کۆپا ئەمێریکا .. ئەرژەنتین لە قەتەری بردەوە

کۆپا ئەمێریکا ..  ئەرژەنتین لە قەتەری بردەوە
لە یارییەكانی پاڵەوانێتی كوپا ئەمریكا و لە قۆناغی كۆمەڵەكان و لە گەڕی سێیەم و كۆتایدا هەڵبژاردەی ئەرژەنتین روبەروی هەڵبژاردەی قەتەر بۆوە.

لە نیوەی یەكەمی یارییەكەدا یاریزانانی ئەرژەنتین بە ئاستێكی باش دەركەوتن و بە هێرشكردنە سەر گۆڵی قەتەر دەستیان بە یاریی كردو لە ئەنجامی ئەم فشارانەش لە خولەكی (4)ی یارییەكەدا لاورۆتا مارتینێز گۆڵی پێشكەوتنی بۆ هەڵبژاردەی تانگۆ تۆمار كردو نیوەی یەكەمی یارییەكە بەو ئەنجامە كۆتایهات.

لە نیوەی دوەمی یارییەكەدا یاریزانانی هەلبژاردەی قەتەر هەوڵی زۆریاندا بۆ یەكسانكردنەوەی ئەنجامەكە، بەڵام سەركەوتو نەبون تا لە خولەكی (82) سێرجیۆ ئەگوێرۆ گۆڵی دوەمی بۆ هەڵبژاردەی ئەرژەنتین تۆماركرد.

سەر ئەنجام یارییەكە بە دوگۆڵی بێ وەڵام لەبەرژەوەندی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین كۆتایهات و لیۆنێل مێسی و هاوڕێكانی بە كۆكردنەوەی 4 خاڵ و بە پلەی دوەمی گروپی دوەم سەركەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوی پاڵەوانێتییەكە مسۆگەركرد.

لە یارییەكی دیكەداو لە هەمان كۆمەڵەدا هەڵبژاردەی كۆڵۆمبیا بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی پاراگوای بردەوە و بە یەكەمی كۆمەڵەكەی سەركەوتنی بۆ قۆناغی داهاتو مسۆگەركرد
Top