هیچ شتێك قورس نییه‌ مرۆڤ ئه‌وه‌ى بیه‌وێت ده‌توانێ به‌ده‌ستى بێنێت

هیچ شتێك قورس نییه‌ مرۆڤ ئه‌وه‌ى بیه‌وێت ده‌توانێ به‌ده‌ستى بێنێت
سانا ساڵح راهێنه‌رى له‌شجوانى له‌ قه‌زاى سه‌ید سادق
هیچ شتێك قورس نییه‌ مرۆڤ ئه‌وه‌ى بیه‌وێت ده‌توانێ به‌ده‌ستى بێنێت
یارى له‌شجوانى و هێزى له‌ش بۆ ئافره‌تان تاڕاده‌یه‌ك یارییه‌كى تازه‌یه‌ بۆ ئافره‌تانى كوردستان، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوودا ببێته‌ یه‌كێك له‌م یارییانه‌ى كه‌ ئافره‌تانى وه‌رزشكار به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر له‌م یارییه‌ بكه‌ن، به‌رپرسانى وه‌رزشى ئه‌م یارییه‌ش هه‌وڵ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ و دروست كردنى پاڵه‌وانى ئافره‌ت ده‌كه‌ن له‌ وه‌رزشى هێزى له‌ش له‌ ماوه‌ى رابردووش پاڵه‌وانێتى هێزى له‌ش بۆ خانمان رێكخرا، له‌م پاڵه‌وانیه‌تیه‌ش چه‌ندین كچه‌ یاریزانى وه‌رزشكاری ئه‌م یارییه‌ به‌شدارییان تێدا كردبوو كێبڕكێی ئه‌نجامی باشیان ده‌كرد، یه‌كێك له‌و كچه‌ یاریزانانه‌ش سانا ساڵح بوو، ناوبراو ماوه‌ى چه‌ند سالێكه‌ هه‌ردوو یارى له‌ش جوانى و هێزی له‌ش ده‌كات وه‌كو راهێنه‌ر و یاریزان و له‌دایك بووى ساڵى 1998ى قه‌زاى سه‌یدسادق له‌ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* چۆن بوو ئه‌م وه‌رزشه‌ت هه‌ڵبژارد؟
-ئامانجى من له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌م وه‌رزشه‌، ته‌نها له‌شێكى جوان و ته‌نردوست بووه‌ كه‌ به‌شێوازێكى ته‌ندروست كێشم سه‌رخه‌م.
* هه‌ست ناكه‌ى وه‌رزشێكى قورست هه‌ڵبژاردووه‌؟
-گه‌یشتن به‌ هه‌ر ئامانجێكى گه‌وره‌، بێگومان سه‌ختى و ناره‌حه‌تى ده‌وێ، راسته‌ وه‌رزشه‌كه‌م قورسه‌ و ماندووم ده‌كات، به‌ڵام شرینى ئه‌و ماندووبونه‌ كاتێ ده‌بینم پۆشاكێك له‌به‌ر ده‌كه‌م جوانه‌ لێم یان ده‌ست ده‌ده‌م شتێك گرفتم بۆ نییه‌ قورس نییه‌ له‌ لام ئه‌وه‌ش دڵخۆشم ده‌كات.
* دوو وه‌رزش له‌ یه‌ك كات ده‌كه‌ى هه‌ڵگرتنى قورسیایی و له‌ش جوانى، له‌كامه‌ى سه‌ركه‌وتووتری؟
-كاتێك من ده‌ستم به‌م یارییه‌ كرد سه‌ره‌تا بۆ بوون به‌ خانمێكى بۆدی بویلده‌ر ده‌ستم دایه‌ ئه‌م یارییه‌، به‌ڵام له‌م چه‌ند مانگه‌ى پێشوو بیرم كرده‌وه‌ گه‌ر بمه‌وێت ببمه‌ ئه‌ستێره‌ و كچانێك بێنمه‌ ناو ئه‌م یارییه‌ ده‌بێ پاڵه‌وانیه‌تى هه‌بێت به‌هۆى كلتور و ئاینى ئێمه‌وه‌ كه‌ رێگا به‌و نادات كه‌ ئافره‌ت عه‌رزی خۆى بكات به‌ رووى و بچێته‌ پاڵه‌وانیه‌تى له‌شجوانى(بۆدی بویلدینگ)بۆیه‌ له‌ هه‌مان كات بڕیارم دا وه‌رزشیى قورسایش بكه‌م. ده‌توانم بلێم له‌ هه‌ردووكیان سه‌ركه‌وتووم، چونكه‌ خۆم قوه‌یه‌كى ناوه‌كى له‌ خۆم به‌دی ده‌كه‌م.
