تا ئێستاش كه‌سانى وه‌ك ئێمه‌ رووبه‌رووى زۆر ئاسته‌نگى ده‌بێته‌وه‌

تا ئێستاش كه‌سانى وه‌ك ئێمه‌ رووبه‌رووى زۆر ئاسته‌نگى ده‌بێته‌وه‌
به‌یان حمه‌عه‌لی راهێنه‌رو ناوبژیوان و یاریزانى له‌شجوانى
تا ئێستاش كه‌سانى وه‌ك ئێمه‌ رووبه‌رووى زۆر ئاسته‌نگى ده‌بێته‌وه‌
له‌ ئێستادا له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانى شاره‌كانى كوردستان یارییه‌كانى له‌شجوانى و زوومبا و ئایۆبیك بۆته‌ یه‌كێك له‌و یارییانه‌ى كه‌ خانمان به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو روو له‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م حه‌ز و خولیاكانیان به‌جێ بهێنن، هه‌میش ببنه‌ خاوه‌ن له‌شێكى رێك، له‌ شاره‌كانى كوردستانیش ئه‌م یارییه‌ رۆژ له‌ دواى رۆژ له‌ په‌ره‌سه‌ندن دایه‌ و ئافره‌تانیش به‌ شێوه‌یه‌كى زیاتر له‌ جاران روو له‌ وه‌رزشه‌كه‌ ده‌كه‌ن،سنوری پارێزگای سلێمانیش یه‌كێكه‌ له‌م شارانه‌ى كه‌ خانمان زیاتر روو له‌ وه‌رزشى زوومبا و ئایۆبیك ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و ئافره‌ته‌ یاریزانانه‌ش كه‌ هه‌م راهێنه‌ر و هه‌میش یاریزانه‌ ئه‌ویش به‌یان حه‌مه‌عه‌لی،ناوبراو وه‌كو یاریزان و راهێنه‌ر له‌م بواره‌ له‌ قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان كار ده‌كات، ناوبراو له‌دایك بووى ساڵى 1975ى ده‌ربه‌ندیخان ناوبراویش له‌ دواین پاڵه‌وانیتى له‌ ووڵاتى ئێران سێ مه‌دالیاى به‌ده‌ستهێناوه‌ ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌م وه‌رزشه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* هاتنت بۆ ناو ئه‌م وه‌رزشه‌ چۆن بوو؟
-سه‌ره‌تا ته‌نها یارى ئایرۆبیكم ده‌كرد، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ هۆڵى له‌شجوانى ئه‌و یارییه‌م ده‌كرد، ئاره‌زوم بۆ یاری ئاسن زیادى كردو زیاتر په‌ره‌م به‌ یارى ئاسندا.
* بۆ خانمان ئه‌م وه‌رزشه‌ تا راده‌یه‌ك قورس نییه‌؟
- نه‌خێر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى مه‌یلم بۆ یارییه‌كه‌ زۆر بووه‌، بۆته‌ به‌شێكى گرنگى ژیانم.
* دوو وه‌رزش له‌ یه‌ك كات ده‌كه‌ى هه‌ڵگرتنى قورسیایی و له‌ش جوانى، له‌كامه‌ى سه‌ركه‌وتووتری؟
- له‌ راستیدا جیاوازن، راسته‌ هه‌ردوو به‌ یارى ئاسن ده‌كرێت، به‌ڵام به‌رنامه‌ و جۆرى یارییه‌كان زۆر جیاوازن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى خاوه‌ن هێزێكى باشم پێم خۆشبووه‌ وه‌ك ئافره‌تێك ئێمه‌ش به‌شدارى پاڵَه‌وانیه‌تیه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام خۆم زیاتر ئاره‌زووم له‌شجوانییه‌.
