیازى ئه‌وه‌م له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم به‌شداربم و ئامانجى گه‌وره‌م هه‌یه‌ له‌م وه‌رزشه‌، ده‌مه‌وێ به‌ پاڵه‌وانى بمێنمه‌وه‌.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
- ته‌نیا به‌هه‌له‌ تێگه‌یشتنى هه‌ندێك خه‌ڵك له‌م بواره‌ ، ئه‌گه‌ر نا هیچ گرفتێكى نییه‌ و بێ جیاوازه‌.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-خه‌ونى من له‌م وه‌رزشه‌ ببم به‌ پاڵه‌وانى جیهان و راهێنه‌رێكى سه‌ركه‌وتوو، هه‌رچه‌نده‌ خۆم راهێنه‌رى هه‌ردوو ره‌گه‌زم.
*وه‌كو راهێنه‌رێك به‌نیازى ئه‌وه‌ نیت تیپێكى كچان له‌ شاره‌كه‌تان دروست بكه‌ى؟
-تیپم هه‌یه‌، به‌ڵام یاریزانه‌كانم زۆربه‌یان هێزى له‌ش ده‌كه‌ن، زۆریش هاتوون بۆ به‌شدارى كردن له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان .
*كێ هاوكاریت ده‌كات بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌؟
- خانه‌واده‌كه‌م هیچ كات رێگر نه‌بووه‌، حه‌زم له‌م وه‌رزشه‌ بووه‌ له‌ منداڵیه‌وه‌ هه‌ندێك مه‌شقی سویدیم كردوه‌، له‌ سێزده‌ ساڵیه‌وه‌ جیمناستیكم كردوه‌ ئێستاش ده‌بی كه‌ سه‌ركه‌وتووم.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-سوپاسى ستافى گۆڤاری گوڵان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و دیمانه‌یه‌ به‌هیواى سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وام.
Top