دواكه‌وتنى وه‌رزش و یانه‌كان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى بودجه‌

دواكه‌وتنى وه‌رزش و یانه‌كان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى بودجه‌
كانی كاوه‌ یاریزانى تۆپى ده‌ستى یانه‌ى كۆیه‌
دواكه‌وتنى وه‌رزش و یانه‌كان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى بودجه‌
تیپى تۆپى ده‌ستى یانه‌ى كۆیه‌ یه‌كێكه‌ له‌و تیپانه‌ى كه‌ له‌ سنوری پارێزگاى هه‌ولێر گرنگى به‌ یارییه‌كانى كچان ده‌دات، یانه‌كه‌ش به‌ ئامانجى پێشخستنى ئاستى یاریى تۆپى ده‌ستى له‌ ده‌ڤه‌ری قه‌زاى كۆیه‌ تیپێكى تۆكمه‌ى پڕ له‌ یاریزانى به‌تواناى له‌ یانه‌كه‌ كۆكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا به‌م كچه‌ یاریزانانه‌ كێبڕكێ له‌سه‌ر ئه‌نجامى شایسته‌ بكات له‌ خولى تۆپى ده‌ستى نایابى كوردستان ، كانى كاوه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ و له‌دایكبووى ساڵى 1993ى قه‌زاى كۆیه‌ و قوتابی كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى وه‌رزشییه‌ له‌ زانكۆى كۆیه‌ ته‌نیا له‌ یانه‌ى كۆیه‌ یارى كردوه‌، ناوبراو جگه‌ له‌ یارى تۆپى ده‌ست راهێنه‌رى له‌شجوانى ئافره‌تانیشه‌ له‌ هۆڵه‌ وه‌رزشییه‌كان، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاراسته‌ى كرد و ئه‌ویش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*هاتنت بۆ نێودونیاى وه‌رزش پێشوه‌خته‌ بوو، یاخود هه‌ر به‌ رێكه‌وت روت له‌م جیهانه‌ كرد؟
- هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ حه‌زى وه‌رزشم هه‌بوو له‌ قۆناخى سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندى به‌شدارى هه‌موو چاڵاكییه‌ وه‌رزشیه‌كانى قوتابخانه‌كه‌م كردوه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش بوو له‌ دواى ده‌رچوونم له‌ پۆلى سێ ناوه‌ندی رووم له‌ په‌یمانگاى وه‌رزش كرد ئیستاش قوتابی زانكۆم .
*بۆچى له‌ ناو هه‌موو یارییه‌ وه‌رزشیه‌ سه‌ڕنجت بۆ یارى تۆپى ده‌ستى بوو؟
-من سه‌ره‌تا یاریزانى تۆپى باله‌ بووم بۆ ماوه‌ى چوار ساڵ، به‌ڵام حه‌زم بۆ تۆپى ده‌ست زیاتر بوو له‌ ساڵى 2012تاكو ئێستا یارى تۆپى ده‌ستم له‌ هه‌موو یارییه‌كانى تر پێ خۆشتره‌.
*وه‌كو یاریزان ئاستى یارى تۆپى ده‌ستى له‌چ ئاستێكه‌له‌ شارى كۆیه‌؟
- له‌ ئاستێكى زۆر لاوازه‌ به‌هیوام دووباره‌ په‌ره‌ بدرێته‌وه‌ به‌ تۆپى ده‌ست له‌ شاره‌كه‌م به‌ تایبه‌تى تۆپى ده‌ستى كچان.
* ئه‌ى له‌سه‌ر ئاستى كوردستان چۆنى ده‌بینى؟
-به‌ گشتى له‌ ئاستى كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كى باشى نابینم، به‌هیواى ئه‌وه‌م زیاتر گرنگى و په‌ره‌ى پێ بدرێت خول و پاڵه‌وانیه‌تى زیاتر بكرێته‌وه‌ بۆ یانه‌كان له‌ شاره‌كانى كوردستان.
* له‌ یه‌ك كاتتدا دوو ئه‌رك به‌رێوه‌ ده‌به‌ی هه‌م یاریزان هه‌م ڕاهێنه‌ر له‌كامه‌یان سه‌ركه‌وتوو ترى؟
-هیچ شتێك بێ هه‌وڵ و ماندوو بوون نابێ، به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه‌ كۆڵ نه‌ده‌ى تاكو ده‌گه‌ى به‌وه‌ى مه‌ مه‌به‌ستته‌ من سالێكه‌ ده‌ستم كردوه‌ به‌ راهێنه‌رایه‌تى له‌ فیتنس ئێستا خاوه‌ن په‌یجێكى پوپلیكم له‌ تۆری كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌نستگرام تایبه‌ته‌ به‌ خواردنى ته‌نردوست و رێنمایی كێش دابه‌زین و سه‌رخستن.
*بۆ ئه‌وه‌ى یارى تۆپى ده‌ستى له‌ كوردستان پێشبكه‌وێت چى بكرێت باشه‌؟
-دابینكردنى بودجه‌ ئینجا زیادكردنى خول و پاڵه‌وانیه‌تى، چونكه‌ به‌ گشتى دواكه‌وتنى وه‌رزش و یانه‌كان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى بودجه‌.
*گرفتى ئێوه‌ له‌ یانه‌ى قه‌ڵاى توركمانى له‌ چى ده‌بینى؟
-نه‌بوونى هیچ بودجه‌یه‌ك بۆ تۆپى ده‌ست و كه‌مى یاریزان، بۆیه‌ نه‌مانتوانیوه‌ تا ئێستا به‌رده‌وام بین.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چیه‌ وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-بگه‌م به‌و پله‌ و ئاسته‌ى كه‌ خۆم ده‌مه‌وێت خزمه‌تى وه‌رزش بكه‌م له‌ شاره‌كه‌م.
* ئامانجت چیه‌ له‌ وه‌رزش كردنت؟
- بگه‌م به‌ ئاستى یاریزانه‌ جیهانییه‌كان.
* به‌ چ یاریزانێكى جیهانى سه‌رسامى له‌م یارییه‌؟
- لوران فان یاریزانى هۆڵه‌ندى.
* كاتت چۆن بۆ وه‌رزش داناوه‌؟
-من زۆرترین كاتم بۆ وه‌رزشه‌، ئه‌و رۆژانه‌ى ناتوانم بچم بۆوه‌رزش هه‌وڵده‌ده‌م له‌ ماڵه‌وه‌ مه‌شق بكه‌م، توانیومه‌ هه‌ندێك پێداویستیه‌كان له‌ ماڵه‌وه‌ دابین بكه‌م.
* چیت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-سوپاس بۆ خانه‌واده‌كه‌م هه‌میشه‌ پاڵپشتم بوون و به‌هیواى ئه‌وه‌م نموونه‌یان زۆر بێت، به‌ هه‌موو وه‌رزش دۆستان ده‌لێم هه‌گیز ده‌ست له‌ خه‌ونه‌كانتان هه‌ڵمه‌گرن تا ئه‌و رۆژه‌ى خه‌ونه‌كانتان ده‌كه‌نه‌ راستى، سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ى وه‌رزشكاران.



Top