*پێشوازى كردنى ئافره‌تان له‌م یارییه‌ به‌ چ جۆرێكه‌؟
- تا ئێستاش كه‌سانى وه‌ك ئێمه‌ رووبه‌رووى زۆر ئاسته‌نگى ده‌بێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م یارییه‌ بۆ ژنان نوێیه‌ له‌ كوردستان، بۆیه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ به‌ده‌ستمان هێناوه‌ ئاسان نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئێستا پێشوازییه‌كه‌ى باشه‌.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-سوپاس بۆ خوا له‌ ئێستادا زۆر باشه‌ بۆ پێشه‌وه‌ ده‌چێ به‌ هیمه‌تى یه‌كێتى له‌شجوانى سلێمانى و هه‌ردوو یه‌كێتى هێزى له‌شى سلێمانى و كوردستان له‌ هه‌وڵى زۆردان بۆ ئه‌وه‌ى ئافره‌تانیش بۆ پێشه‌وه‌ ببه‌ن سوپاسیان ده‌كه‌ین.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
-پێویسته‌ متمانه‌ى ته‌واو بده‌ین به‌م یارییه‌، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش كه‌سانێكى زۆر و ئافره‌تانى زۆر ترسیان له‌ تێكچوونى جه‌سته‌یان هه‌یه‌ به‌هۆى ئه‌و یارییه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌ چونكه‌ یارى له‌شچوانى به‌ده‌ر له‌وه‌ى له‌شولارێكى رێك و جوان ده‌به‌خشێت ده‌بێـه‌ هۆى ته‌ندروستى زۆر باشتریش بۆ یاریزان.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-ئه‌مه‌وێ كچانێك بهێنمه‌ نێو پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانه‌وه‌ چه‌ندین جاریش له‌ رێگاى ئه‌كاونتى خۆمه‌وه‌ داوام كردوه‌ كه‌ هاوكاری هه‌ر ئافره‌تێك ده‌كه‌م بیه‌وێ به‌شدارى پاڵه‌وانێتى بكات، هه‌روه‌ها به‌نیازى دروست كردنى گروپێكى پاسكیلسوارى كچان بووین، به‌داخه‌وه‌ هیچ لایه‌نێك هاوكامان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر خزمه‌ت بكه‌ین له‌م بواره‌دا.
*به‌نیازی له‌ چه‌ند پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك به‌شدارى بكه‌ى چاوت له‌ چیه‌؟
- چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌م به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ ئێستادا خۆم بۆ پاڵه‌وانێتى ئێران خۆم ئاماده‌ ده‌كه‌م له‌رێگه‌ى یه‌كێتى هێزى له‌شى كوردستان، به‌رنامه‌شم هه‌یه‌ به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ى عێراق بكه‌م.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
- سوپاس بۆ خوداى گه‌وره‌ له‌ ئێستادا گرفته‌كان به‌ره‌وو كه‌م بوونه‌وه‌ ده‌چن له‌به‌ر هۆكارى كۆڵندانى ئێمه‌،به‌ڵام وه‌كو سپۆنسه‌ر له‌ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كاندا ئافره‌ت وه‌كو پیاو سپۆنسه‌ر ناكرێت هیوادارم ئه‌م جیاكارییه‌ش نه‌بینرێ.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-خه‌ونم ئه‌وه‌یه‌ به‌شدارى پاڵه‌وانێتى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بكه‌م، هه‌روه‌هاكه‌سانێك له‌دوای ئێمه‌وه‌ فێر ببن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو كات ئافره‌ت بۆ پێشه‌وه‌ ببه‌ن له‌م یارییه‌.
*وه‌كو راهێنه‌رێك به‌نیازى ئه‌وه‌ نیت تیپێكى كچان له‌ شاره‌كه‌تان دروست بكه‌ى؟
-به‌هیوام ژنانێك بێنه‌ پێشه‌وه‌ به‌بێ دابڕان بۆ ئه‌وه‌ى تیپێكى تۆكمه‌ دروست بكه‌ین هه‌موو كات له‌ ئاماده‌یی پاڵه‌وانیتیه‌كاندا بن من هه‌موو كات له‌ خزمه‌تى یاریزاناندام.
*كێ هاوكاریت ده‌كات بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌؟
- ره‌نگه‌ خانه‌واده‌كه‌م زیاتر ئاسته‌نگیان بۆ دروست كردبم له‌ هه‌ر ئافره‌تێكى تر، به‌ڵام كاتێك ده‌ستكه‌وته‌كانم ده‌بینن شانازیم پێوه‌ ده‌كه‌ن سوپاسیان ده‌كه‌م.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-سوپاسى ستافى گۆڤاری گوڵان ده‌كه‌م بۆ ئه‌و دیمانه‌یه‌ به‌هیواى سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌وام.

Top