ئه‌م یارییه‌ له‌لای كچان و خانمان به‌ گشتى پێشوازییه‌كى زۆری لێ ده‌كرێت

ئه‌م یارییه‌ له‌لای كچان و خانمان به‌ گشتى پێشوازییه‌كى زۆری لێ ده‌كرێت
لیناسالار راهێنه‌رى له‌شجوانى و زوومبا و ئایۆبیك
ئه‌م یارییه‌ له‌لای كچان و خانمان به‌ گشتى پێشوازییه‌كى زۆری لێ ده‌كرێت
له‌ ئێستادا یارییه‌كانى له‌شجوانى و زوومبا و ئایۆبیك بۆته‌ یه‌كێك له‌و یارییانه‌ى كه‌ خانمان به‌ رێژه‌یه‌كى به‌رچاو روو له‌م یارییه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م حه‌ز و خولیاكانیان به‌جێ بهێنن، هه‌میش ببنه‌ خاوه‌ن له‌شێكى رێك، له‌ شاره‌كانى كوردستانیش ئه‌م یارییه‌ رۆژ له‌ دواى رۆژ له‌ په‌ره‌سه‌ندن دایه‌ و ئافره‌تانیش به‌ شێوه‌یه‌كى زیاتر له‌ جاران روو له‌ وه‌رزشه‌كه‌ ده‌كه‌ن، شارى سلێمانیش یه‌كێكه‌ له‌م شارانه‌ى كه‌ خانمان زیاتر روو له‌ وه‌رزشى زوومبا و ئایۆبیك ده‌كه‌ن،، یه‌كێك له‌و كچه‌ یاریزانانه‌ش كه‌ هه‌م راهێنه‌ر و هه‌میش یاریزانه‌ ئه‌ویش لینا سالار،ناوبراو وه‌كو یاریزان و راهێنه‌ر له‌م بواره‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى كار ده‌كات له‌دایك بووى ساڵى 1998ى سلێمانییه‌ ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد سه‌باره‌ت به‌م وه‌رزشه‌، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* هاتنت بۆ ناو ئه‌م وه‌رزشه‌ چۆن بوو؟
-سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنم به‌ وه‌رزشى له‌شجوانى ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ براكه‌م كه‌ هه‌میشه‌ خه‌ریكى ئه‌م وه‌رزش بوو، دواتر هه‌ولیدا هۆلێكى له‌شجوانى دانێ كه‌ تێیادا به‌رده‌وام منیش مه‌شقم ده‌كرد تا ئه‌و كاته‌ى گه‌یشتمه‌ ئاستێك بووم به‌ راهێنه‌رى ئه‌م وه‌رزشه‌.
* بۆ خانمان ئه‌م وه‌رزشه‌ تا راده‌یه‌ك قورس نییه‌؟
- ده‌توانم بلێم وه‌رزشێكى چێژ به‌خشه‌ نه‌ك قورس.
* دوو وه‌رزش له‌ یه‌ك كات ده‌كه‌ى هه‌ڵگرتنى قورسیایی و له‌ش جوانى، له‌كامه‌ى سه‌ركه‌وتووتری؟
-راسته‌ دوو جۆر وه‌رزش ده‌كه‌م هه‌ڵگرتنى قورسایی و له‌شجوانى، وه‌ له‌ قورسایی له‌ پاڵه‌وانیتى كوردستان ئه‌نجامى باشم به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام خۆم زیاتر له‌ یارییه‌كانى زوومبا و ئایوبیك سه‌ركه‌وتووم.
*پێشوازى كردنى ئافره‌تان له‌م یارییه‌ به‌ چ جۆرێكه‌؟
-به‌ خۆشحاڵیه‌وه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م یارییه‌ له‌لای كچان و خانمان به‌ گشتى پێشوازییه‌كى زۆری لێ ده‌كرێت له‌ هه‌موو شاره‌كانى كوردستان.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-خۆشبه‌ختانه‌ له‌ كوردستان ئه‌م یارییه‌ له‌ ئاستێكى به‌رزدایه‌ و به‌رده‌وام له‌ به‌ره‌ووپێشچووندایه‌.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
-پێویسته‌ ئه‌م یارییه‌ زیاتر به‌ره‌ووپێشببرێت، هاوكاری خانمان زیاتر بكرێت و پێویستیه‌كانیان بۆ دابین بكرێت.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-وه‌كو راهێنه‌رێك به‌رنامه‌م ئه‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام بم له‌م وه‌رزشه‌ و گرنگى زیاتر بده‌م به‌ خۆراك و جه‌سته‌م، وه‌ خزمه‌تكردنم به‌م وه‌رزشه‌.
*به‌نیازی له‌ چه‌ند پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك به‌شدارى بكه‌ى چاوت له‌ چیه‌؟
- به‌نیازى ئه‌وه‌م به‌شدارى چه‌ند پاڵه‌وانییه‌ك بكه‌م و چاوم له‌ سه‌ركه‌وتنه‌.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
- گرفتى زۆرى ئه‌م یارییه‌ له‌وه‌دایه‌، به‌داخه‌وه‌ لاى هه‌ندێك خه‌ڵك تێڕوانینى هه‌له‌ى بۆ ده‌كه‌ن،وه‌گرفتێكى به‌رچاو لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ یارى له‌شجوانى و قورسایی تێكه‌ڵ به‌ یه‌ك ده‌كه‌ن,
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-له‌ داهاتوو ببمه‌ ئه‌ستێره‌ى دیار وسه‌ركه‌وتووی ئه‌م یارییه‌.
*وه‌كو راهێنه‌رێك به‌نیازى ئه‌وه‌ نیت تیپێكى كچان له‌ شاره‌كه‌تان دروست بكه‌ى؟
-زۆر به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌م تیپێكى كچانى چاڵاكى له‌ سلێمانى دروست بكه‌م.
*كێ هاوكاریت ده‌كات بۆ ئه‌م وه‌رزشه‌؟
-سوپاسێكى زۆرى خانه‌واده‌كه‌م بكه‌م به‌گشتى، وه‌ برایه‌كه‌م به‌تایبه‌تى كه‌ هه‌میشه‌ هاوكار و یارمه‌تیده‌رێكى گه‌وره‌م بووه‌.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-داوا له‌ خێزانه‌كان ده‌كه‌م رێكه‌ به‌ كچه‌كانیان بده‌ن بۆ هاتنه‌ نێو وه‌رزش و ده‌رخستنى تواناكانیان خانمانیش ده‌توانن ئه‌نجامى باشیان هه‌بێت، زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ پشتگیری كردنى وه‌رزشكاران.

Top