مێسییه‌كه‌ی ئێران به‌ تۆمه‌تی دەستدرێژیکردنی بۆ سەر 23 ئافره‌ت ده‌ستگیركرا

مێسییه‌كه‌ی ئێران به‌ تۆمه‌تی دەستدرێژیکردنی بۆ سەر 23 ئافره‌ت ده‌ستگیركرا
ره‌زا په‌رستش ئه‌و گه‌نجه‌ ئێرانییه‌ی له‌ شێوه‌ و روخساری زۆر به‌ لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی ئه‌رجه‌نتینی ده‌چێت، له‌ ئێران ده‌ستگیركرا به‌ تۆمه‌تی قۆستنه‌وه‌ی ناوبانگی بۆ سێكسكردن له‌گه‌ڵ 23 ئافره‌ت له‌ ئێران.

بی بی سی و رۆژنامه‌ی ماركای ئیسپانی، ئه‌و هه‌واڵه‌یان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێن: ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ ناوی ره‌زا په‌رستشه‌ ئه‌و لێكچوونه‌ زۆره‌ی خۆی له‌گه‌ڵ مێسی به‌كارهێناوه‌ بۆ هه‌لخه‌ڵه‌تاندنی ده‌یان كچ و ئافره‌تی ئێرانی و سێكسكردن له‌گه‌ڵیان، ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ده‌ڵێن: ره‌زا توانیویه‌تی باوه‌ڕ به‌ 23 ئافره‌ت بكات كه‌ ئه‌و مێسی راسته‌قینه‌یه‌ و سێكسی له‌گه‌ڵ كردوون.

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ 23 ئافره‌ت سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر مێسییه‌كه‌ی ئێران تۆماركردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرابووه‌ كه‌ ساخته‌كاره‌.

ره‌زا په‌رستش، گه‌نجێكی ریش خه‌نه‌ییه‌، ساڵی 2017 باوكی كه‌ بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كوڕه‌كه‌ی زۆر به‌ مێسی ده‌چێت، زۆری لێده‌كات وێنه‌یه‌كی خۆی به‌ درێسی ئه‌رجه‌نتین به‌ ژماره‌ی 10ی تایبه‌ت به‌ مێسی بڵاوبكاته‌وه‌، ره‌زا ئه‌و وێنانه‌ی خۆی بۆ ماڵپه‌ره‌كانی وه‌رزشیی ئه‌لیكترۆنی ده‌نێرێت، به‌ گوێره‌ی قسه‌كانی ره‌زا كه‌ وێنه‌كانی به‌ شه‌و بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ به‌یانی رۆژی دواتر، ئه‌و ماڵپه‌ڕانه‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردووه‌ و داوایان لێكردووه‌ دیداریان له‌گه‌ڵدا بكات،

به‌ر له‌ 2 ساڵیش پۆلیسی ئێران له‌ شاری هه‌مه‌دانی رۆژئاوای ئێران، ره‌زایان ده‌ستگیركرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ره‌زا له‌ هه‌ر شوێنێك بینرابووایه‌ خه‌ڵكێكی زۆر رایانده‌گرت و وێنه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌گرت، ئه‌وه‌ش قه‌ڵه‌باڵغییه‌كی زۆری له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان دروست ده‌كرد و ده‌بووه‌ هۆكاری تێكدانی سیستمی گشتی و به‌ربه‌ست دروستكردن له‌ به‌رده‌م هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتیان.
Top