بەفەرمی چێڵسی فرانک لامپاردی وەک راهێنەری نوێی دیاریکرد

بەفەرمی چێڵسی فرانک لامپاردی وەک راهێنەری نوێی دیاریکرد
ئەمرۆ پێنج شەممە بەفەرمی یانەی چێڵسی ئینگلیزی گرێبەستکردنی لەگەڵ فرانک لامپارد واژۆکرد، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتووی سەرپەرشتی مەشق و راهێنانی یانەکە بکات.

چێڵسی لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو یاریزانەی پێشووی یانەکە راگەیاندووە.

دوای وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانە لەندەنییەکە لامپاردی 41 ساڵ گوتی، شانازییەکی گەورەیە دەگەڕێمەوە چێڵسی و دەبمە راهێنەری یانەکە، هەمووان لە خۆشەویستی من بۆ یانەکە تێدەگەن و دەزانن کە مێژووم لەگەڵ یانەکە چییە، بەڵام ئێستا هەموو بیرکردنەوەم لەسەر ئەرکی یەکەمم دەبێت بۆ ئەوەی خۆمان بەباشی بۆ وەرزی داهاتوو ئامادەبکەین.

لامپارد زیاتر گوتی، من لێرەم بۆ ئەوەی بە جددی کاربکەم و شتی زۆر لەگەڵ یانەکە بەدەستبهێنم، بۆ ئەوەش بەپەرۆشەوە چاوەڕێی دەستپێکردنی ئەرکە نوێیەکەم دەکەم.

فرانک لامپارد پێشتر لە 2001 تاوەکو 2004 لە ریزەکانی یانەی چێڵسی وەک یاریزان یارییکردووە.
Top