راز كامه‌ران یاریزانى باسكه‌ى یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان

راز كامه‌ران یاریزانى باسكه‌ى یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان
راز كامه‌ران یاریزانى باسكه‌ى یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان
به‌هیواى ئه‌وه‌م هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ
یانه‌ى ده‌ربه‌ندیخان تاكه‌ یانه‌ى ده‌ڤه‌رى گه‌رمیانه‌ كه‌وا گرنگى به‌رده‌وام به‌ یارییه‌ وه‌رزشیه‌كانى سه‌ر ئاستى كچان ده‌دات به‌ تایبه‌ت له‌ یارى تۆپى باسكه‌ كه‌ ساڵانه‌ به‌رده‌وام مه‌شقی تایبه‌تیان هه‌یه‌ بۆ پێگه‌یاندنى كچه‌ یاریزانان و ئاماده‌كردنیان بۆ پاڵه‌وانێتیه‌كان به‌ هیواى دروستكردنى یاریزانانى به‌توانا بۆ یانه‌كه‌یان، یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ش راز كامه‌رانه‌ ئه‌و له‌ دایك بووى ساڵى 2002ى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخانه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یاریزانه‌ به‌تواناكانى یانه‌كه‌ خاوه‌ن ئاستێكى به‌رزى یارى كردنه‌ له‌ یارى تۆپى باسكه‌ ، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان ئاڕاسته‌ى ڕاژان كرد ئه‌ویش وه‌ڵامى گۆڤارى گوڵانى –دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بى
*له‌نێوان ئه‌م هه‌موو یارییه‌ وه‌رزشیه‌ جۆراوجۆره‌ بۆچى یارى باسكه‌ت هه‌ڵبژارد؟
-هه‌ر له‌ سه‌ره‌تایی ئاشنابوونم به‌ وه‌رزشه‌وه‌ و حه‌ز و خولیایه‌كى تایبه‌م هه‌بووه‌ بۆ یارى باسكه‌ ، جیاواز له‌ یارییه‌كانى تر ، نه‌بوونى تیپێكى كچان بۆ ئه‌م جۆره‌ وه‌رزشه‌ له‌ شاره‌كه‌م هۆكارى سه‌ره‌كى بوو كه‌ روو له‌م یارییه‌بكه‌م.
*چۆن بوو یارى باسكه‌ت هه‌ڵبژارد وه‌كو یاریزان؟
-به‌ رێكه‌وت بوو ئه‌و یارییه‌م هه‌ڵبژارد، دایكیشم پێنج ساڵ یاریزانى باسكه‌ بووه‌ و ده‌رچووى كۆلێژى په‌روه‌رده‌ى وه‌رزش بووه‌، چه‌ند هاورێیه‌كیشم له‌م یارییه‌ بوون تا ئێستاش به‌رده‌وامم له‌م یارییه‌.
*ئاستى یارى تۆپى باسكه‌ى چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان به‌ره‌ووپێش چووه‌ به‌تایبه‌تیش قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان گرنگى زۆر به‌م یارییه‌ ده‌درێت،كچه‌ یاریزانى زۆر به‌تواناشى تێدایه‌ و خولیاى زۆریان بۆ ئه‌م بواره‌ هه‌یه‌.
* چى بكرێت باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئاستى یارى تۆپى باسكه‌ به‌رز بێته‌وه‌ له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
-زیاتر كردنه‌وه‌ى خول و پاڵه‌وانیه‌تى، جگه‌ له‌وه‌ش كردنه‌وه‌ى خولى راهێنه‌رایه‌تى بۆ راهێنه‌ره‌كان بۆ باشتربوون و شاره‌زاتر بوون له‌ مه‌شق و به‌ره‌ووپێشچوونى یاریزان.
*نه‌كردنه‌وه‌ى پاڵه‌وانێتى كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئاستى یاریزانان به‌ گشتى؟
- بێگومان كاریگه‌رى هه‌یه‌، پاڵه‌وانیه‌تى نه‌كرێ یاریزان ئاستى خۆى نزم ده‌بێت، به‌مه‌ش گه‌شه‌ى یاریزان ده‌وه‌ستێ له‌ به‌ره‌ووپێشچوون.
* چى بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى كچان زیاتر روو له‌ وه‌رزش بكه‌ن؟
-پێویسته‌ بۆ وشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ و هه‌وڵى زیاتر بدرێت تا كچان زیاتر بتوانن روو له‌ وه‌رزش بكه‌ن.
* هیواو وئاواتت وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
- هیوا و ئاواتى من یارییه‌كه‌مه‌ و هه‌وڵدانى به‌رده‌وام بۆ باشتركردنى ئاستى خۆم قۆناخ به‌ قۆناخ بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌مه‌وێ پێ بگه‌م.
* به‌رنامه‌ت چییه‌ بۆ داهاتوو؟
-به‌رنامه‌ى من زیاتر بۆ داهاتوو گرنگى دانه‌ به‌ تواناكانى خۆم و هه‌وڵدانى زیاتر و به‌رده‌وام بۆ باشتركردنى ئاستى خۆم و خولیاكانم.
*به‌هیواى ئه‌وه‌نیت هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ تۆش یه‌كێك بێت له‌ یاریزانه‌كانى؟
- بێگومان هه‌ڵبژارده‌ى كوردستان دابمه‌زرێ جێگاى شانازى ئێمه‌یه‌ به‌هیواشم كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ خه‌ون نه‌بێ به‌ڵكو كوردستان وه‌ك هه‌رهه‌ڵبژارده‌یه‌كى تر، چونكه‌ له‌ كوردستان یارى به‌توانا زۆره‌ وه‌كو سه‌رجه‌م وڵاتان، منیش وه‌كو یاریزان هه‌وڵ بده‌م ببمه‌ یاریزانى هه‌ڵبژارده‌كه‌.
*به‌ چ یاریزانێكى یارى باسكه‌ى جیهانى سه‌رسامیت؟
- به‌ یاریزان (james harden)
*له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى تاچه‌ند پشتگیرى وه‌رزشى ئافره‌تان ده‌كرێ؟
-كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی به‌تایبه‌ت ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش بڕوا و پێشوه‌چوونى باش ده‌بینرێ له‌ گرنیگدانى خه‌ڵك به‌ وه‌رزش، یانه‌كه‌ى ئێمه‌ش چه‌ندین كچه‌ یاریزانى به‌توانا بوونى هه‌یه‌، باوكان و دایكان ده‌یان هێینن بۆ یانه‌كه‌ به‌ یارییه‌كه‌یان ئاشنا ده‌كه‌نئه‌مه‌ش جێگاى خۆشحاڵیه‌ بۆ ئێمه‌.
*چى به‌ به‌رپرسانى وه‌رزشیى ده‌لێ له‌ كوردستان؟
-ته‌نها ئه‌وه‌ به‌ به‌رپرسانى وه‌رزشى ده‌لێم كه‌ باسكه‌ش وه‌ك هه‌ر یارییه‌كى دیكه‌ گرنگى خۆى هه‌یه‌ و بگره‌ باسكه‌ له‌ سامانى وه‌رزشیه‌ له‌ كوردستان به‌ تایبه‌ت تیپى زۆر باش هه‌ن كه‌ بتوانرێ گرنگییان پێ بدرێت و خولیان بۆ بكرێته‌وه‌.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤارى گوڵان بۆ ئه‌م پشتگیرییه‌ به‌رده‌وامى له‌ وه‌رزشى ناوه‌خۆ ده‌كات .






Top