*هه‌ست ناكه‌ى ئه‌م یارییه‌ له‌ ئاستى كچان به‌ شێوه‌یه‌كى باش پێشوازى لێنه‌كراوه‌ له‌ شاره‌كان؟
- به‌لێ راسته‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و شۆشیال میدیا كۆمه‌لێ ئافره‌تی بیانی ده‌بینین خاوه‌ن له‌شێكى شێوه‌ پیاویان هه‌یه‌ كچانێ كه‌ زانیارییان نییه‌ وا ئه‌زانن وات لێ دێ به‌ یاری ئاسن نازانن هۆكاری ئه‌و جۆره‌ له‌شانه‌ ته‌نها هۆرمۆنى تیستێرۆنۆ ده‌رزییه‌، وه‌ خێزانیش رۆڵى هه‌یه‌ له‌ ناردنه‌ ناو ئه‌م وه‌رزشه‌.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-سوپاس بۆخودای گه‌وره‌ له‌م ساڵانه‌ى دوایی دا چ له‌ ئاستى پیاوان چ له‌ ئاستى ئافره‌تان پێشوازییه‌كى زۆرى لێكراوه‌ به‌گشتى، من وه‌ك راهێنه‌ر ده‌توانم بلێم گه‌نج و پیر به‌ شێوه‌یه‌كى باش روویان لێ كردووه‌ له‌ چاو ساڵانى پێشوو.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
-پێویسته‌ خانمان له‌ رێگه‌ى رێكخستنى كۆڕ و سیمیناره‌وه‌ بۆیان بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ندێك شت لایان روون بێته‌وه‌ نه‌ترسن له‌م وه‌رزشه‌، وه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر راهێنه‌ران كه‌سانى پێشكه‌وتوو له‌م بواره‌ تواناكانیان ده‌ربخه‌ن تا كچان چاویان لێ بكه‌ن و روو بكه‌نه‌ ئه‌م وه‌رزشه‌ پیرۆزه‌.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-له‌داهاتوودا ده‌مه‌وێ له‌ رووى داراییه‌وه‌ گه‌ر خواى گه‌وره‌ هاوكار بێت، هاوكارى كچان و وه‌رزشكاران بكه‌م وه‌رزش به‌ره‌وو پێش ببه‌م له‌ ئاستى خۆمه‌وه‌ و كردنه‌وه‌ى كۆڕ و سیمینار بۆ هۆشیار كردنه‌وه‌ى تاك له‌ وه‌رزشكردن.
*به‌نیازی له‌ چه‌ند پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك به‌شدارى بكه‌ى چاوت له‌ چیه‌؟
-له‌ پاڵه‌وانێتى عێراق و پاڵه‌وانیه‌تیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌شدارى بكه‌م وه‌كو هێزى له‌ش و ئه‌نجامى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنم.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
- ته‌نها هه‌له‌ تێگه‌یشتنى هه‌ندێك كه‌سه‌، ئه‌گه‌ر نا هیچ گرفێكى ئه‌و تۆى نییه‌.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-خه‌ونى وه‌رزشى من ئه‌وه‌یه‌ وه‌ك دادوه‌ری له‌شجوانى كوڕان كاربكه‌م له‌ كوردستان و عێراق و پاڵه‌وانیه‌تیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى خانمان، وه‌ ببمه‌ راهێنه‌رێكى سه‌ركه‌وتووی كوڕان وكچان.
*خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن؟
-خانه‌واده‌ى من سه‌ره‌تا زۆر رازی نه‌بوون به‌تایبه‌ت هاوسه‌رم، به‌ڵام توانیم به‌لێهاتوویی خۆم متمانه‌ى پێ بكه‌م ئێستا شانازیم پێوه‌ ده‌كان و یه‌كێكه‌ له‌ یاریزانه‌ كوڕه‌كانم كه‌ تا ئێستا به‌ كۆرسی من یارى ده‌كات.
*وه‌كو راهێنه‌رێك به‌نیازى ئه‌وه‌ نیت تیپێكى كچان له‌ ده‌ڤه‌ری شاره‌زوور دروست بكه‌ى؟
-نیازى ئه‌وه‌م هه‌یه‌ تیپێك دروست بكه‌م له‌ هێزى له‌ش به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان بكه‌ین به‌ ناوى قه‌زای سه‌ید سادق
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-هیچ شتێك قورس نییه‌ مرۆڤ ئه‌وه‌ى بیه‌وێت ده‌توانێ به‌ده‌ستى بێنێت، راسته‌ ماندوو ده‌بێ به‌ربه‌ست دێته‌ رێ قسه‌ ده‌كرێ، به‌ڵام شیرینه‌كه‌ى ئه‌و كات ده‌بینى كه‌ تۆ گه‌یشتووی به‌ خه‌ونه‌كه‌ت له‌ هه‌ر بوارێك هه‌وڵى بۆ بده‌ سه‌ركه‌وتوده‌بی، سوپاس بۆ گۆڤارى گۆڵان بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى به‌ وه‌رزشكارانى شاره‌كانى ده‌كات.


Top