شاندى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان به‌ره‌و نه‌رویژ به‌رێكه‌وتن

شاندى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان به‌ره‌و نه‌رویژ به‌رێكه‌وتن
شاندى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان به‌ره‌و نه‌رویژ به‌رێكه‌وتن
ئه‌مڕۆ هه‌ینى 26/7/2019 به‌ مه‌به‌ستى به‌شدارییكردن له‌ پاڵه‌وانیه‌تى (نه‌رواى كه‌پ)، هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى تۆپی پێی كوردستان به‌ره‌و نه‌رویژ به‌رێكه‌وتن، بڕیاریشه‌ رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ 28/7/2019 هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان یه‌كه‌م یارى خۆى له‌ به‌رامبه‌ر تیپى (به‌یروم) ـى نه‌رویژى ئه‌نجام بدات.
هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان له‌ گرووپى یه‌كه‌م یارى ده‌كات
پاڵه‌وانیه‌تى نه‌رواى كه‌پ ساڵانه‌ له‌ مانگى ته‌ممووز ئه‌نجام ده‌درێت و، زیاتر له‌ (60) وڵات له‌سه‌ر ئاستى تیپى ته‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كان له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز به‌شدارى ده‌كه‌ن، له‌ ته‌مه‌نى خوار بیست ساڵى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان به‌شدارى كردووه‌ و، تیپه‌كان به‌سه‌ر (16) گرووپ دابه‌شكراون و هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان له‌ گرووپى یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ تیپه‌كانى (به‌یروم، درۆباك فرۆگن و هاسل لۆرێن) ـى نه‌رویژى یارى ده‌كات.

یارییه‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان به‌ كاتى كوردستان

یه‌كشه‌ممه‌ 28/7/2019 (هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان × درۆباك فرۆگن) كات: 6:25 ـى ئێواره‌.
دووشه‌ممه‌ 29/7/2019 (هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان × هاسل لۆرێن) كات: 11:40 ـى پێشنیوه‌ڕۆ.
سێشه‌ممه‌ 30/7/2019 (هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان × به‌یروم) كات: 12:55 ـى نیوه‌ڕۆ.

شێوازى به‌رێوه‌چوونى پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ چۆنه‌؟

له‌ ته‌مه‌نى خوار بیست ساڵى، كه‌ هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان به‌شدارى تێدا كردووه‌ پێك دێت له‌ (66) تیپ، به‌سه‌ر (16) گرووپ دابه‌شكراون، له‌ هه‌ر گرووپێك دوو تیپ بۆ قۆناغى (32) سه‌رده‌كه‌ون، له‌ قۆناغى (32) ده‌رچوون له‌ یه‌ك دۆڕان ده‌بێت.

ده‌ستكه‌وته‌كانى هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان له‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌

هه‌ڵبژارده‌ى لاوانى كوردستان له‌ ساڵه‌كانى (2012، 2013، 2014 و 2015) به‌شدارى له‌م پاڵه‌وانیه‌تییه‌ كردووه‌، به‌ هۆى خراپى بارى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و شه‌ڕى داعش له‌ ساڵه‌كانى (2016، 2017 و 2018) به‌شدارى نه‌كردووه‌ و، ئه‌مساڵ بۆ پێنجه‌مین جار به‌شدارى ده‌كات و، ده‌ستكه‌وته‌كانیشى به‌مشێوه‌یه‌ى خواره‌وه‌ بووه‌:
• له‌ ساڵى 2012 له‌ قۆناغى (32) ماڵئاوایی كردووه‌.
• له‌ ساڵى 2013 پله‌ى سێیه‌مى به‌ ده‌ستهێناوه‌.
• له‌ ساڵى 2014 پله‌ى دووه‌مى به‌ ده‌ستهێناوه‌.
• له‌ ساڵى 2015 پله‌ى یه‌كه‌مى به‌ ده‌ستهێناوه‌.
نه‌رواى كه‌پ به‌ گه‌وره‌ترین پاڵه‌وانیه‌تى گه‌نجان ده‌ناسرێت، له‌ ساڵى 1972 تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامى هه‌یه‌، ساڵانه‌ زیاتر (2000) یاریزان له‌ هه‌موو ته‌مه‌نه‌ جیاوازه‌كان له‌سه‌ر ئاستى هه‌ردوو ره‌گه‌ز، له‌ (60) وڵات به‌شدارى تێدا ده‌كه‌ن.
Top