خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و وه‌رزشه‌ زیاتر گرنگى پێبدرێت

خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و وه‌رزشه‌ زیاتر گرنگى پێبدرێت
دڵخۆش عه‌بدوللا یاریزان و راهێنه‌رى له‌شجوانى
خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و وه‌رزشه‌ زیاتر گرنگى پێبدرێت
یارى له‌شجوانى و هێزى له‌ش بۆ ئافره‌تان تاڕاده‌یه‌ك یارییه‌كى تازه‌یه‌ بۆ ئافره‌تانى كوردستان، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوودا ببێته‌ یه‌كێك له‌م یارییانه‌ى كه‌ ئافره‌تانى وه‌رزشكار به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر له‌م یارییه‌ بكه‌ن، له‌ ماوه‌ى رابردوو پاڵه‌وانێتى هێزى له‌شى یانه‌كان و هۆڵه‌كانى شاره‌كانى كوردستان به‌رێوه‌چوو، له‌م پاڵه‌وانیه‌تیه‌ش چه‌ندین كچه‌ یاریزانى وه‌رزشكاری ئه‌م یارییه‌ به‌شدارییان تێدا كردوو كێبڕكێی ئه‌نجامی باشیان ده‌كرد، یه‌كێك له‌و كچه‌ یاریزانانه‌ش دڵخۆش عه‌بدوللا بوو، ناوبراو ماوه‌ى چه‌ند سالێكه‌ هه‌ردوو یارى له‌ش جوانى و هێزی له‌ش ده‌كات و له‌دایك بووى ساڵى 1991ى قه‌زاى رانییه‌ ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیارێكمان لێكرد، ئه‌ویش وه‌ڵامى سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانى گۆڤاری گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌: كارزان كانه‌بی
* چۆن بوو ئه‌م وه‌رزشه‌ت هه‌ڵبژارد؟
-هه‌ر له‌ زووه‌ وه‌ خولیاى ئه‌و وه‌رزشه‌ بووم به‌ وه‌رزشێكى جوان و به‌ چێژم بینیوه‌.
* هه‌ست ناكه‌ى وه‌رزشێكى قورست هه‌ڵبژاردووه‌؟
-بێگومان وه‌رزشێكى قورسه‌، به‌ڵام حه‌زم بۆ وه‌رزشه‌كه‌ وایكردووه‌ كه‌ بگونجێم و له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وام بم.
* دوو وه‌رزش له‌ یه‌ك كات ده‌كه‌ى هه‌ڵگرتنى قورسیایی و له‌ش جوانى، له‌كامه‌ى سه‌ركه‌وتووتری؟
-راسته‌ هه‌ڵبژاردنى هه‌ردووك وه‌رزشه‌كه‌ كارێكى سه‌خته‌، به‌ڵام به‌ بۆچوونى خۆم ده‌توانم ئامانجه‌كانم له‌ هه‌ردووك وه‌رزش وه‌ك یه‌ك بپێكم.
*هه‌ست ناكه‌ى ئه‌م یارییه‌ له‌ ئاستى كچان به‌ شێوه‌یه‌كى باش پێشوازى لێنه‌كراوه‌ له‌ شاره‌كان؟
-وه‌كو پێویست پێشوازى لێ نه‌كراوه‌، به‌ڵام گه‌شبینم كه‌ له‌ ئاینده‌دا پێشوازى باشى لێ ده‌كرێت.
*ئاستى ئه‌م یارییه‌ چۆن ده‌بینى له‌ كوردستان؟
-خۆشبه‌خاته‌ له‌و چه‌ند ساڵه‌ى دوایدا ئه‌و وه‌رزشه‌ له‌ كوردستان به‌ره‌ووپێشچوونێكى به‌رچاوى به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.
*چى بكرێت باشه‌ بۆ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تى وه‌رزشكار بۆ نێو ئه‌م یارییه‌؟
-پێویسته‌ دامه‌زراوه‌ وه‌رزشییه‌كان و یه‌كێتیه‌ییه‌ وه‌رزشیه‌كان و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌و وه‌رزشه‌ زیاتر ده‌ستیان كراوه‌ بێت له‌ هاوكاری كردنى یاریزانان و كردنه‌وه‌ى خول و پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان، وه‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ سه‌باره‌ت به‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ى ئافره‌تان بۆ وه‌رزشى له‌ش جوانى.
*به‌رنامه‌ت چیه‌ بۆ داهاتوو وه‌كو كچه‌ یاریزانێك؟
-هه‌وڵدانى من بۆ داهاتوو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بتوانم زیاتر په‌ره‌ به‌ وه‌رزشه‌كه‌م بده‌م.
*به‌نیازی له‌ چه‌ند پاڵه‌وانیه‌تیه‌ك به‌شدارى بكه‌ى چاوت له‌ چیه‌؟
- ئینشاللا له‌ داهاتوودا به‌شدارى پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌م له‌ له‌ش جوانى و هێزى له‌ش.
*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
- به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌م یارییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یارییه‌ تاكه‌كان كه‌متر پاڵپشتى ده‌كرێت.
*خه‌ونى وه‌رزشیت چییه‌ وه‌كو كچه‌ وه‌رزشكارێك؟
-خه‌ونى من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و وه‌رزشه‌ زیاتر گرنگى پێبدرێت و به‌ره‌وو پێشه‌وه‌ بچێت، وه‌ ئافره‌تانیش زیاتر بێنه‌ پێشه‌وه‌ و تواناكانى خۆیان پێشان بده‌ن.
*وه‌كو راهێنه‌رێك به‌نیازى ئه‌وه‌ نیت تیپێكى كچان له‌ رانیه‌ دروست بكه‌ى؟
-ئینشاللا له‌ ئاینده‌دا تیپێكى تایبه‌ت به‌ كچان له‌ شارى رانیه‌ ئاماده‌ده‌كه‌ین بۆ پاڵه‌وانیه‌تیه‌كان.
*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ پشتگیری كردنى وه‌رزشكارانى شاره‌كانى كوردستان.


Top